ناونیشانی بابەت: نەک ڕۆژێک جیهانێک بۆ منداڵان
ئامادەکردن: #ڕەئوف ئالانی#
لە 1ی 6 هەموو ساڵێکدا خەڵک بەگشتی خۆیان سەرقاڵ دەکەن بۆ ڕۆژی منداڵان، میدیاکانیش وەک بۆنەکانی تر بەرنامەی تایبەت بەو یادە ئامادە دەکەن، باجارێ بزانین ئەم یادە چۆن سەرچاوەی گرتووە؟
ڕۆژی منداڵان ڕۆژێکی جیھانییە کە دەکەوێتە یەکی حوزەیرانی هەموو ساڵێک و تایبەتە بە توێژی منداڵ لە زۆربەی وڵاتانی جیھان یادی دەکرێتەوە بەشێوەی جیاواز و ڕۆژی جیاوازیش، لە ساڵی 1925 کۆنفڕاسێکی جیھانیی بۆ پاراستنی مافی منداڵان ڕێکخرا و ڕۆژی 1ی حوزەیرانی کردە ڕۆژی منداڵان، بەفەرمیش لە ساڵی 1950 ەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیھان ڕۆژی 1ی حوزەیران کرا بە ڕۆژی جیھانیی منداڵان جگە لە چەند وڵاتێک کە لە مانگەکانی ئازار و نیسان و ئایار یادەکە دەگێڕن، جگە لە ڕۆژی جیھانیی منداڵان، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی 1954 ڕۆژی 30ی نیسان وەک ڕۆژێک دیاریکراوە لەپێناو ھاندانی وڵاتان بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر دەربارەی مافەکانی منداڵان و خۆشگوزەرانییان، بەر لەنەتەوە یەکگرتووەکانیش لە کۆنفڕانسی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1949 فیدڕاسیۆنی دیموکراتی نێودەوڵەتی ژنانی یەکێتیی سۆڤیەت ڕۆژی 20ی تشرینی دووەمی وەک ڕۆژی جەژنی منداڵان دیاری کردبوو.
ئەگەرچی ئێمە بەشێکی دانەبڕاوین لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بەڵام هەنگاوەکان و ئاڕاستەی ڕەوت و ڕەفتار و بیرکردنەوەکانمان، زۆرخاوون و بەهێوری کەوتونەتەڕێ، منداڵانی ئەم جوگرافیە بچووکەی زەوی، زۆر زوڵملێکراوون و بێبەشن لە خۆشییەکانی ژیانیان.
بێگوومان گەورەکانی ئێستاش بەهەمان بێنازی منداڵی خۆیان بەڕێکردووە.
منداڵانی ئەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتە بەگشتی و کوردستانی بندەستی داگیرکاران بەتایبەتی، ببینین و لەژیانیان ورد ببینەوە، سۆز و هەستمان دەجووڵیت و هەناسەیەکی ساردی خەمهێن گیانمان داگیردەکات، چونکە هەر لەمنداڵێەوە زۆربەی منداڵان تووشی ئازاردان و ئەشکەنجەدان دەبنەوە، ئەمە جگە لەو هەژاری و دەستکوورتییەی کەسوکارەکانیان کەناتوانن ژیانێکی شایستە بۆمنداڵەکانیان دەستەبەربکەن.
کاتێ هەژاری یەخەی خێزانەکان دەگرێت، ئەوانیش ناچاردەبن منداڵەکانیان بنێرنە سەرشەقام بۆپەیداکردنی بژێوی ڕۆژانەیان، لەوێشەوە، ڕووبەڕووی دەیان کێشەی دەروونی و جەستەیی دەبنەوە، تا گەورەدەبن ئەم منداڵانە ئەو چەوسانەوەیە لەگەڵیان گەورە دەبێت، ئەو ئازارانە ڕۆدەچنە ناخی کۆمەڵگەوە.
