ناونیشان: حکومەتی هەرێمی کەرکووک
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #13-06-2016#
ئەو تەرحەی دکتۆر نەجمەدین بۆ بەهەرێمکردنی کەرکووک کردوویەتی، هێندەی کاردانەوەی سۆزدارانەی بەدوای خۆیدا هێناوە، هێندە هەڵسەنگاندنی ژیرانەی بۆ نەکراوە. لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا سەبارەت بە کەرکووک، کورد بە سیاسی و ڕۆشنبیر و شارەزا و ناشارەزاوە، هێندەی بە دڵ بیری کردووەتەوە هێندە بە ژیری هەنگاوی نەهاویشتووە. ئێستا کاتی ئەوەیە نوقورچێک لەخۆمان بگرین و خەواڵوویی دەرماگیریی کوێرانە بەرمانبدات.
جارێ بەر لە هەموو شتێک کەرکووکی پەنجاکان و شەستەکان و نیوەی یەکەمی حەفتاکانیش گوزەشت. خۆ دەمێکە گوتوومانە نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لە خوانە. ئێستا کەرکووک شاری کورد و تورکمان و عەرەبە و کەسیش ئەم واقیعە نوێیەی پێ ناگۆڕدرێت. جا مرۆڤی عاقڵ مامەڵە لەگەڵ واقیعدا دەکات نەک لەگەڵ ئەو فانتازیایەی حەزی دەکرد واقیع بێت. پارێزگاری کەرکووکیش مامەڵە لەگەڵ واقیعە نوێیەکەدا دەکات و ئەوەی دەیڵێت ئەوەیە کە دەکرێ بکرێت نەک ئەوەی دەبووایە بکرێت.
کەس ئەو ڕاستییەی بیرناچێتەوە کە شۆڕشی کوردستان لە حەفتاکاندا لەسەر کەرکووک تێکچوو. دکتۆر نەجمەدین کە خۆی ماوەیەکی ئەگەر کوورتیش بێت لە ئەمریکا هاوەڵی مەلا مستەفا بووە، باش دەزانێت ئەو پیاوە چەند هەستیار بووە لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک. بەڕادەیەک کە مەرگی شۆڕش و خەباتی چەندین ساڵەی خۆی دیت، بەڵام ڕازی نەبوو کەرکووک بکاتە ناوچەی ناکۆکی لەسەر و گومان لەسەر کوردستانیبوونی درووست بکات. بەڵام ئەو ڕووداوانەی لە هەشتاکان و نەوەتەکاندا لە کەرکووک ڕوویاندا و هێشتاش لەلایەن بەغداوە بە سیاسەتێکی پشوودرێژانە بۆ بەعەرەبکردنکردنی کەرکووک پراکتیزە دەکرێن، پیشانی دەدات تا ڕۆژێک زووتر کەرکووک لە بەغدا داببڕێندرێت ڕۆژێک زووتر ڕێگە لە لەدەستچوونی یەکجاریی کەرکووک دەگیرێت.
ئەوانەی دژی بیرۆکەی بەهەرێمکردنی کەرکووکن دەڵێن ئەم هەنگاوە کەرکووک لە #هەولێر# دووردەخاتەوە، بەڵام بۆچی دیوی دیکەی واقیعەکە نەبینین؟ بۆچی وا بیرنەکەینەوە ئەگەر کەرکووک ببێتە هەرێم، چیدیکە هەموو وردەکارییەکانی لە بەغداوە نەخشەیان بۆ داناڕێژرێت و کەرکووکییەکان بۆخۆیان دەبنە خاوەنی بڕیار لەسەر ئاییندەی خۆیان؟ دوورخستنەوەی کەرکووک لە بەغدا درووست ئەو شتەیە کە هەموو کورد دەبێ هەوڵی بۆ بدەن، بەڵام بۆ نزیکخستنەوەشی لە هەولێر دەبێ بیرکردنەوەیان لەگەڵ واقیعە تازەکەی کەرکووکدا بگونجێنین. واتە دەبێ تورکمان و عەرەبی کەرکووکیش هەست بکەن قازانجیان لەوەدایە سەر بە هەولێر بن نەک سەر بە بەغدا.
لە بەرنامەی بەهێمنی و پێشتریش لە تۆپ ستۆریدا لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ڕووداو بایەخی تایبەتم بە کەرکووک و کەرکووکییەکان داوە. قسەی بەشداربووێکی عەرەبی یەکێک لە بەرنامەکانم قەت بیرناچێت کە گوتی: “هەرکاتێک عەگال بەسەرێکم لە پەڕڵەمانی کوردستاندا دیت، پشتیووانی لە یەکگرتنی کەرکووک و هەولێر دەکەم”. با لەخۆمان بپرسین: لەو ساڵانەدا چیمان کردووە بۆ ئەوەی تورکمان و عەرەب هەستبکەن لە کوردستان هاووڵاتیی پلە دوو نین و وەک کورد چانسی ئەوەیان هەیە ببنە هەموو شتێک؟ شتەکە ڕوونە و پێویستی بە شیکردنەوە نییە: کاتێک هەست نەکەم وەک تۆ خاوەنماڵم، بە چ ڕوویەکەوە داوام لێدەکەی هاوماڵیت لەگەڵ بکەم؟
ئارگومێنتێکی دیکەی ئەوانەی لەگەڵ دابڕاندنی کەرکووک لە بەغدا و کردنی بە هەرێمێکی جیاواز نین، ئەوەیە کە خەریکە دەوڵەتی کوردستان درووستدەبێت، کەچی باسی درووستکردنی هەرێمی نوێ دەکرێت. ئەگەر قسەی دڵی منتان دەوێت، من بڕوام وایە باشووری کوردستان لە سێ هەرێم پێکدێت کە ناکرێ یەک یەکەی کارگێڕی بەڕێوەیان ببات. ئەوانیش هەرێمی زەرد و هەرێمی سەوز-نیلی و هەرێمی کەرکووکن. بۆیەش لە خەیاڵی خۆمدا ئارەزووی ئەوە دەکەم ڕۆژێک لە ڕۆژان دەوڵەتی کوردستانی فیدراڵ لەنێوان ئەو سێ هەرێمەدا پێکبێت. [1]