ناونیشان: هێڵی سووری ئێران
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #15-08-2016#
کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵەکانی لەسەر ئاستی ناوچەیی و ئێراقی و باشووری کوردستان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر نیازێک هەبێ بۆ درووستکردنی دەوڵەتی کوردستان، سارد بکرێتەوە. جگە لەو هەوڵانەی لە ناوچەکەدا داویەتی، لەو پەیامەشدا کە ئێران لە ڕێگەی شاندێکی یەکێتییەوە بۆ سەرکردایەتیی کوردستانی ناردووە، دەڵێت دەوڵەتی کوردستان هێڵی سوورە، بەڵام دەکرێ ئەمە #هەولێر# سارد بکاتەوە؟
ئەگەر ڕاست بێت و تورکیا و ئێران و ڕووسیا لەسەر کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا گەیشتبنە ڕێککەوتن، مەرج نییە ویستی ئێران بۆ ڕێگرتن لە درووستکردنی دەوڵەتی کوردستان لەو ڕێککەوتنەدا ئەگەر پەسندیش کرابێت، ببێتە کردەوە. بۆ تورکیا ڕێگەگرتن لە ڕەگداکوتانی پەکەکە لە ڕۆژاوای کوردستان بووەتە هێڵی سوور. ڕێگەکانی گەیشتن بەو ئامانجەش بۆ دەوڵەتێک کە ئەردۆغان سەرۆکی بێت و سەرۆکوەزیرێکی پراگماتیکی وەک یڵدرمی هەبێت، هیچ گرنگ نییە چۆن دەبێت. بەڵام هەر ئەو پراگماتیزمە ڕێگە دەگرێت لەوەی بە هەر نرخێک بێت باشووری کوردستان وەک کێکێک ڕادەستی ئێران بکات و ئەو هەڵەیەی ئەمریکا پاش ڕووخاندنی سەدام لە بەغدا کردی، لە هەولێر دووبارە بکرێتەوە.
بارزانی هەفتەی ڕابردوو دیسان دووپاتیکردەوە کە کوردستان هیچ چارەیەکی نییە جگە لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی و ڕۆیشتن بەرەو سەربەخۆیی. باجەکەشی، وەک ئەو باسیکرد، هەرچییەک بێت دەبێ بدرێت.
هەوڵی ئێران و قایلکردنی تورکیا بە پڕۆژەی ڕێگەگرتن لە سەربەخۆیی کوردستان بۆیە سەرکەوتوو نابێت چونکە چیدیکە ئومێد بە یەکپارچە مانەوەی ئێراق نەماوە. ئەوەی ئێستا ئێران دەیکات دوایین هەوڵە بۆ هێشتنەوەی ئەو یەکپارچەییە، بەڵام بەشی ئەوەندە شت ڕوویداوە کە جارێکی دیکە ئێراقییەکان نەتوانن پێکەوە بمێننەوە. لەوکاتەشدا نە ئێران و نە تورکیا و نە هیچ دەوڵەتێکی دیکە ناتوانن ئەو چاوەڕوانییەیان لە کوردستان هەبێت کە ئێراق پارچەپارچە بێت و کورد دەستەوەستان دانیشێ. واتە ئەگەر هەڵوەشانەوەی ئێراق بۆ چەند مانگ و ساڵێکیش دوابخرێت، دواجار هەر ڕوودەدات.
ئەو دەنگانەی ئێستا ئێران دەیەوێ لەنێوەوەی باشووردا بە بانگهێشتکردنی سەرکردەکانی بۆ تاران و بە کاریگەریدانان لەسەر ڕاگەیاندن بەرزی بکاتەوە بۆ ساردکردنەوەی خەڵکی باشوور لە سەربەخۆیی و بەوەی کە هەنگاوێکی مەترسیدارە، دەبێ ئەوە بیری باشوورییەکان بهێنێتەوە کە ئەگەر کورد لە سەت ساڵی ڕابردوودا گوێی لەو جۆرە قسانە گرتبایە، نەدەبوو شۆڕشێکیشی کردبا و دەبووایە چاوەڕێ بێت تاوەکوو کاتی گونجاو درووست دەبێت بۆ شۆڕشکردن، بەڵام ئایا ئەوکات کورد بەرگەی ئەسیمیلەبوون و لەنێوبردنی دەگرت؟ بێگومان نەیدەگرت. بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە خۆمان بۆ ڕووداوە گەورە چاوەڕوانکراوەکانی ئاییندەی نزیک، کە لەئێستاوە تاوەکوو چەند ساڵی داهاتووە، ئامادە بکەین و بەرانبەر یەکدیش سەرکردەکانمان لە کەلی شەیتان بێنە خوارەوە. ئەگەر پێچەوانەی ئەمە ڕووبدات، وەک مەحموود سەنگاوی لە #هەڵەبجە# بەسادەیی و مانادارانە گوتی: ئەوە نەکەین حورمەتمان دەشکێت. [1]