ناونیشان: بۆچی نەبوومە کودەتاچی؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #18-07-2016#
هەرچەندە هەوڵە شکستخواردووەکەی کودەتا لە تورکیا بووە بەشێک لە ڕابردوو، بەڵام نابێ وەک ڕووداوێکی ڕۆژانە تێپەڕێت. بەتایبەتیش بۆ کورد هەم ئەگەر کودەتاکە سەری بگرتایە و هەم ئێستا کە سەری نەگرتووە دەرهاویشتەی دەبوون و دەبن. من لە یەکەم چرکەوە دژی کودەتاکە بووم. باکیشم بەوە نەبوو فەیسبووکڤانی بێئاگا چیم لەسەر دەڵێن. هۆیەکەشی ڕوونە: ئەوەی کورد پاش سەرکەوتنی کودەتا لەدەستی دەدا، زۆر بوو و ڕیسێکی زۆری لێ دەکردینەوە بە خوری.
ڕاستییەک هەیە: مێژووی مەینەتییەکانی کوردی باکوور هەمیشە لەسەردەمی فەرمانڕەوایی عەسکەر و پاش کودەتاکان لە تورکیادا خوێناویتر بووە لە قۆناخەکانی دیکە. دانیشتن لەگەڵ سیاسەتمەدارانی باکوور یان شایەتحاڵەکانی کودەتاکانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەسن بۆ ئەوەی وێنە گەورەکە ببینیت. وێنەی کوشتاری بێ لێپێچینەوە و داپڵۆسین و بەزۆر تورکاندنی کورد لەسەر دەستی فەرماندەکانی سوپای تورکیا. بۆیەش پشتیووانیکردن لە کودەتایەک کە هەر دەیەیەک جارێک مەرگەساتی گەورەتری بۆ کوردی باکوور بەدواوە بووە، لەلایەن هەر کوردێکەوە بێت شێتییەکی گەورەیە.
لەو پەیامەی کودەتاچییەکان لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە خوێندیانەوە، پێداگیریی زۆری تێدابوو بۆ گەڕانەوە بۆ بنەماکانی “دەوڵەتی لائیک” و “هزری ئەتاتورک”. لە سەت ساڵی ڕابردوودا ئەو دوو دەستەواژەیە سەرپۆشێک بوون بۆ ئەوەی بەناوی پاراستنی سیستمی لائیکییەوە جووڵانەوە چەپ و ئاییندارەکانی باکووری کوردستان سەرکوت بکرێن. بیرۆکەی تورکاندنی کوردیش لەو پارچەیەی کوردستان و ناونانیان بە تورکی شاخی هەڵقوڵاوی “هزری ئەتاتورک” بوو.
هەستدەکەم ئەو کاردانەوەیەی پەکەکە لە شەوی هەوڵە شکستخواردووەکەی کودەتادا نواندی پەیامێکی ناڕاستەوخۆی تێدابوو. ئەویش ئەوە بوو کە هەرچەندە ئێستا پەکەکە لەگەڵ حکومەتی ئاکەپە و ئەردۆغان لەشەڕدایە، بەڵام چاک دەزانێت ئەگەر بڕیار بێت کێشەی کورد لە باکوور چارەسەر بێت، هیچ موخاتەبێکی باشتر لە ئاکەپە و ئەردۆغانی نییە و ئەڵتەرناتیڤەکانی خراپترن.
بۆ باشووری کوردستانیش ئەو حەماسەتە تێنەگەیشتووانەیەی لەسەر فەیسبووک بۆ پشتیووانی لە کودەتاچییەکان هەبوو هەڵەیەکی گەورە بوو، هەرچەندە هۆکارەکەی ڕوونە. بنەمای بیرکردنەوەکەش ئەوەیە کە بە با و بە باران لە تەمەنی بەفر کەم دەبێتەوە (کە لە کەیسی ئێمەدا دەبێتە پارتی!) ، بەڵام ناکرێ کوردی باشوور لە گۆڕانی سیستمی حوکمڕانی بەئاڕاستەی خراپتردا لە هەر وڵاتێکی داگیرکەری کوردستاندا، هێندە بێموبالات و کوورتبینانە بیربکاتەوە. بۆ نموونە ئەگەر لە ئێران سیستمێکی خراپتر لەوەی مەلاکان خۆی بسەپێنێت، ناتوانین نیگەرانی گۆڕانکاری لە سیاسەتی سەربازی و ئابووری و دیپلۆماسیی بەئاڕاستەی دوژمنایەتیکردنی باشووری کوردستاندا نەبین. بۆ تورکیاش بەهەمانشێوەیە. لەگەڵ دەوڵەتێک کە #هەولێر# ڕێککەوتنی گەورەی وزەیی لەگەڵ هەن (سەرەڕای هەبوونی تێبینی لەسەر ئەو ڕێککەوتنانە) ، هەروەها تاکە دەریچەی بەستنەوەی باشووری کوردستانە بە ئەوروپا و دنیای دەرەوە، بەتایبەتیش لەم قۆناخەدا کە شەڕی #داعش#یش هەیە، ناکرێ هەر هیچ نەبێ چینی دەستەبژێری باشوور چەپڵە بۆ کودەتا لێبدات و پێش هەموان بەیعەتی پێبدات.
ئێستا کە کودەتاکە شکستیهێناوە، زەمینەیەکی لەبارتر هەیە بۆ ئەوەی ئاکەپە و پەکەکە بێنەوە سەر مێزی دانووستاندن. چونکە هەم ئاکەپە تێگەیشت تا شەڕ لە باکوور بەردەوام بێت دەسەڵاتی عەسکەر لە وڵاتەکەیدا زۆرتر دەبێت و ڕیسکی خراپ بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتە زیاد دەکات، هەم پەکەکەش ئەو ڕاستییەی دیت کە ئەڵتەرناتیڤی ئاکەپە بۆ دانووستاندن خراپتر دەبێت لە ئاکەپە. بۆ کوردی باشووریش ئەمە بووە وانە کە جارێکی دیکە ڕوودانی کودەتا لە ئەنقەرە یان تاران یان دیمەشق و تەنانەت بەغداش وەکوو یاریی تۆپی پێ تێنەگەن و هەر زوو چەپڵەی بۆ لێنەدەن. [1]