ناونیشان: چارەسەر هەر فیدراڵییە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #21-06-2016#
هەرچەندە بیرۆکەی بەهەرێمکردنی کەرکووک لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەری لە باشووری کوردستان و کەرکووکیش بەتوندی ڕەتدەکرێتەوە، بەڵام ئەمە هیچ لە بڕوای پتەوی من ناگۆڕێت کە ئەمە تاکە چارەسەرە بۆ ڕزگارکردنی کەرکووک لەو مەترسییانەی لە ماوەی داهاتوودا ڕووبەڕووی دەبنەوە. وەک لە گۆشەی هەفتەی ڕابردووشدا گوتبووم: چارەسەری کۆتایی بۆ ناکۆکییە سیاسی و سۆسیۆلۆژییەکانمان لەسەر شێوازی ئیدارەدانی ئەو دەوڵەتەی چاوەڕێین لەدایک ببێت، هەر ئەوەیە کە سێ هەرێم درووستبکەین و لەسەر بنەمای سیستمی فیدراڵی ئەو سێ هەرێمە یەکبگرن.
هەفتەی ڕابردوو گۆڕان و پارتی گەیاندیانە مریشکە ڕەشە. ئەم جارە کار گەیشتە ئەوەی سووکایەتی بە ڕەمزەکانی یەکدیش بکەن و درووست وێنەیەکی مۆدێرنی ئەو ڕووداوانەمان پێشانبدەن کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لەنێوان ڕەوتی مەلایی و جەلالیدا لە کوردستان ڕوویانداوە. جیاوازییەکە ئەم جارە هەر ئەوەندەیە کە ناوی تەیارەکان بووەتە مەسعودی و نەوشیروانی. ئەم جیاوازییانە مێژوویین و کاری درێژیان بۆ کراوە. ڕاستییەکی نوێشیان سەپاندووە، ئەویش ئەوەیە کە لە هەرێمی سەوز-نیلی سەروەریی کاک نەوشیروان و جیهانبینیی ئەو دەنگ و پشتیووانیی زۆرینەی هەیە. لە هەرێمی زەردیش سەروەریی کاک مەسعود و جیهانبینییەکەی بێ چەند و چوون قبووڵ دەکرێت. ئەمە بەرهەمی ساڵێک ناکۆکیی نێوان دوو حیزب نییە، بەڵکوو بەرهەمی مۆبیلیزەکردنی نیو سەدەی خەڵکی ئەو ناوچانەیە. بۆیەش چارەسەری ڕاست ئەوەیە بەدوای ڕێگەیەکی نوێدا بگەڕێین کە هەم ئەم جەمسەرە مووجەب و سالبانە لەیەک نەدەن و هەم لە چوارچێوەی یەکێتییەکی ئارەزوومەندانەشدا پێکەوە بمێننەوە.
کەرکووک لەو نێوانەدا هەرێمی سێیەمی باشووری کوردستانە کە پێویستی بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییەکانی هەیە. عەرەب و تورکمان لە لکاندنی هەڕەمەکیی ناوچەکانیان بە کوردستانەوە دەترسن. هەقیشیانە و مافی خۆشیانە لەو ناوچانەدا کە تێیدا دەژین خاوەنی دەسەڵات و بەشداریی کردەیی بن لە ژیانی سیاسی و ئیداریدا. بۆیە زۆرتر لە هەر هەوڵێکی دیکە، بەهەرێمکردنی کەرکووک لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا دەتوانێت چارەسەری واقیعبینانە بێت بۆ ئەوەی بەبێ بەرهەڵستیی نێودەوڵەتی ئەو ناوچەیە ببێتەوە بەشێک لە کوردستان.
ڕەنگە هەبن بڵێن سیستمی فیدراڵی ئەگەر کەڵکی بۆ کورد هەبووایە دەبووایە لە ئێراق هەیبووایە، بەڵام ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە. چونکە لەسەرەتاوە دیار بووە فیدراڵییەکەی ئێراق تڕەکەڵەکەیە و سەرناگرێت. هۆیەکەشی ئەوەیە دەوڵەتی ئێراق بەو نەخشەیەوە کە هەیەتی لەبنەڕەتدا شتێکی دەستکرد و ناسرووشتی بووە و بە هیچ دەرمانێک دەوا نەدەکرا. نە عەرەب قبووڵی بووە کورد وەکوو شەریک قبووڵ بکات و نە شیعە و سوننەش بەدرێژایی مێژووی ئێراق و چەندین سەدە پێشتریش توانیویانە پێکەوە هەستی ئەوەیان هەبێت کە ناسنامەیەکی هاوبەشیان هەیە.
دەوڵەتی فیدراڵیی کوردستان بۆیە سەرکەوتوو دەبێت، چونکە لە هەرسێ هەرێمەکەدا ئەوانەی زۆرتر لە سەت ساڵە خەونی هاوبەشیان هەیە، زۆرترن لەوانەی خەونی هاوبەشیان نییە. بەو سیستمە ئەوەش ڕەچاوکراوە کە ئەوانەی ترسیان هەیە لەوەی دەوڵەتە نوێیەکە مافەکانیان بخوات و بیانسڕێتەوە، دەبینن لە هەرێمەکەی خۆیاندا مافەکانیان پارێزراوە. سیاسەتکردنی سەرکەوتووش هەر ئەوەیە: کارێک بکەیت شیش نەسووتێت و کەبابیش باش ببرژێت! [1]