ناونیشان: عەبادی بگۆڕێ، چی دەگۆڕێت؟
نووسەر: هێمن عەبدوڵڵا 2
ڕۆژی دەرچوون: 05-04-2016
پێکەنینم بەو کەسانە دێت کە خۆیان بە گۆڕانکارییە وەزارییەکانی کابینەکەی حەیدەر عەبادی تەنگاو کردووە. چونکە هەموو کەس دەزانێت دەمێکە شتێک بەناوی ئێراقەوە نەماوە و ئەوەی کە هەیە یارییەکی پلەی ستەیشنە کە غەیرە ئێراقییەکان یاریی پێدەکەن. دیسان پێکەنینم بەوانەش دێت کە هێشتا نایانەوێ تێبگەن لەوەی کوردستان دەوڵەتێکی دیفاکتۆیە و دەمێکە لە ئێراق جیابووەتەوە. بۆیەش خۆماندووکردن بەوەی لە بەغدا چی دەگوزەرێت، بۆ خەڵکی هەولێر درووست وەکوو ئەوە وایە کە خۆت سەرقاڵ بکەیت بەوەی لە بەیرووت چی ڕوودەدات. ئەمەی کە دەیڵێم، بیرکردنەوەی دەمارگیرانە نییە و ڕوونی دەکەمەوە بۆ وا بیردەکەمەوە.
نزیکبوونەوە لە سەت ساڵەی ڕێککەوتننامەی سایکس-بیکۆ بیرخەرەوەی مێژوویەکی پڕ لە چیرۆکی نامەنتیقییە سەبارەت بە گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لەم ناوچەیەدا هەمیشە دوو هێزی گەورە هەبوون کە هەردووکیان سیستمی ئیسلامیی شیعی و سوننی بوون. پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە نیوەی یەکەمی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، بەزۆر لەسەر کەلاکی ئەو دوو هێزە گەورەیە دەوڵەتۆکەی بچکۆلەی ناسرووشتی درووستکران. نموونەیەکی ئەو دەوڵەتۆکانەش دەوڵەتی ئێراق بوو کە لەسەرەتاوە پێیەوە دیار بوو تڕەکەڵەکە و ناتوانێت ناسنامەیەک بۆ دانیشتوانی درووست بکات کە هەموویان بە هی خۆیانی بزانن. بۆیەش گرنگ نەبووە حوکمی پادشاییە یان کۆمۆنیستییە یان بەعسییە یان خۆسەپاندنی زۆرینەی شیعییە، چونکە هیچییەک لەوانە نەیانتوانیوە ئەو هەستی هاوناسنامەیی و هاوچارەنووسییە درووستبکەن.
کاتێک کورد لە باکووری تڕەکەڵەکی (ئێراق) لە سەرەتای درووستبوونی دەوڵەتەکەوە پەنایان بۆ چیاکان برد، ئامانجی یەکەمیان جیاکردنەوەی ئەو بەشەی کوردستان نەبوو لە ئێراق. ئەوەی داوایان دەکرد ئەوەبوو کە مادام کراونەتە بەشێک لەو دەوڵەتۆچکەیە، ئەو هەستەیان بدرێتێ کە بەڕاستی ئێراق هی ئەوەیە کوردیش بە هی خۆی بزانێت و خۆی بۆ بەکوشت بدات. لە سەردەمی بەعسدا و زۆرتریش لە سەرەتای هەشتاکانەوە شیعەکانی باشووری تڕەکەڵەکی (ئێراق) هەمان هەستیان بۆ درووستکرا کە چیدیکە خاوەنی دەوڵەتۆچکەکە نین و پاش سوننەکانن.
ئەم بیرکردنەوەیە لەدوای ڕووخانی سەدامیشەوە لە ئێراقدا هەر هەبووە. بۆیە جیاوازیی نەبووە ئیبراهیم جەعفەری سەرۆکوەزیرانە یان نووری مالیکی یان حەیدەر عەبادی. گرنگ ئەوە بووە پێکهاتەی شیعە ئەم جارە نۆرەیەتی ناسنامە و ئیرادەی عەرەبی شیعە زاڵ بکات بەسەر ناسنامە و ئیرادەی عەرەبی سوننە و کوردی فرەئایین و مەزهەب. لەو نێوانەدا کورد، بەپێچەوانەی عەرەبی سوننەوە، کەمترین کاریگەریی ئیرادەی خۆسەپێنەرانەی عەرەبی شیعەی بەسەرەوە بووە.
هۆیەکەشی ئەوە بووە کە کیانی خۆی هەبووە و سەکردایەتییەکیشی هەبووە تاوەکوو ئێستاش ڕادەستی خواستی بەغدا نەبووە. عەرەبی سوننە بەپێچەوانەوە زۆرترین کاریگەریی لەسەر بووە، چونکە نە کیانی خۆی هەبووە و نە سەرکردایەتییەکی وا بەهێز و دەستڕۆیشتووشی هەبووە کە ڕێگە لە خۆسەپێنی عەرەبی شیعە بگرێت. ئەنجامەکەشی ئەوە بووە کە داعش سوودی لەو کەلێنە وەرگرتووە و هەرێمی عەرەبیی سوننەی لە ئێراق جیاکردووەتەوە.
ڕاستیتان دەوێت؟ هیچییەک لە پێکهاتەکانی ئێراق بڕوایان بەوە نەماوە کە ئێراق مابێت. ئەگەر بەدەست خۆشیان بووایە دەمێک بوو ماڵیان لەیەکدی جیاکردبووەوە. وا هەست دەکرێت عەرەبی سوننە خۆیان وەکوو کورد بۆ قۆناخی ماڵاوایی حازرکردبێت، بەڵام تا ئەو چێشتە سیاسییەی لە بەغدا دەخورێت لە مەتبەخەکانی تاراندا لێبنرێت، پێناچێ عەرەبی شیعە بتوانێ بەو ماڵاواییە ڕازی بێت. [1]