بابەت: وتار
ئامادەکردنی: برایم فەرشی
ناونیشان: $تڕاژێدی ژیانی قالەمەڕە لە ناو نەتەوەکەیدا!$
قالە مەڕە خۆی گوتەنی لە گوندی #کولیجە# لە دایکبووە، بە مەزندەی خۆی دەبێ 1295ی هەتاوی 1916 هاتبێتە سەر دنیا، بەڵام سجیل نووسی دەورەی ڕەزاشا ڕۆژی یەکی چلەی گەوەرەی زستانی ساڵی 1304واتا 1925 زایینی بۆ دیاری کردووە.
هەرچەند قالە مەڕە کاتی لەدایکبوون، شمشاڵی بە دەستەوه نەبووه, بەڵام هەر ئەو دەمە کە گیانی لە گیانی دایکی گرێدراو بووە، گوێی لە دەنگی شمشاڵی کاک محەمەدی باوکی و مامە سوڵتان و مامە ڕەحمانی و کاکەکانی بووە. ئەوانە شمشاڵژەنی بەناو و دەنگ و لێزان و لێهاتووی مەڵبەندەکە بوون. خۆی دەبێژێ: « ئوستادم خوڵا بووە» ئەوجا ئەم چێرۆکە بە شایەد دەهێنێتەوه:
« منداڵ بووم لە قوڵقوڵەی نزیک عەوڵاباد بۆشایی لێیان گێڕابووینەوه, مەحموودی تەها و غەفورە خڕە شمشاڵێکی سەیریان لێدەدا، منیش ویستم شمشاڵ لێدەم نەیانهێشت. ئەودەم زۆر منداڵ بووم، چوومە نێو قەڵاغە تەپاڵەیەکەوە, دەستم کرد بە گریان، هێندە گریام شەکەت بووم، تەپاڵەیەکم لە بن سەرم ناو له خەوەکەشدا هەر هەنیسکم دەدا، کەسێکم لێ پەیدا بوو، سوور و سپی، هەرای لێکردم:“ عەبدولقادر, عەبدولقادر هەستە, هەستە مەگری، بە گریانی تۆ دار و بەرد وەگریان هاتوون!“ هەستام دەستم بە لێدانێ کرد بە کەس ڕانەدەوەستام! سبەینێ چوومە شایی، بە خودای نە غەفوور دەیوێرا نە مەحموود لەبەرانبەرمدا ڕاوەستن! جا نازانم، یا خوڵا کۆمەکی کردم یا شەیتان! ئەڵبەت شەیتان ناتوانێ شمشاڵ لێدا!» ( وتوێژی قالە مەڕە له گەڵ م.ڕەمەزانی)
دەڵێ: « ناوم قادری عەبدوڵڵازادەیە، شێخ محەمەدی شێخی بورهان ناوی قالە مەڕەی لێنام! لە ماوەی 82 و 83ساڵی تەمەندا، ناڕەحەتی نەما نەیبینم. لەگەڵ #حەسەن زیرەک# ی زۆر بە یەکەوه بووین، ئەو کاتە که لە بەغدا گۆرانی “ لە کووچه و شاری بەغدایە خۆم غەریب و بێگانە خۆم“ی کوت بە یەکەوە بووین! ( وتوێژی قالە مەڕە له گەڵ م.ڕەمەزانی)
هەرچەند مامە قالە زۆر کەم قسە دەکا و قسەکانی له ڕێگای شمشاڵەوە دەگاتە بیسەر، بەو حاڵەش قسەی زۆری لە دڵ دایە و بۆ هەر هەوایەکی کە به شمشاڵەکەی دەیژەنێت، چیرۆکێکی هەیە, ئەو خوی زۆر حەزی لە هەوای “کانەبی خوازه“ ئەوەش چیرۆکێکی نەتەوایەتی کوردییە و زامەکانی کورد دەنوێنێ کە زامەکانی قالە مەڕەشە!
ئەو هەرچەند وەک حەسەن زیرەکی دۆستی سەودای نووسین و خوێندنی نییە، بەڵام مێشک و دڵێکی گەورەی هەیە کە خۆشەویستی وڵات و سرووشت وبەسەرهاتەکانی نەتەوەکەی تێدا جێگا بۆتەوە! قالە مەڕە هەتا تەمەنی 74 ساڵی ژنی نەهێناوە و هەموو خۆشەویستی ژیانی لە شمشاڵ لێدان و گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی گەلەکەی-دا دیتۆتەوه، چیرۆکێک خۆی گوتەنی لە زەمانی ساسانیەکانەوه دەست پێدەکا.