لەسەرمرۆڤ پێویستە بەرنامە و پلانی درێژمەودای هەبێ بۆژیانی خۆی، هەرچەندە زۆر لەو خەون و خەیاڵ و بەرنامانە بەدینایەن، لەم بارەوە نووسەر و فەیلەسوف ژان جاک ڕۆسۆ (1712- 1778) دەڵێت: (پێش ئەوەی هاوسەرگیری بکەم شەش تیۆریم هەبوو سەبارەت بە پەروەردەکردنی منداڵ، بەڵام ئێستا شەش منداڵم هەیە و هیچ تیۆرێکم بۆیان نییە) .
جەژن و یاد و خۆشی بۆمنداڵان پێویستە هەمیشەیی بن نەک تەنیا ڕۆژێک بێت و تێپەڕبێت، چونکە جوانی و گەشی و خۆشی ژیان هەموویان دەبنە فاکتەری ئاییندەی گەش بۆ ژیان، بەبێ درووستکردنی ژینگەیەکی لەبار و گونجاو بۆمنداڵان، ئەوژینگەیە بەدینایەت، هەر بۆیە نووسەر (مستەفا سادق ئەلڕافعی) دەڵێت: (ئێمە هەست بەدرەوشانەوە و جوانی لە سرووشتدا ناکەین، مەگەر ڕۆح دەوڵەمەند نەبێت بە منداڵی و خۆشی منداڵی و یاری وچێژەکانی) .
هێمن موکریانی شاعیر، نموونەیەکی گەشی تاکی کوردە، کاتێ لە پێشەکی دیوانی تاریک و ڕوون باسی سەردەمی منداڵی خۆی دەکات، ئاوات بەگەڕانەوە بۆ منداڵی دەخوازێت، چونکە ئەو کاتانە بێبەشکراوە لە یاری و چێژی منداڵێتی خۆی، لەبەرئەوەی بەربەست و ڕێگریە کۆمەڵایەتییەکان بێبەشیان کردبوو.
زۆربەی زۆرمان لەم تەمەنە گەورەیەماندا حەز بە فیلمە کارتۆنییەکان دەکەین و دەیانجار کاتەکانی خۆمان پێبەخشیووە، چونکە تام و چێژی منداڵیمان بەباشی نەچەشتووە و دەمانەوێ ئەوچێژە بگەڕێتەوە تا بیچێژین، ئەگەر بۆساتێکیش بێت.
وڵاتێک و مەملەکەتێک کە شەڕ و کوشتن و خوێنڕشتن جێگەی خۆشی و ئاشتی و ئارامی گرتبێتەوە، بێگوومان نەک مافی منداڵان بەڵکوو ئاییندەشیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
وەک (محەمەد ماغوت) نووسەر و بیرمەندی گەورەی عەرەب دەڵێت: (جگە لە کوشتن و تاڵانکردن و خوێنڕشتن هیچی تر نییە، کەس بیر لەوە ناکاتەوە کە منداڵییەک هەیە دەبێت گەشە بکات) .
کاتی ئەوە هاتووە بیر لە منداڵان و نەوەکانی داهاتووی نیشتمان بکەینەوە، بە دابینکردنی ژینگەیەکی جوان و ئارام کەدوور بێت لەشەڕ و کوشتن و خوێنڕشتن و چەوسانەوە، ناکرێ ساڵانە یەک ڕۆژدابنێین بۆ منداڵان گوایە جەژنیانە، بەڵام ماندووهیلاک و بێ ژیان بن و بیانچەوسێنینەوە، باواز لەونەریتە خراپە بێنین کە هەر بەقسە جەژنی منداڵان بکەینەوە، هەر بۆیە ناکرێت یەک ڕۆژ جەژنی بێ بەرامەی ماف و ئازادییەکان بێت بۆ منداڵان، دەبێت جیهانێکی جوانیان بۆ بەدیبێنین. [1]