ناونیشان: یەکگرتووی چەرخی سەلاحەددین
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #30-05-2016#
کۆنگرەی حەوتەمی یەکگرتوو هەرا و زەنای زۆری بەدوادا هات. کار گەیشتە ئەوەی ئەبوو چیچۆی کەسایەتیی ناسراوی سەر یوتیوب و فەیسبووک، کە جاری ڕابردوو لەداخی ڕووماڵە گەرموگوڕەکانی ڕووداو تەلەڤزیۆنەکەی شکاند، ئەم جارە لەداخی کۆنگرەی یەکگرتوو تەلەڤزیۆنێکی دیکەش بشکێنێ! پارتییەکان کە هێشتا تووڕەیی ڕەنجانی عەلی باپیر و #نەوشیروان مستەفا# لەگەڵ #مەسعود بارزانی# بەرینەداون، بە دڵەڕاوکێوە هەواڵی گەڕانەوەی سەڵاحەدین بەهائەدینیان وەکوو ئەمینداری یەکگرتوو بەگوێدا درایەوە. بەڵام هەم لەو قسانەدا کە لە ڕۆژی یەکەم و دووەمی کۆنگرەدا کردی و هەم بەوەشدا کە دەرکەوت بەر لە کۆنگرە سەڵاحەدین بەهائەدین و هەردوو بارزانی یەکدییان دیتووە و دڵڕەنجانەکانی ڕابردوویان سڕیوەتەوە، ئەمانە وایان کرد پارتییەکان هەناسەیەکی ئارام هەڵکێشن. لەو نێوانەشدا ئەو (یەکێتی+گۆڕان) انەی دڵیان بە گەڕانەوەی مامۆستا سەڵاح خۆشە و گرەوی درووستکردنی بەرەی فراوانتری ئەنتی-بارزانیی لەسەر دەکەن، بە قسەکانی ڕۆژی کۆتایی کۆنگرە تووشی شۆک بوون. چونکە ئەمینداری سەرلەنوێ گەڕاوەی یەکگرتوو بە کوورت و پوختی پێیگوتن: بەتەمای پاشکۆیەتیی یەکگرتوو و داشکاندنەوە بەلای لایەکدا مەبن.
کاتێک لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا وتاری پێشکەش دەکرد، دڵنیابوومەوە ئەو سەڵاحەدین بەهائەدینەی لە دوایین پەڕتووکیدا ناسیومە، هەمان ئەو کەسەیە کە ئێستا وەکوو ئەمینداری یەکگرتوو قسە دەکات. هێشتا باسی خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی ئەمیندار گەرم نەببوو، بەڕێز بەهائەدین پەڕتووکێکی خۆی، کە بەمدواییانە لەسەر مەولانای ڕۆمی نووسیویەتی، بەدیاری بۆ ناردبووم. من کە دەمێکە مەولانام خۆشدەوێ و دەمەوێ لێی قووڵ ببمەوە، دڵم بە دیارییەکە خۆش بوو، بەڵام لەو گرنگتر ئەوە بوو کە دەمەویست بەهۆی پەڕتووکەکەیەوە سەڵاحەدین بەهائەدین-ی دوور لە سیاسەت بناسم.
لای چەند هاوڕێیەکیش باسمکرد کە هەرچەندە پەڕتووکەکە باسی مەولانایە، بەڵام کە دەیخوێنیتەوە هەستدەکەی نووسەرەکەی باسی ئەوەت بۆ دەکات کە یەکگرتووی ڕاستەقینە دەبێ چۆن بێت، واتە بەبیانووی مەولاناوە تێگەیشتنی بەڕێز بەهائەدین بۆ یەکگرتووی پاش قۆناغی کۆنگرەی حەوتەم دەخوێنیتەوە.
یەکێک لەو شتانەی ئەمینداری یەکگرتوو چەند جارێک لە کۆنگرەدا باسیکرد و پێداگیریی لەسەرکرد، هەوڵدان بوو بۆ گێڕانی ڕۆڵی خێر بۆ درووستکردنەوەی ئاشتەوایی لە کوردستان. جا ئەوانەی ئێستا لە کوردستان ناکۆکن و دەبێ ئاشت بکرێنەوە، هەر لە کاک مەسعودەوە بگرە تا دەگاتە کاک نەوشیروان و مامۆستا عەلی باپیر، ئەو کەسانەن کە دوور لە سیاسەت مرۆڤی پەڕتووکخوێن و ئەهلی دنیای عیرفانین. کاک مەسعود لە زۆر بۆنەدا سەرسامیی خۆی بە مەلای جزیری نەشاردووەتەوە. پەڕتووکەکانی کاک نەوشیروان و مامۆستا عەلی باپیریش پڕن لەو نموونە عیرفانییانەی کە هەریەکە لەوانە لەژیانیاندا پێیان کاریگەر بوون. بۆیە ڕەنگە بەو ڕۆحیەتەی مەولاناوە، جا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕابردووەش کە پێکەوە هەیانبووە و بەلایەنی کەمەوە نزیکەی سی ساڵە وڵاتێک بەڕێوەدەبەن، سەڵاحەدین بەهائەدین باشتر لە هەر کەسێکی دیکە دەتوانێ گوێدێر بۆ قسەکانی لەنێو ئەو سەرکردە ناکۆکانەدا بدۆزێتەوە. ڕەنگە خۆشیان هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان بکەن. بەشێک لەو چاوەڕوانییانەش لە نامەکەی بارزانیدا کە بۆ پیرۆزبایی بۆ سەڵاحەدین بەهائەدین ناردبووی، بەئاسانی دەخوێنرایەوە. [1]