ناونیشان: مالیکی بۆ هات، بۆ چوو؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #25-07-2016#
نووری مالیکی، کە ناوهێنانی بودجە و مووچەی بڕاوی کوردستانمان بیردەهێنێتەوە، هەفتەی ڕابردوو لە #سلێمانی# بوو. سەردانێکی سەیر و بێدەنگییەکی سەیرتری شاریشی بەدواداهات. ئەوەی لەسەر ئەجێندای سەردانەکە دەگوترێت، جگە لە لێدوانێکی کەسێکی نزیک لە مالیکی، هیچیان بەڕوونی نایڵێن بۆ هاتبوو. لە کۆنگرە ڕۆژنامەڤانییەکەی نێوان مالیکی و #مەلا بەختیار#یشدا ئەوە گوترا کە نەشگوترابا هیچ نەدەگۆڕا.
محەمەد سەیهوود-ی نزیک لە مالیکی ئاشکرای کردووە کە هەوڵێک هەیە بۆ درووستکردنی هاوپەیمانێتییەکی نوێ لەنێوان باڵی مالیکی لەنێو حیزبی دەعوە لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی. هەرچەندە نە یەکێتی و نە گۆڕان ئەمەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ئەو ئاماژانەی دیارن ئەگەری درووستکردنی هاوپەیمانێتییەکی وا بەدوور نازانن. بەتایبەتیش کە باسی ئەوە دەکرێت بەشێکی عەرەبی سوننەی ئێراق و تورکمانەکانیش دەچنە نێو هاوپەیمانێتییەکەوە.
ئەم هەوڵە زۆرتر لە دوایین هەوڵی ئەو لایەنە ئێراقی و نێودەوڵەتییانە، بەتایبەتیش ئێرانییانە دەچێت کە بۆ ڕزگارکردنی ئێراق لە پارچەپارچەبوون دەیدەن. بەشێوەیەکی ڕوونتریش بەلایەنی کەمەوە ئەو دەستکەوتەی دەبێت کە ئەگەر هەوڵی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان پەکیشنەخات، دوایدەخات. بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی پێمانوابێت مەنتیقییە گۆڕان و یەکێتی بچنە هاوپەیمانێتییەکی واوە کە دووبەرەکیی نێوماڵی کوردستان قووڵتر دەکاتەوە؟
یەکێتی بەحوکمی ئەوەی پێشتر و ئێستاش پۆستی سەرۆککۆماری ئێراقی هەبووە، خاوەنی ئەجێندایەکی ئێراقیتر بووە لە حیزبەکانی دیکەی کوردستان. بە لێدوانی بەرپرسان و نوێنەرانی ئەو حیزبە لە بەغدا و تەنانەت هەندێکیان لە کوردستانیشەوە دیار بووە کە ئۆباڵی تێکچوونی نێوانی #هەولێر# و بەغدا دەخەنە ئەستۆی بارزانی و پارتی و بەگوتەی ئەوان کێشەکان قابیلی چارەسەرکردنن و ڕێگەی کۆتاییش هەر گەڕانەوەیە بۆ بەغدا. بەڵام ئەو تێڕوانینە کەمتر لەنێو گۆڕاندا هەستی پێکراوە و مەیلێکی بەهێز بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا و سفرکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ ئەوێ بەزەقی دەرنەکەوتووە. لەکاتی نووسینەوەی دەستووری ئێراقیشدا ئەوەی لەسەر کاک نەوشیروان زانراوە، هێندەی هەڵوێستی کوردستانی بوون، هێندە هەڵوێستی ئێراقچییانە نەبوون.
جا پرسیارەکە دووبارە دەبێتەوە: ڕێی تێدەچێت گۆڕان و نێوەندەکانی بڕیاردانی یەکێتی بچنە ڕێککەوتنێکەوە کە یەکەم: سەرەداوەکانی لەدەستی مالیکییەکە هەڵوێستە دژە کوردستانییەکانی لەبیر خەڵک نەچوونەتەوە؟ دووەمیش: یەکدەنگی و یەکڕیزیی نموونەیی و هەمیشەیی کورد لە بەغدا دەخاتە گۆڕەوە؟ بێگومان بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی دانووستاندن و ئامادەگیی پەرتەوازەی کورد لە بەغدا لە شەستەکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆمان دەردەکەوێت کە بڕیاری وا چەندە کورد بێسەنگ دەکات.
بەشبەحاڵی خۆم بەدووری دەزانم گۆڕان و یەکێتی بچنە پڕۆژەیەکی واوە، بە مەرجێک لە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی نائومێد نەبووبن. پێشموایە نەخشەڕێگەی ڕزگارکردنی کوردستان لە ناکۆکی و پەرتەوازەیی زۆرتر ئەوەیە کە هەم پارتی و هەم گۆڕان و یەکێتیش لە کەلی شەیتان بێنە خوارەوە و ئەو دەستکەوت و سەرکەوتنە کاتییەی بەتەمان لەودیوی سنوورەکانی کوردستان دەستیبخەن، لە خاکی خۆیان و لەگەڵ یەکدی بۆ درێژخایەن گەرەنتیی بکەن.
[1]