ناونیشان: چیرۆکی باڵەکانی یەکێتی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #07-09-2016#
چیرۆکەکە دوو بەشە. بەڕواڵەت پەیوەندییەکی وایان پێکەوە نییە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە سیناریۆیەکن و تەواوکەری یەکدین. لە چیرۆکی یەکەمدا هەفتەیەک زۆرتر هەموو چاوەکان لەسەر #سلێمانی#ن. وادەی دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتە لە سلێمانی، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان گۆڕان و یەکێتیدا هەیە. گومان دەکرێت یەکێتی ئامادەبێت پۆستی پارێزگار بۆ کاندیدەکەی گۆڕان چۆڵ بکات. ئەو کاندیدەی زۆرتر لە دووسەت هەزار دەنگی خەڵکی سلێمانیی هێناوە، دوودڵە لەوەی یەکێتی وا بەئاسانی ڕێگەی بدات نازناوی جەنابی پارێزگار هەڵبگرێت.
لە وادەی خۆیدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەبەسترێت. کاندیدەکەی گۆڕان دەبێتە پارێزگار، بەڵام کاندیدەکەی یەکێتی، لە دوایین چرکەدا دەگۆڕێت. دیمەنەکان ڕاستەوخۆ لە تەلەڤزیۆن و ڕادیۆی ڕووداوەوە پەخش دەبن. ئەو کەسەی تا دوێنێ کاندیدی یەکێتی بووە بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، هەموان تووشی شۆک دەکات. لەجیاتی ئەو کەسێکی دیکە کاندیدکراوە و ئەو پێی ڕازی نییە. بۆیە دەیکاتە هەرا و لەگەڵ کۆمەڵێک ئەندامی دیکەی یەکێتیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دژی بڕیاری فەرمیی حیزبەکەیان دەوەستنەوە. هەموان حەپەساون و کۆمەڵێک پرسیاریان لەلا درووست بووە: چۆن دەکرێت لەنێو جەرگەی سلێمانی کۆمەڵێک کادیری باڵای یەکێتی لە حیزبەکەیان یاخی ببن؟ چۆن سلێمانی قبووڵی دەکات ئەو کۆمەڵە کادیرە یاخییە ڕێککەوتنە تووندوتۆڵەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی تێکبدەن و تەگەرەی بۆ درووستبکەن؟ قسە زۆر دەکرێن و زۆر لێدوان دەدرێن، بەڵام کەس تێناگات ئەمە چی بوو ڕوویدا.
چیرۆکی دووەم سەرلەئێوارەی پێنجشەممەی ڕابردووە. هاوکات لەگەڵ هاتنەوەی #مام جەلال# لە سەفەری دەرەوەی وڵات، هەردوو جێگرەکەی و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی یەکێتی بە ڕاگەیەنراوێک ناوەندی بڕیار ڕادەگەیەنن. شەو لاهوور تاڵەبانی دەڵێت: هێرۆخان ئاگای لەو ڕاگەیەنراوە نییە و خەریکی جگەرەکێشان و قاوەخواردنەوەیە. دیسان کۆمەڵێک پرسیار دەپرسرێنەوە: بۆچی لە ڕۆژی هاتنەوەی مام جەلالدا ئەمە ڕوودەدا؟ بۆچی وا لەپڕ ئەو سەرکردانەی یەکێتی گەیاندیانە مریشکەڕەشە؟ ئایا ئەمە جیابوونەوەیەکی نوێیە لەنێو یەکێتیدا و درووستکردنی بزووتنەوەیەکی هاوشێوەی گۆڕانە یان نا؟
ڕۆژانی دواتر لە ڕێی لێدوانی سەرکردەکانی یەکێتییەوە وێنە گەورەکەمان بۆ کامڵ دەبێت. دەردەکەوێت چیرۆکی سێیەمیش هەیە و ئەویش گرێدراوە بەو دوو چیرۆکەی دیکەوە. بەڕێوەبەری ئاساییشی #گەرمیان# بە فەرمانێک دەگۆڕدرێت، بەڵام لە بڕیاری حیزبەکەی یاخی دەبێت. مەحموود سەنگاوی بە ڕووداو دەڵێت: ئەو هەڤاڵە زوڵمی لێکراوە و نابێ وا سزابدرێت.
وردەوردە دەردەکەوێت هەم یاخیبوونەکەی بەڕێوەبەری ئاساییشی گەرمیان و هەم یاخیبوونی کاندیدە گۆڕدراوەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییش یاخیبوونی تاکەکەسی نەبوون. کێشەکە گەورەترە و ئەم جارە لەجیاتی پەنجەکان، باڵەکان یەکدی دەشکێنن. ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو باڵەی یەکێتی هێندە قووڵن کە چیدیکە ناکرێ بێدەنگییان لێبکرێت. ئەو یەکێتییەی زۆر جاری دیکەش ناکۆکی و کێشەی هاوشێوە تێیدا ڕوویداوە، هەمیشە سەرکردەکانی بەئومێدەوە گوتوویانە: ئەم قۆناخەش دەرباز دەکەین، بەڵام ئەم جارە هێندە شێلگیرانە وا ناڵێن. ڕەنگە هۆیەکەشی ئەوەبێت کە ئەمجارە، بەپێچەوانەی هەموو جارەکانی دیکەوە، مام جەلال غائیبە بۆ ئەوەی باڵە ناکۆکەکان یان کۆبکاتەوە یانیش وەکوو ئەزموونی #بزووتنەوەی گۆڕان# ماڵیان لەگەڵ جیابکاتەوە. زۆرکەس ئومێدی بەوەیە کاک نەوشیروان جێگەی مام پڕبکاتەوە، بەڵام ئەو دیسان سەفەری هەیە و پێشتریش پێیگوتوون: کارم بەسەر کێشەکانی نێو یەکێتییەوە نییە.
کۆتایی ئەم چیرۆکانە هێشتا دیار نییە. ڕەنگە وەک جاران یەکێتییەکان دەیانگوت: جەستەی حیزبەکەی مام جەلال بە دوو باڵەوە لە شەقەی باڵ بداتەوە. ڕەنگیشە باڵەکان یەکدی بشکێنن و جارێکی دیکە جەستە شەکەتەکە ئاسمان نەبینێتەوە. [1]