ناونیشان: ئەمریکا دۆستمانە؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #30-08-2016#
پێداگیرییەکانی جۆو بایدن لە تورکیا لەسەر بێئاگایی پێشوەختەی ئەمریکا لە هەوڵی کودەتا، قسەی ڕاست بوون و نوێش نەبوون. چونکە شەوی کودەتاکە و ڕۆژانی دواتریش کۆنە بەڕێوەبەرانی سی ئای ئەی و دیپلۆماتکارانی ئەمریکی هاتنە سەر تەلەڤزیۆن و بەسەرسوڕمانەوە گوتیان: ئەو ستایلەی کودەتای پێکراوە لە ستایلی ئێمە ناچێ و قەت لە هیچ شوێنێکی دنیا ئەمریکا وا بە ناڕێکوپێکی کودەتای نەکردووە. ئەوەی لە قسەکانی بایدندا نوێ بوو، ئەو خۆدزینەوەیە بوو لە بەیەکجاری ڕەتکردنەوەی تەڤگەری کوردی لە ڕۆژاوای کوردستان. بایدن بەوە خۆی پەڕاندەوە کە سەرکۆنەی کردەوەکانی نێوەوەی تورکیای کرد و هەم هی پەکەکە و هەم هی #داعش#ی بە تیرۆر ناساند. ڕۆژی دواتر جۆن کێری، وەک گوتەبێژی #یەپەگە#، لێدوانێکی دا و ڕایگەیاند کە یەپەگە لە منبج دەکشێتەوە و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەمێننەوە.
وەک بڵێی کەس نەزانێت یەپەگە و #هەسەدە# دوو ڕووی یەک دراون!
ئەو نیگەرانییەی دوو هەفتە بوو لە بەشەکانی کوردستاندا بەهۆی نزیکبوونەوەی ئێران و تورکیا و ڕووسیاوە درووست ببوو و دیاربوو زیانمەندی گەورە تێیدا کورد دەبێت، وردەوردە بەهۆی لێدوانی ئەمریکییەکان سەبارەت بە ڕۆژاوا و باشووری کوردستان و سەردانە فەرمییە پرۆتۆکۆڵییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا ڕەوییەوە. بەڵام دیسانیش کەڵکەڵەی پرسیارێک دەستمان لێ بەرنادات: ئایا ئەمریکا دۆستمانە و ئاشبەتاڵێکی دیکەمان پێ ناکاتەوە لەدوای شەڕی داعش؟
جارێ گرنگە بزانین نە کورد کوردەکەی ساڵانی حەفتاکانە، نە ئەمریکا و ئێران و تورکیاش هی ئەو سەردەمەن. هەرچەندە ئەو قسەیەی جارێک کاک مەسعود سەبارەت بە کوردی ڕۆژاوا کردی ڕاستە کە گوتی گەرەنتییان وەرنەگرتووە بۆ ئاییندەیان و وەکوو شەڕکەر لە دژی داعش بەکاردێن. بەڵام ئەوەی لە زاری ئەمریکی و لایەنەکانی دیکەوە دەیبیستین هەمان ئەو قسانەن کە سەرەتای نەوەتەکان سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش دەیانکرد: ڕێگە نادەین کیانێکی کوردی درووستبێت کە سووریا دابەش بکات. ئەم قسەیە هەم تورکیای پێ بێدەنگ دەکرێت و هەم بوار بۆ دۆستایەتی لەگەڵ کوردیش لەو پارچەیەدا دەهێڵێتەوە.
سەبارەت بە باشووری کوردستانیش ڕێککەوتنە سەربازییەکەی #هەولێر# و واشنتن گرنگە و بەداخەوە سەرکردایەتیی کوردستان نەیتوانیوە خەڵکی کوردستان تێبگەیەنێت کە بۆچی ئەو ڕێککەوتنە گرنگە. ئەگەر مەسەلەی ئابووری و وزەش بەلاوەبنێین، بۆ ئەمریکایەک کە حزووری لە ناوچەکەدا بەهۆی لاملی و هۆشیاربوونەوەی گەلانی ناوچەکەوە کەوتووەتە مەترسییەکی جدییەوە، مانەوە و پەرەپێدانی کیانێکی کوردی قازانجی ستراتیژیی درێژخایەنی هەیە. بۆیە دەگەڕێمەوە سەر وەڵامی پرسیاری ناونیشانی گۆشەی ئەم هەفتەیەم و دەڵێم: ئەمریکا چیدی دۆستی کورد نییە، بەڵکوو هاوپەیمانێتی. بە مەرجێک کورد زیرەکی بکات و باش بزانێت کاتی گەرەنتیکردنی هێشتنەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە تا پاش کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵە. [1]