ناونیشان: سیاسەت لەسەر مینبەر
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #03-05-2016#
ئەو هەرایەی لە #هەولێر# لەسەر گۆڕینی ژمارەیەک وتاربێژ لەلایەن #وەزارەتی ئەوقاف#ەوە درووستبوو، هیچ پاساوێکی نەبوو، زۆریش سۆزدارانە بیری لێکرایەوە. نە هەڵسوکەوتی وتاربێژەکان و ئەو خەڵکەی کۆیانکردبووەوە ڕاست بوو، نە هەڵسوکەوتی هەندێک لە پیاوانی دەزگا ئەمنییەکانیش لەجێی خۆیدا بوو. لەویش خراپتر ئەو ڕۆڵە نادرووست و کوورتبینانەیە بوو کە هەندێک دەزگای میدیایی بینییان و لەجیاتی ڕوونکردنەوەی کێشەکە بۆ خەڵک، چیرۆکەکەیان گۆڕی بۆ چیرۆکی جەللاد و قوربانی!
لە هەرێمی کوردستاندا وەزارەتێک هەیە بۆ کاروباری ئایینی. وتاربێژان فەرمانبەری ئەو وەزارەتەن. ئەمەش درووست وەکوو ئەوە وایە باسی مامۆستای قوتابخانەیەک بکەین کە فەرمانبەری #وەزارەتی پەروەردە#یە. هەم وتاربێژ و هەم مامۆستا ملکەچی فەرمانی دامەزراندن و گواستنەوە و گۆڕینی وەزارەتەکەیەتی. مادام بڕواشمان بەوە هەیە کە دەبێ لەم وڵاتەدا دەوڵەتی یاسا هەبێت، کەواتە دەبێ لەوەوە دەستپێبکەین کە نابێ فەرمانبەر بتوانێ سەرپێچی فەرمانی حکومەتەکەی بکات. بۆیە وەکچۆن ناکرێ بە چاوی سۆزەوە تەماشای گۆڕینی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک یان گواستنەوەی مامۆستایەک بۆ ناوچەیەکی یاوازی دڵخوازی خۆی بکەین، ئاواش نابێ لەجیاتی عەقڵ، بە سۆز بیر لە گۆڕینی وتاربێژان بکەینەوە و پێی هەڵبچین. فەرمانبەرەو دەوڵەت بڕیار دەدات لەکوێ زۆرتر ڕاژەکەی پێویستە.
پاساوی وەزارەتی ئەوقاف بۆ گۆڕینی ئەو مامۆستا وتاربێژانە ئەوەیە کە حیزبایەتییان کردووە و مینبەریان بۆ کاری سیاسی بەکارهێناوە. بە ڕێکەوتیش وتاربێژەکان کەسانی دیاری نێو کۆمەڵی ئیسلامین، کە پاش پەککەوتنی پەڕڵەمان، نێوانی لەگەڵ پارتی خۆش نەماوە. دەشیا ئەو تۆمەتبارکردنەی وەزارەتی ئەوقاف ڕاست نەبێت و بڕیارێکی سیاسی بووبێت لە دژی وتاربێژەکان درابێت، بەڵام مادام ڕێگەی دادگا هەیە بۆ تانەدان لەو بڕیارەی وەزارەتی ئەوقاف، وتاربێژەکان نەدەبووایە هەوادارەکانیان لەنێو مزگەوتدا کۆبکەنەوە و ببنە هۆکاری درووستبوونی ئاژاوە. مەگەر خۆیان ئامۆژگاریی خەڵک ناکەن کە نابێ ببنە هۆکاری درووستبوونی فیتنە؟
کە دیمەنی هەینیی ڕابردووم لە مزگەوتەکانی هەولێردا دەبینی، بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەر بڕیار بێت هەرکەسێک حکومەت بڕیاری گۆڕین و گواستنەوەی دا، هەوادارەکانی کۆبکاتەوە و بڕیاری حکومەت ڕەتبکاتەوە، ئەوکات فەرماندەیەکی سەربازیش دەتوانێ هەرچی هەڵەیە بیکات و کاتێک حکومەت ویستی بیگۆڕێت، چەکدارەکانی کۆبکاتەوە و بڕیارەکەی حکومەت قبووڵ نەکات. دەتوانن بیهێننە پێشچاوی خۆتان ئەوکات وڵاتەکەمان لەو بێسەروبەرییەی تێیدایە چەندە بێسەروبەرتر دەبێت.
بەکوورتییەکەی لە کوردستان گوێ لە وتاربێژان دەگیرێت، بۆیە نابێ ڕێگە بدرێت وتاربێژ ئەو پێگەیەی خراپ بەکاربهێنێ و بە مینبەر سیاسەت بکات، بەڵام ناشبێ ئەمە شەرعیەت بداتە حیزبەکان بۆ ئەوەی وتاربێژان بکەنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکانیان. [1]