ناونیشان: نزیکبوونەوەی تاران و #هەولێر#
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #20-04-2016#
ئەو هەرایەی لە بەغدا لەسەر دابەشکردنی کورسی و دەسەڵات هەیە، هیچ نییە لەچاو ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی لە ناوچەکەدا، بەتایبەتیش بۆ باشووری کوردستان بەڕێوەن. گرنگترینیشیان ئەوەیە کە وەک دەردەکەوێت قۆناغی داهاتوو قۆناغی نزیکبوونەوەی زۆرتری هەولێر و تاران دەبێت. بەڵام دەکرێ چاوەڕوانی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هاوشێوەی گۆڕانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە بین: تا دوێنێ تا سەر ئێسقان لەیەکدی دڕدۆنگ و ئەمڕۆ دوو پارتنەری ئابووری و سیاسیی ستراتیژی؟
شتێک هەیە کە چیدی دوودڵی هەڵناگرێت. ئەو دەوڵەتۆکەیەی پێیدەگوترا ئێراق کۆتایی هاتووە. هەرای چەند ڕۆژی ڕابردوو لە زۆنی سەوز بیرخەرەوەی ڕاستییەکە کە ئێراقییەکان خۆیانی لێ نەبان دەکەن: ئێراق ئەو ماڵەیە کە گەورەی تێدا نەماوە و براکان دەیانەوێ لەیەکدی جیاببنەوە، بەڵام نە خزمانیان دەهێڵن و نەخۆشیان بوێریی ئەوەیان تێدایە بەبێ سەرئێشە کۆتایی بەو هاوماڵییە بهێنن.
هەم ئەوەی بەرپرسانی ئێرانی لەژێر لێوەوە درکاندوویانە و هەم ئەوەش کە هەندێک کاربەدەستی کوردستان باسی دەکەن، پەیوەندییەکانی کوردستان و ئێران، بەتایبەتی لە بواری وزەدا، وردەوردە بەرەوپێش دەچن. ئەگەر زانیارییەکان ڕاست بن، هەنگاوی یەکەم بەوە دەستپێدەکات کە لەجیاتی تانکەر، بە بۆڕی نەوتی کوردستان بۆ پاڵاوگەکانی کرماشان و تەورێز هەناردە دەکرێن و بەدوایدا پڕۆژەی گەورەی دیکەش دەستپێدەکەن. لەو نێوانەدا بەغدا-ی شیعە تێداهەمەکارە، کە هەرچییەکی پێکرا کردی بۆ ئەوەی شکست بە پەیوەندی و ڕێککەوتنە وزەییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە بهێنێ، تووشی هەڵوێستێکی دژوار دەبێت و ناتوانێت بە هەمان دەنگی زوڵاڵ دژایەتی پەیوەندییە وزەییەکانی هەولێر و تاران بکات. کوردستانیش لەوە دەردەچێت کە هەموو هێلکەکانی لە سەبەتەی تورکیادا دابنێت.
بەڵام ئەمە دیوە ڕەنگینەکەی چیرۆکەکەیە. دیوەکەی دیکەی ئەوەیە کە ئەگەر ئەو پڕۆژەیە سەربگرێت، هەژموونی ئێران بەسەر باشووری کوردستانەوە زۆرتر دەبێت. هەولێریش ناچار دەبێت زۆرتر لە جاران لە سیاسەتگوزاریی خۆیدا ڕەچاوی نیگەرانی و بەرژەوەندییەکانی تاران بکات. دەشکرێ مەسەلەکە بەو دیوەدا ببینین کە مادام بەرژەوەندیی گەورەی هاوبەش لەنێوان کوردستان و ئێراندا درووست دەبن، کەواتە هەردوولا ناچارن موراعاتی یەکدی بکەن و لەجیاتی ئەوەی لەیەکدی بترسێن، مانەوەی یەکدی وەکوو گەرەنتیی سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەبینن.
هەرچەندە ڕوحانی لە دیداری هەفتەی ڕابردوویدا لەگەڵ ئەردۆغان باسی ئەوەی کرد کە هەردوو دەوڵەت دژی هەڵوەشانەوەی دەوڵەتانی ناوچەکەن (کە ئاماژە بوو بۆ ئێراق و سووریا) ، بەڵام هەردوو سەرۆک دەزانن هەڵوەشانەوەی ئێراق حەتمییە و تەنیا مەسەلەی کاتە. بۆیە بیانەوێ و نەیانەوێ لە ئاییندەی نزیکدا دەبێ مامەڵە لەگەڵ کوردستانێکی سەربەخۆدا بکەن کە هاوسنووریانە و پایتەختەکەی هەولێرە. کەواتە بەستنەوەی ئەو کوردستانە سەربەخۆیە لە ڕێگەی پڕۆژەی وزەییەوە بەخۆیانەوە کارێکی ستراتیژییە، بۆ ئەوەی بڵێسەی سەربەخۆییخوازی کورد لە ناوچەکەدا لەدەست دەرنەچێت و بۆیان کۆنترۆڵ بکرێت. بۆ هەولێریش ئەو بەستنەوەیە گرنگە بۆ ئەوەی لەجیاتی مێژوویەکی نەخشاو بە ڕووباری خوێن لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە، بەرژەوەندی و نەوت ببنە گەرەنتی بۆ مانەوەی. [1]