ناونیشان: وێنە ناتەواوەکە لە بەغدا
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #03-10-2016#
شاندی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانی لە بەغدا بوو. سەرۆکی هەرێمێکی سەر ڕێگەی سەربەخۆیی، بە فڕۆکەی ئەمریکی چووە پایتەختی ئێراقی بێهیوایی و بێ ئاشتی و لەوێش وەک سەرۆکی وڵاتێکی هاوسێ پێشوازیی لێکرا. سەرۆکوەزیرانی ئێراق لەو شوێنەدا کۆنگرەی ڕۆژنامەڤانیی لەگەڵ بەست کە هەمیشە لەکاتی سەردانی سەرۆکی وڵاتان و سەرۆکوەزیران کۆنگرەی تێدا دەبەستێت. وێنەکان بە دیوە ئێراقییەکەیدا جوان بوون، بەڵام بە دیوە کوردستانییەکەیدا کەموکووڕییان هەبوو.
لە هەشتاکانەوە لەو دانووستاندنانەی لەگەڵ بەغدا کراون، کاک نەوشیروان بینراوە. زۆربەی جاریش لەگەڵ کاک مەسعود لە تەنیشت یەکدی بینراون. بەشێکی گرنگ لەو زانیارییانەی نەوەی ئێمە لەسەر دانووستاندنەکانی ساڵانی هەشتا و سەرەتای نەوەتەکان و دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددامیش هەمانە، لە بیرەوەرییەکانی کاک نەوشیروان و گێڕانەوەکانی دیکەوە وەرمانگرتوون. بۆیە ئێستا کە کاک مەسعود لە بەغدا دەبینینەوە، هەستدەکەین بەبێ کاک نەوشیروان و جاران #مام جەلال#یش، وێنەکە پارچەیەکی ماوە و تەواونەکراوە.
دیمەنێکی دیکە کە هەمیشە دەماندیت، دیمەنی ئەوکاتانە بوو کە لە گرژترین دۆخیشدا لەنێوەوەی کوردستان مامۆستا عەلی باپیر دەبیندرا کە سەردانی بارزانی دەکات یان شاندێکی باڵای پارتی سەردانی ئەو دەکەن و ئاو بە ئاگرە یەک لەدوای یەکەکاندا دەکەن. کەچی ئەویش لەو سەردانە گرنگەدا، کە دەبووایە لەگەڵ بارزانی لە بەغدا بێت، نەبیندرا. وێنەکە هێندەی دیکەش تەواونەکراو بوو.
ئێمە دوو ئەزموونی پێکەوەبوونی سەرکەوتووی کوردمان هەیە لە بەغدا. ئەزموونی یەکەم ئەوکاتە بوو کە بەرەی کوردستانی پێکەوە چوونە بەغدا و بەدوایدا پاش سەرنەکەوتنی دانووستاندنەکان، پێکەوە هەڵبژاردن و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردە کردەوە. ئەزموونی دووەمیش پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام بوو، کە دیسان هەموان پێکەوە چوون و لە دەستووری ئێراقدا، ئەگەر لەسەر کاخەزیش بێت، فیدراڵییان بۆ کوردستان چەسپاند.
بەڵام لە ئەزموونی سێیەمدا کە باسی سەربەخۆییە، کورد لە بەغدا یەکدەنگ و یەک بەرە نەبوون. پەڕڵەمانتارێکی گۆڕان وا باسی بارزانی و سەردانەکەی کردبوو کە عەرەبێکی شۆڤێنیش وا قسە ناکات. پارتییەکانیش لەنێوەوەی کوردستان وا بێباکانە باسی غیابی ئەندامی گۆڕان و کۆمەڵیان لە شاندەکەی کوردستاندا کردبوو، وەک بڵێی بکرێت بە پشتگوێخستنیان بەیەکجاری بسڕدرێنەوە.
کەس ئەزموونی نەبێ پارتییەکان ئەو ئەزموونەیان هەیە کە یەکدی سڕینەوە و پشتگوێخستن سەرناگرێت و هەڵەیە. چونکە ئەگەر ئەوە کرابووایە، کورد کە دەڵێن حەڤدە لەسەدی ئێراق پێکدەهێنن، دەبووایە دەمێک بووایە لە ئێراق سڕدرابانەوە. جا چ بگات بەوەی کە دوو لە پێنج گەورەترین حیزبی وڵاتێک بسڕیتەوە و پێشتوابێ ئەمە دەکرێ سەرکەوتوو بێت.
ڕاستییەکەی سەرکردەکانی پارتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکێتی و یەکگرتوو و حیزبەکانی دیکەش لە من و تۆی هاووڵاتیی سادە باشتردەزانن کە هەموویان پێکەوە دەتوانن وێنە گەورەکە پیشانی دنیا بدەن و ئەگەر جگە ئەوە بکەن هەڵەن، بەڵام لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە وا ڕاهاتوون و دەست و پەنجەیان پێکەوە نەرمکردووە کە پیشاندانی نیوەوێنەیەکی خۆیان پێ گرنگتر بێت لە وێنە تەواوە گەورەکەی هەموان. بەڵام ئەم جارە کە سەربەخۆیی لەبەردەرگایە، ئەم بیرکردنەوەیە نەک لە ئامانجە گەورەکە نزیکیان ناکاتەوە، بەڵکوو دیسان دووریشیاندەخاتەوە. [1]