ناونیشان: #سلێمانی# جیاناکرێتەوە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #14-11-2016#
لە خۆپیشاندانەکەی هەفتەی ڕابردوودا لە سلێمانی، خۆپیشاندەر هوتافیان بۆ عەبادی کێشا. ئەمەش هەرچەندە دەربڕینێکی سیمبۆلیک بوو بۆ پیشاندانی ناڕەزایی بەرانبەر بەردەوامبوونی بێ مووچەیی، بەڵام زۆر کەسی هێندە نیگەران کرد کە کەوتنە توانجگرتن لە شاری سلێمانی و مێژووی کوردایەتییەکەی. ئێستا با بێین بە ئەعسابی ساردەوە بپرسین: هەم هوتافدان بۆ عەبادی و هەم ئامادەکردنی پڕۆژەش بۆ جیابوونەوەی سلێمانی لە #هەولێر# چی لێ شین دەبێ و چەند ئاییندەی هەیە؟
پێویست نییە بیر کەسی بهێنینەوە کە سلێمانی پایتەختی مەملەکەتی باشووری کوردستان و شاری ڕادەستنەبوون بە بڕیاری خوڵقاندنی دەوڵەتی ئێراق بووە. بۆیە مەنتیقی نییە هوتافی پشتیووانی بۆ عەبادی بۆ پشتکردنە ئەو بیروباوەڕ و مێژووە بووبێت. ئەوەی من لێی تێگەیشتم، پەیامەکە زۆرتر ئەوەبوو کە هێندە لە ناسەرکەوتوویی فەرمانڕەوایی کوردستان ناڕازین و هێندە گیرفانی بەتاڵ و ئاییندەی ناڕوون گوشاری بۆ درووستکردوون کە خۆزگە بە عەبادی دەخوازن. واتە پەیامی دووبارە و سەتبارە بوو بۆ بەخۆداچوونەوەی فەرمانڕەوایی لە کوردستان.
بەڵام ئەو پڕۆژەیەی پەڕڵەمانتار و سەرکردەکانی چەند حیزبێک بۆ مامەڵەی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگاکان باسی دەکەن (لەحاڵەتی پابەندنەبوونی هەولێر بە ڕێککەوتنی نەوتی لەگەڵ بەغدا) زۆرتر لەوەی پڕۆژەیەکی واقیعیی قابیلی جێبەجێکردن بێت، موزایەدە و بەکارهێنانی کارتێکی گوشارە کە بەر لە بەکارهێنانی سووتاوە.
موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە بەغدا، جوان ڕوونیکردووەتەوە کە بۆچی بیرۆکەکە هەڵەیە. پوختەی ئارگیومێنتەکە ئەوەیە کە ئەگەر هەولێر پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبوو، هەروەها سلێمانی بەتەنیا داهاتی هێندە زۆر بوو کە بینێرێتە بەغدا، لەبەرانبەردا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی و #هەڵەبجە# بنێرێت، کەواتە بۆ سلێمانی ئەو داهاتە زۆرە لەئێستاوە ناداتە مووچە و چ پێویست دەکات ئەوکات بینێرێتە بەغدا و جارێکی دیکە بەشێکی لێ وەربگرێتەوە؟ ئەگەریش سلێمانی داهاتێکی ئەوتۆی نییە، لەبەرانبەر چیدا عەبادی و بەغدا ئامادە دەبن لە داهاتی نەوتی بەسرە و شوێنەکانی دیکە بەشی سلێمانی جیابکەنەوە؟ بێگومان وەڵامەکە ڕوونە: دەبێ زۆنی سەوز و نیلی لە هەرێمی کوردستان جیاببێتەوە و بیگۆڕێتەوە بە لامەرکەزییەتی مووچەیی.
ڕاستییەکەی بەشێک لە پارتییەکان ئەمەیان پێخۆشە و لە دانیشتنە نافەرمییەکانیشیاندا نایشارنەوە کە بە جیابوونەوەی سلێمانی و هەڵەبجە، حکومەتی کوردستان هەم بەشی ئەوە داهاتی نەوتی دەبێت کە مووچەی فەرمانبەرانی بەزیادەوە دابین بکات و هەم ڕزگاریشی دەبێت لە دڕدۆنگیی ڕکابەرەکانی پارتی و ڕەخنەگرە سەرسەختەکان لە سیاسەتەکانی.
بەڵام هەردوو خەون بەتاڵن، چونکە نە خەڵکی سلێمانی بە جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان بەرانبەر مووچە ڕازی دەبن و نە پارتییە جوداخوازەکانیش دەتوانن خۆیان لەوە بدزنەوە کە مەلا مستەفا شۆڕشەکەی لەسەر ئەوە دانا بە نیوەی کەرکووک ڕازی نەبوو و داوای هەمووی دەکرد، بۆیە ئێستا نەوەکانی بۆیان نییە و ناتوانن بە جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە ڕازی بن. [1]