لە وتوێژ لەگەڵ ڕادیۆ #کرماشان# لە ساڵانی 1975دا لە وەڵامی ئەوپرسیارەدا کە بۆ ژنت نەهێناوە دەڵێ:
«$ئەگەر ژنم هێنابا لە شمشاڵەکەم دور دەکەوتمەوە$ »
بەرهەمەکانی لای خۆی دەستەبەندی کراون، لە ئەوینداریەوە بگرە هەتا نەتەوایەتی! لەگەڵ گۆڕینی دەوران ژیانی قالە مەڕه و و شمشالەکەشی گۆرانی بە سەردا هاتووه، ئەو کاتە کە گوڕوتینی لاوتی دڵ و مێشکی گەرم دەکرد، شمشاڵەکەشی ئەستوورتر بووە، ئێستا لەگەڵ پیری خۆی شمشاڵیش کز و لاوازتر بۆتەوە! چیرۆکی قالە مەڕه و شمشاڵەکەی هەم شیرین و هەمیش دڵتەزینە!
« جارێکیان نەخۆش دەکەوێت و لە نەخۆشخانەی شاری #مەراغە# دەکەوێ دوکتور دەڵێت: “ تۆ نەخۆشی سیلت گرتووە و ئەگەر چاکیش بیتەوە لە ڕێگای شمشاڵەکەتەوه دەیگریتەوە، دەبێ شمشاڵەکەت فڕێ بدەی“
قالە مەڕە کە لەگەڵ شمشاڵەکەی گەورە بووه، ناتوانێ لە خۆی دوری خاتەوه، لەورۆژەوه هیچ کات شمشاڵی لە خۆی دوور نەخستۆتەوه یا لە باخەڵی دایه یان لە قۆڵی کەواکەی ڕاکردووە.»
(گێڕانەوەی خۆی بۆب. فەرشی و وتوێژ لەگەڵ ڕادیو کرماشان)
قالە مەڕە هەم هەوا کۆنەکان دەژەنێ و هەمیش خۆی هەوا دادەنێ و ناویان لێدەنێ، بەڵام جێگای داخە سەرڕای ئەوەی دەوروبەری پڕی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵنەرە تا ئێستا نەبووە دانیشن لەگەڵی و دانەدانە هەواکان و ناوەکان و چیرۆکی بەسەرهاتەکان بنووسنەوە!
قالەمەڕە پەڕتووکخانەیەکی زیندووی موسیقا، فۆلکلۆر و ئەدەبیاتی زارەکی و ڕووداوەکانی 70ساڵی ڕابوردووە و هەم شایەدی ڕووداوەکانی ئەمڕۆیه کە هەمووی لە مێشک و گەرووی شمشاڵەکەیدا پارێزراون و له کووچە و کوڵانەکانی #بۆکان# و شارەکانی کوردستان لەگەڵ خۆی دەیانگێڕێ! بێگومان ئەم پەڕتووکخانەیە دەتوانێ بابەتی دەیان سیمینار و کونگره بێ، که لە وڵاتی کونگرە و سیمیناردا بە قەست فەرامۆش کراوه!
پاش مردنی بێگومان دەیان و سەدان شاعیر و نووسەر و گۆرانیبێژ و لایەنگری فەرهەنگ و بەرپرسانی ورد و درشت، پەیدا دەبن کە بە سەر و باڵای خۆی و شمشاڵەکەیدا هەڵ بڵێن، بەڵام ئەمڕۆ بە وتەی خۆی
“ جنێو و قسەی ناخۆشی“ پێدەڵێن، هەر ئەوکارەی کە لەگەڵ حەسەن زیرەک و دەیانی وەک ئەوانەمان کرد ودەیکەین.!
خۆی دەڵێت: « ئەگەر خۆم لە ئیختیاری قودرەتەکانی وەخت دابنایە ئەمڕۆ هەموو شتم دەبوو، بەڵام من هێندەم لە کوچە و کوڵان و قاوەخانەکان شمشاڵ لێداوە، خەڵک تەقەم لە بابی دێنن، شەوی وایه بە تەلەفون جنێوم پێدەدەن، جنێوم بە …دەدەن، جنێو بە …دەدەن، یا لە خەیابان و کوچە و کوڵان و قاوەخانه دەڵێن ئەو سەگ بابە بەخۆی و ئەوشمشاڵەوه مێشکی سەری عالەمی بردووە» (وتووێژ لەگەڵ م.ڕەمەزانی)
باوەکو زۆر له سەردەمی #دەروێش عەبدوڵڵا# وگۆرانی شاعیر دوور کەوتوینەوه، بەڵام #گۆران# و دەروطش و مامە قالەی ئەمڕۆش هەر ناڵەی کۆن له دەروون و هەناویانەوە دێ.
