ڕۆمانی خانزاد بەهانەیەکی تر
عادل عەلی
تازەترین بەرهەمی ئارێز عەبدوڵڵا کە لەم ڕۆژانەدا کەوتەبەردیدی خوێنەران ڕۆمانێکی مێژووییە بە ناوی (خانزاد) . هەوڵێکی دیکەی نووسەرە بۆ ئاشناکردنی نەوەی ئێستا بە ڕووداو و بەسەرهاتەکانی مێژووی کورد. ئەم بەرهەمە لەدووتوێی (334) لاپەڕەدا بە قەبارەی مامناوەندی لە چاپخانەی حەمدی چاپکراوە.
ئەم ڕۆمانە باس لە قارەمانێکی ژن دەکات کە چوار سەد ساڵ بەر لە ئێستا ڕۆڵ و پێگەیەکی گەورەی هەبووە لە حوکمڕانی ناوچەیەکی فراوان، ئەگەرچی خانزادی میری سۆران، میری میرنشینی ناوچەی سۆران بووە، لێ بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان و ئەوەی لە ڕۆمانەکەدا هاتووە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتەکەی پەلی هاویشتووە بۆ ناوچەیەکی فراوانی کوردستان. ئەم فەرمانڕەواییە لەکاتێکدا لە دوای شەڕی چاڵدێرانەوە کوردستان لەنێوان دوو بەرداشی سەفەوی و عوسمانیدابووە و بوونی حکومڕانییەک بە و فۆڕم و شێوازە و لەوهەلومەرجە بابەتی و خۆییەی کۆمەڵی کوردستان ڕابەرایەتییەکەی ژنێک بووە، دیاردەیەکی ناوازە بووە، نەک بۆ کوردەواری، بەڵکوو بۆ سەرتاسەری ناوچەکەش. چونکە ترادسیۆنی کۆمەڵایەتی سەردەم و پێگەی ژن و هۆشیاری کۆمەڵایەتی بە و شێوازە نەخەمڵی بوو، تاوەکوو سەردارێکی ژن بەسەر جومگەکانی ژیاندا قبووڵ بکات. ئەوە لەکاتێکدایە فەرهەنگی ئایینی بەهەردوو ڕەوتی سوننە و شیعە کە ئایدۆلۆژیای هەریەکە لە ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی بووە. لە هەمانکاتدا کاریگەریی ئەو کلتوورەش زۆر لەسەر کۆمەڵی کوردستان بەرجەستە ببوو، بەڵام سەرهەڵدانی دیاردەی خانزاد وەکوو میرێک ناوازە بوو. هەروەها دەسەڵاتدارێتی خانزاد وەکوو میرێکی ژن و سان ژنێک نموونەیەکی جوان وپڕ لە عەدالەت و خۆشگوزەرانی بەپێودانگی ئەو سەردەمە سەرکەوتنێکی گەورە بووە بۆ گەلەکەمان. لە هەمووی گرنگتر ئەم میرە ژنە لە بەکارهێنانی تەکنیک و شێوازی چەک و کاڵا و هۆکارەکانی جەنگی بەرگریی و درووستکردنی ئەو هەموو قەڵایە خۆی لەخۆیدا هەم زیرەکی و هەم سەلیقەی زۆر نیشان دەدات. کە تاوەکوو ئێستا ئاسەواری ئەو قەڵایانە وەکوو شوێنەوارێکی مێژوویی ماونەتەوە.
لەسەر ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیش بۆ ئەو سەردەمە تاڕادەیەکی بەرچاو خانزادی میری سۆران سەرکەوتوو بووە، لەنێوان ئەو هەموو چاوتێبڕین و چاوچنۆکییەی داگیرکەراندا. نووسەری ئەم ڕۆمانە بەسەلیقە و لێزانینێکی باشەوە بەڵگەنامە و چیرۆکە دەماودەمەکانی بەکارهێناوە و خوێنەر بێ پەروا ڕادەکێشێت بۆ ناو مێژووی ئەو سەردەمە.
ئەم ڕۆمانە جگە لەوەی چەندین چیرۆک و بەسەرهاتی ڕاستەقینەی تێدایە لەبارەی ژیانی کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی و ئەوین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نووسەر دەیەوێت پێمان بڵێ (مێژوو لە سەردەمە جیاجیاکاندا خۆی دووبارە کردۆتەوە) هەروەک لە پێشەکی ڕۆمانەکەدا نووسەر وتەیەکی مارکسی هێناوەتەوە، دەربارەی مێژوو. کە دەڵێت: (مێژوو دووبارە نابێتەوە، ئەگەر دووبارە بۆوە ئەوا ئەگەر جاری یەکەم تراژیدی بوو، جاری دووەم کۆمیدیا دەبێت و بەپێچەوانەوە) . بەداخەوە مێژووی ڕووداوەکانی کوردستان سیخناخە بە دووبارەبوونەوە. بەتایبەت لە خیانەت و دەست تێکەڵاوکردنی ناوخۆ لەگەڵ داگیرکەران، کە ئەو دیاردەیەش هۆکاری ڕاستەوخۆ و ئاسان بووە بۆ لەبەینبردنی دەسەڵاتە خۆماڵییەکان و ناوچە جیاجیاکان.
خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە جگە لەوەی چێژێکی زۆری تێدایە و بەش بەش خوێنەر بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێ و ماندوومان ناکات، چەندین ڕاستی تاڵیشمان بۆ دەخاتەڕوو. نووسەر هەروەکوو خانی چۆن مەم و زینی کردووە بەهانە و شەرحی دڵی خۆی دەکات. بەهەمان شێوەش ڕۆمانی خانزاد بەهانەیەکی ترە بۆ شەرحی حاڵی کورد لەنێوان چوار سەدەدا. کەواتە ئارێز عەبدوڵڵا دووبارە داستانی خانزادی کردووە بەبەهانە و شەرحی ئەم دەردە مێژووییەی کورد دەکات.[1]