ناونیشان: #هەولێر# دژی تاران بێت؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #27-06-2016#
تۆپبارانکردنی دەوروبەری #سیدەکان# و حاجی ئۆمەران لەلایەن ئێرانەوە ڕووداوی چاوەڕواننەکراو نییە. کارێک کراوە و ئێستا کاردانەوەی بەدوادا هاتووە. کاتێک حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دوای ئەویش حیزبی دیموکراتی کوردستان لەسەر سنوور نمایشی سەربازییان دەکرد، پرسیاری کەمتر پرسراو بەڵام هەمیشە ئامادە ئەوەبوو کە بۆچی ئێران بێدەنگە؟ بەڵام پرسیاری ئەوەشی بەدوای خۆیدا دەهێنا کە: تاکەی تەڤگەری ڕۆژهەڵات لەبەر خاتری باشوور بێدەنگ بکرێت؟
لێدوانی نوێنەری حکومەتی کوردستان لە تاران، کە لەگەڵ دەستپێکردنی تۆپبارانەکان قسەی بۆ ڕووداو کرد، سەرنجڕاکێش بوون. چونکە قسەکانی درووست ئەوە بوون کە چاوەڕوان دەکرێت کاربەدەستێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئەو ڕووداوانە بیکات. جا مادام کاربەدەستانی ئێرانی لە میدیاکاندا وا بەڕاشکاوی قسە ناکەن، نازم دەباغ باش دەکات قسەکانی ئەوانمان بە کوردییەکی ڕەوان بۆ تەرجەمە دەکات. هۆشداریی تاران، وەک دەباغ بۆ ڕووداو باسی کرد، ئەوەیە کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ هەولێر هەیە و نابێ باشووری کوردستان بۆ تێکدانی ئاساییشی ئێران بەکار بهێنرێ. ئەمەشیان لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە جڤینی تایبەتدا بە سەرکردایەتیی کوردستان گەیاندووە.
هەولێر لەو نێوانەدا کەوتووەتە پێگەیەکی دژوارەوە. لەلایەکەوە دەبێ دڵنیایی بداتە تاران کە هاوسێیەتییەکی باش و ئارام و بەرهەمداری لەگەڵ ئێران دەوێت، لەلایەکی دیکەشەوە دەبێ لەڕووی ئەخلاقییەوە جوابگۆی ئەو پرسیارە دڵتەزێنەی تەڤگەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت کە لە باشووری دەکات: چەند ساڵی دیکە لەبەر خاتری ئێوە چاوەڕوان بین و شۆڕشی خۆمان بەقوربانی پەیوەندیی باشی هەولێر و تاران بکەین؟
ئارگومێنتی بەهێز لەدەست حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتیش حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەوەیە کە #پەکەکە# قەت ڕەچاوی تایبەتمەندیی باشووری نەکرد. ئێستاش لە #قەندیل#ەوە سەرپەرشتی شەڕێکی خوێناوی دەکات کە لە باکووری کوردستان ڕوودەدات. ئەمەش پێگەی پەکەکەی هێندە بەهێز کردووە کە دەوڵەتی وەک ڕووسیا و ئەمریکاش ناتوانن مامەڵەی لەگەڵ نەکەن. ئەوان دەڵێن: کاتێک پەکەکە ئەمەی کرد، ئەزموونی باشوور لەنێو نەچوو، کەواتە بۆچی بە دەستپێکردنەوەی تەڤگەری چەکداری لە ڕۆژهەڵات ئەزموونی باشوور لەنێودەچێت؟
هەولێر لەنێوان بەرداشی گوشار و چاوەڕوانییەکانی ئێران لەلایەک و گلەیی و پێداگیرییەکانی تەڤگەری ڕۆژهەڵات لەلایەکی دیکەوە، پێویستی بە دۆزینەوەی ڕێگەی سێیەم هەیە، ئەویش بریتییە لە گێڕانی ڕۆڵی نێوانگیر. ئەمە ڕێگەیەکی درێژە و کاری زۆری دەوێت، بەڵام کاتی خۆی لە تورکیاش دانووستاندن لەنێوان دەوڵەت و پەکەکە لە مەحاڵ بە مەحاڵتر دەزانرا. ئەوکات هەوڵەکانی سەرکردایەتیی کوردستان و بەتایبەتیش نێوانگیریی #نێچیرڤان بارزانی#، داننان بە ئۆجەلان و گەیشتنی فراکسیۆنی گەورەی کوردی بە پەڕڵەمانی تورکیای لێکەوتەوە، کە بەداخەوە دواتر ئەو هەوڵانە لەباربردران.
دەکرێ بۆ ڕۆژهەڵاتیش لەجیاتی ئەوەی هەولێر موجامەلەی تاران یان تەڤگەری ڕۆژهەڵات بکات، بەڕاشکاوی تێیانبگەیەنێت کە ناتوانێت لەبەرخاتری لایەکیان دژی لایەکەی دیکە بێت. بەڵکوو دەتوانێ ئەو ڕۆڵی نێوانگیرییە بگێڕێت کە هەم واقیعبینانەیە و هەم ڕێگەی ڕاستیشە بۆ گەیشتنە چارەسەری درێژخایەن بۆ دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. [1]