مامە قالە دەڵێ: « میللەتی کورد پیاوی زۆر چاکی تێدا هەڵکەوتووە و هەڵدەکەوێ، بەڵام کورد قەدری نازانێ! بە خودای، خودا میللەتی لە میللەتی کورد بێ ڕەحم تر دانەناوە!» (وتووێژ لەگەڵ م.ڕەمەزانی)
زیرەک دەیکوت: « هونەر لە ناو کورددا قەدری نەماوه، دەمەوێ بمرم و له و دونیاش چاوم بە بەشەری کورد نەکەوێتەوه! (نەواری قسەکانی لە بانە)
گۆران دەڵێ: « لە ناو قەومی بەسیتا هونەر وەک عەکسی قەمەر وایە لە ناو حەوزێکی لیخندا»
قادر عەبدوڵڵارادە بە گوێگرتن و دیتن و بیستن سەدان بەیت و باو، حەیران، بەسەرهات، ڕاز، سەربوردە و گۆرانی فێربووه، لە ڕاستیدا لە ڕێگای ئەدەبیاتی زارەکی نەتەوایەتییەوە، مێژووی گەلەکەی فێربووه. ئازارەکانی میللەتەکەی ئازاری دەدەن، کە زمان دەگێڕی هەست و بیر وفیکری شاعیران و نووسەرانێک وەک #پیرەمێرد# ، #حاجی قادری کۆیی#، #هێمن موکریانی# و #هەژار موکریانی# لە گوێدا دەزرینگێنەوە! بەڵام قسەکانی و هەست و نەستی دەروونی کڕیاریان نییە! ئەو بە شمشاڵەکەی کەس هەڵناپەڕێنێ، بەڵکوو مرۆڤ دەخاتە بیرو بیرکردنەوە! لێرەوە تەنیایی هونەرمەند دەست پێدەکا!
دەبێ ئەویش وەک باب و باپیرانی بە هیوای پاشە ڕۆژبێ هەتا تێیبگەن و لە جێگای خۆی دایبنێن، جێگایەک کە هەمیشە پاش مەرگ دەدۆزرێتەوە!
قادر عەبدوڵڵازادە سەوادی نییە، زانستگاش نەچووە و دەورەی دوکتورای لە هێچ زانستگاێکی نێونەتەوەی نەدیوە. بەڵام زیاتر لە 77ساڵ شه و و ڕۆژ شمشاڵی ژەندووە! ئەوەش تەمەنی چوارجار دوکتورا وەرگرتنە! بە مەش قالە مەڕە دەبێتە مرۆڤێکی کەموێنە لە دنیای هونەر و لە شمشاڵ ژەندنی کوردیدا، لە سەردەمی خویدا دەبێتە تاقانەی تاقانە.
77ساڵ شمشاڵ ژەندن و وەڕەز نەبوون، دەبێ نهێنییەکی گەەورەی تێدا بێ، نهێنییەک کە تەنیا خۆی دەتوانێ بیدرکێنێ! نهێنییەک کە له لای زۆربەی هونەرمەندانی گەورەی دنیا هەبووه و هەیە!
قادر عەبدوڵڵازادە لە دواقسەکانییدا ڕوو دەکاتە کوردەکانی دەرەوەی وڵات ودەڵێ:
« لەسەر کوردایەتی خۆیان بڕۆن! کتیبەکان بە چاپ بگەینن, با وەک قورئانەکەی ماموستا هەژاری لێ نەیا کە کەس نەیزانی چیان لێکرد ! بە هومێدی خودا لەو رۆژە ڕەشە نەجاتمان دەبێ و ئیشاڵا بە یەک شاد و شوکر دەبینەوە!» (وتووێژ لەگەڵ م.ڕەمەزانی)
برایم فەرشی#17-04-2001# - ماڵپەڕی بۆکان
(1) ئەم وتووێژە بەر لە چاپی قورئانەکەی ماموستا هەژار پێک هاتووه.
http://www.bokan.de/laperekan/musiqa/qalemere.htm
[1]