ناونیشان: دانیشتنی بارزانی و #نەوشیروان مستەفا#
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #16-05-2016#
ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی هەرچەندە پەسەندکراوە، بەڵام دەڵێی هەردوولا بەئەنقەست واژۆکردنەکەی هاوکات دەکەن لەگەڵ یادی سەت ساڵەی واژۆکردنی سایکس-پیکۆ. دەزانم پارتییەکان پێیان خۆش نییە ڕێککەوتنەکە ئەوەندە گەورە بکرێت، بەڵام ئەگەر سایکس پیکۆ کاریگەریی لەسەر چارەنووسی سەت ساڵی ڕابردووی کوردستانی گەورە هەبووبێت، ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتیش کاریگەریی لەسەر ئەو ڕووداوانە دەبێت کە بەلایەنی کەمەوە لە دەیەی داهاتوودا لە باشوور ڕوو دەدەن.
لە دوایین ڕۆژەکانی مانەوەی نەوشیروان مستەفادا لە بەریتانیا، ماڵەکەی ترافیکێکی گەرمی سەردانی سەرکردەکانی یەکێتی لەسەر بوو. بێدەنگیی درێژخایەنی نەوشیروان مستەفا، دوای ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو، بەو سەردانانە وردەوردە شکا. پاش گەڕانەوەشی هەمان ترافیک لەلایەن هەمان ئەو سەرکردانەوە لەسەر گردی زەرگەتە درووستبوو. پەزڵەکە وردەوردە تەواو بوو و وێنە گەورەکە دەرکەوت: گۆڕان و یەکێتی بەتەمای یەکگرتنەوەن و سەرەتاش بە ڕێککەوتنێک بۆ پێکەوە کارکردن دەستپێدەکەن. ئەوانەی کاتی خۆی یەکێتییان دامەزراند، حیزبیان دانەمەزراند، بەڵکوو بەرەیەکی بەهێزی نێوان سێ گرووپی جیاوازیان دامەزراند کە نەوشیروان مستەفا لە لووتکەی یەکێکیاندا و #مام جەلال#یش لە لووتکەی یەکێکی دیکەیاندا بوو. ئەمڕۆ شتەکە کەم تا زۆر هەمان شتە، ڕێککەوتنێک کراوە کە هاوشێوەی ساڵانی حەفتایە، سێ هێز (واتە دوو باڵەکەی نێو یەکێتی لەگەڵ #بزووتنەوەی گۆڕان#) ڕێکدەکەون پێکەوە کاربکەن. جیاوازییەکە ئەوەیە لە حەفتاکاندا مام جەلال براگەورایەتیی هاوپەیمانێتییەکەی دەکرد و ئێستا بە تەبیعەتی حاڵ کاک نەوشیروان دەیکات.
بەپێچەوانەی قاعیدەی پارتی و هەندێک سەرکردەی کەم ئاگاداری ئاستی سەرکردایەتییان، بڕوا ناکەم ڕێبەرایەتیی پارتی پێی خراپ بێت ئەو ڕێککەوتنە لەنێوان هێزە قسە ڕۆیشتووەکانی #سلێمانی#دا کراوە. چونکە لەمەودوا بەڕوونی دیار دەبێت بۆ ئیدارەدانی کوردستان لەگەڵ کێ دەبێ مامەڵە بکەن و چۆنیش زووتر بگەنە بڕیار. ئەو ڕەوشەی لەپاش نەخۆشکەوتنی مام جەلال بەسەر یەکێتیدا هات، بێسەروبەریی لە کوردستانیش درووستکرد. پارتی لەگەڵ لایەکی یەکێتی پێکدەهات، کەچی لایەکی دیکە لێی دڕدۆنگ دەبوو. لەگەڵ گۆڕان، لەبەرئەوەی بڕیارێکی مەرکەزی هەبوو، پارتی زووتر دەیتوانی بگاتە ڕێککەوتن.
ئێستا مادام دیارە ئەم ڕێککەوتنە پڕۆژەی یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕانە و دەگەڕێینەوە ڕۆژانی سەرەتای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژی، کەواتە کوردستان پێویستی بەوە دەبێت کاک نەوشیروان و کاک مەسعود پێکەوە دابنیشنەوە. لەمڕۆژانەدا لەگەڵ دۆستێکی نزیکی هەردوولایان و بەشدار لە بڕیارسازیی حوکمڕانی لە کوردستان دانیشتبووین. من بە نائومێدییەوە باسی بەرتەسکبوونەوەی ئازادییەکان و بەرەو دواوە گەڕانەوەی کوردستانم دەکرد. دەموت کوردستان دیسان بەرەو تاکڕەویی حیزبەکان دەڕوات و جارێکی دیکە ڕەوشەکە ناگەڕێتەوە بۆ بەر لە قۆناغی #23-06-2015#. بەڵام ئەو دۆستەی کاک نەوشیروان و کاک مەسعود پێکەنی و گوتی: ئەو نائومێدییەت نیشانەی ئەوەیە ئەو دوو کەسە ناناسیت. ئەوانە هەر ئەوەندەیان قوورسە تا یەکدی دەبینن، کە گەیشتنە یەکدی هێندە دۆستایەتی و بیرەوەرییان هەیە کە هەموو ناکۆکییەک دەسڕێتەوە. ئینجا چەند نموونەیەکی گێڕایەوە کە چۆن لە ڕابردوودا ڕەوشی لەمە دژوارتریش هەبووە و بە سەردانێکی یەکدی تێیانپەڕاندووە. ئەم قسانە وایانکرد بیر لەوە بکەمەوە کە هەرچەندە مێژووی نیو سەدەی ڕابردووی نێوان هەردوو دنیابینیی مەلایی و جەلالی بێمتمانەییەکی قووڵی درووستکردووە. پاریش ئەو بێمتمانەییە گەیشتە لووتکە، بەڵام هێشتاش ئومێدێک ماوە بۆ ئەوەی سەرکردەکان چانسێکی دیکە بدەنەوە یەکدی و ئەو دۆزەی گەنجێتیی خۆیانیان بۆ دانا، لە دوایین ساڵەکانی تەمەنیاندا بە تەبایی بیگەیەننە مەنزڵگا. [1]