ناونیشان: کێ غەدری لە #سلێمانی# کردووە؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #26-09-2016#
ئەگەر بە سیلەی ڕەحمیش بێت، پێمخۆش نییە ماڵە خەزوورانە سلێمانییەکانم غەدریان لێبکرێت، بەڵام ئەگەر بەپێی ئەو داتا و زانیارییانە بێت کە لەئاستانەی 27ی ئەیلوولدا میدیای یەکێتی لە سلێمانی بڵاویدەکەنەوە، کە زۆر لایەن گرەویان لەسەر خۆپیشاندانی سەرتاسەری و تەنانەت ڕاپەڕینیش کردووە لەو ڕۆژەدا، هەستدەکەی زوڵمێکی گەورە لەو شار و پارێزگایە کراوە. بۆ نموونە لەکۆی 749 پڕۆژەی مۆڵەتپێدراو لە هەرێمی کوردستان، پشکی سلێمانی تەنیا 28%ی پڕۆژەکان بووە، کەچی ڕێژەی دانیشتوان و پشکیان لە سامانداریی سرووشتیدا دەگاتە 40%ی هەرێمی کوردستان. هەرواش بۆ کەسێکی وەک من کە هەم بە سیلەی ڕەحم و هەم لەژێر گوشاری ویژدان و هەم بە مەنتیقی لێکجیاکردنەوەی ڕاست و ناڕاست دەمەوێ لە شتەکە تێبگەم، دەمەوێ بزانم: ئەگەر سلێمانی غەدری لێکرابێت، کێ لێیکردووە؟
هەموو کەس دەزانێت لەدوای ساڵی 1994ەوە، دوو هەرێمی سەوز و زەرد درووستبوون و تاوەکوو ئەمڕۆش نەبوونەتەوە یەک. بۆیەش ئەوانەی لەوە دەترسن لە کوردستان دووئیدارەیی درووستبێتەوە یان ئەوانەش کە هەڕەشە دەکەن کوردستان بگەڕێننەوە بۆ دووئیدارەیی، لەبیریانچووە کە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو کوردستان هیچکات بەتەواوەتی یەکئیدارە نەبووە. ئەوەی کە هەبووە ڕێککەوتنێکی دووقۆڵیی نێوان #مام جەلال# و کاک مەسعود بووە بۆ ئیدارەدانی دوو ئیدارەکە و دابەشکردنی پۆستەکان لە بەغدا و پاراستنی یەکڕیزی لەدەرەوەی کوردستان. لەبنەڕەتیشدا #بزووتنەوەی گۆڕان# لەسەر بناخەی جووڵانەوەیەکی ڕیفۆرمخوازانەی نێو یەکێتی دامەزرا کە ناڕازی بوو لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئیدارەی سەوز و ڕێککەوتنی لەگەڵ ئیدارەی زەرد.
کەواتە ئەگەر لە #هەولێر# و دهۆک کەموکووڕی و پشتگوێخستن و برسیکردنی خەڵک و سنووردارکردنی ئازادییەکان و نەبوونی تەناهی هەبێت، دەبێ یەخەی پارتی بگیرێت. ئەگەر لە سلێمانی و زۆنی سەوز و نیلیش ئەمە هەبوو، دەبێ یەخەی یەکێتی و کۆنە یەکێتییەکانی جاران و گۆڕانەکانی ئێستا بگیرێت.
ڕەنگە هەبن بڵێن: بەڵام پایتەخت بەدەست پارتییەوەیە و پارە و دەسەڵات و دیپلۆماسی و سەرکردایەتیی جەنگیش کەوتووەتە دەست پارتی. ئەمە ڕاست نییە و نابێ ئەندامی یەکێتی یان گۆڕان بەو قسەیە فریو بخوات. ئەمە وەکوو ئەوە وایە کە ئەندامی پارتی بەوە فریو بخوات کە پێیبڵێن سەرچاوەی بێ مووچەیی و نەهامەتییەکانی هەولێر و دهۆک تەنیا بەغدایە و پارتی و سیاسەتەکانی پارتی هیچ ڕۆڵێکیان لەوەدا نییە.
بەپێی ئەو داتایانە بێت کە میدیای یەکێتی لەمڕۆژانەدا مارکێتینگی بۆ دەکەن و بەهۆیەوە دەیانەوێ بیسەلمێنن سلێمانی پشتگوێخراوە و غەدری لێکراوە، خەڵکی سلێمانی مافی خۆیانە تووڕە بن و بێنە سەرشەقام و بەڕێگەی ناتووندوتیژانە داوای مافەکانیان بکەن. بەڵام دەبێ لەوانەی بکەن کە ئەگەر لە سلێمانی بێ بەرنامە بوون و نەیانزانیوە بەباشی شارەکە بەڕێوەببەن، ئەی بۆ چەندین ساڵە بە نوێنەرایەتیی سلێمانی لە حکومەتی کوردستاندا لە هەولێر بەشداربوون و هێشتیان لەوێش مافیان بخورێت؟
سلێمانی هەمیشە شارێکی هۆشیار بووە، بەڵام لە ڕووداوەکانی 17ی شوبات و بەدوایدا لە ڕووداوەکانی پاردا، کە ئەنجامەکەی سووتاندنی بارەگاکانی پارتی بوو و لە زۆر بۆنە و یادی دیکەشدا ناڕەزایەتییەکانیان بەلاڕێدا براون و ئەوەی بۆی هاتبوونە سەرشەقام لەبیریان بردراوەتەوە. من خەڵکی سلێمانی بم ناهێڵم ئەم جارە ئەمە ڕووبدات و بەڕوونی دەزانم چیمدەوێ و لە کێم دەوێت. [1]