ناونیشان: مالیکی یان عەبادی؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #05-12-2016#
مالیکی دەیەوێ ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی ئێراق. ئەو پیاوەی هەم سەددامی لەسێدارە دا و هەم مووسڵی ڕادەستی #داعش# کرد، توانیویەتی درزێک بخاتە نێو ماڵی کورد لە بەغدا کە پێشتر پێشینەی نەبووە. بەڵام پرسیار ئەوەیە: مالیکی بگەڕێتەوە یان نەگەڕێتەوە چی لە حاڵی کورد لە ئێراق دەگۆڕێت؟
مێژووەکە دوور نییە و هێشتا لەبیرمانە مالیکی لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی #هەولێر# (واتە بە موبارەکەی کورد) بووەوە سەرۆکوەزیران. ئەوکات میدیا ڕۆژاواییەکان دەیاننووسی: کوردەکانی ئێراق شاسازن. واتە ئەوان بڕیار دەدەن کێ لە ئێراقدا دەبێتە دەسەڵاتدار. ئەو ڕێککەوتنە نووسراو و گشتگیرەی کورد لەگەڵ مالیکی هەیبوو و دواتر لێی پاشگەز بووەوە، زۆر تۆکمەتر و بەهێزتر بوو لەوەی ئێستا لەگەڵ عەبادی هەیەتی. ئەوکاتیش وەک ئێستا ئەو کێشانەی دەبووایە ڕێککەوتنی سیاسیی کۆنکرێتییان لەسەر بکرێت و گەرەنتیی جێبەجێبوون و پەشیماننەبوونەوەشیان بەڕوونی دیار بکرێت، نەکران و هەڵگیران بۆ ئەو لیژنانەی پاشتر پێکدێن و یەکلایی دەکەنەوە چۆن ئەو کێشانە چارەسەر ببن.
کاتێک عەبادی بووە سەرۆکوەزیران، زۆر لەوانەی لە بەغدا بوون و لە پەڕڵەمان ئیشیان کردبوو، دەیانوت عەبادی لە مەسەلەی بڕینی بودجە و مووچەی کوردستاندا هیچی لە مالیکی کەمتر نەبووە و ئەویش شەریکە تاوانە. واتە بەکوورتییەکەی کاتێک دێتە سەر باسی کوردستان و کێشەکانی لەگەڵ بەغدا، جیاوازییەکی وایان نییە و حەسەن کەچەڵ و کەچەڵ حەسەن هەر یەکن.
کەواتە چی وای کردووە نوێنەرانی کورد لەنێوان ئەوانەی عەبادییان پێ باشترە لەگەڵ ئەوانەی خەون بە گەڕانەوەی مالیکییەوە دەبینن، دابەش ببن؟ دابەشبوونێک کە نیوەی یەکەمی ساڵانی هەشتامان بیردەهێنێتەوە. ئەوکات یەکێتی لەگەڵ حکومەتی ئێراق کەوتبووە دانووستاندن و پارتی و شیوعی و حیزبەکانی دیکە بەشدار نەبوون لەو دانووستاندنانەدا. لەدوای درووستبوونی بەرەی کوردستانییەوە تاوەکوو دەگاتە دوو سێ هەفتەی ڕابردوو، کورد لەنێوخۆدا چەندیش ناکۆک بووبن، کاتێک شاندیان بۆ دانووستاندن لەسەر کوردستان ناردبێتە بەغدا، هەمیشە یەک بوون. بیر لە کاتی ڕاپەڕین بکەنەوە یان قۆناغی ئەنجوومەن و حکومەتی ئینتیقالی و بەدواشیدا نووسینەوەی دەستوور. یان با دوور نەڕۆین و بیر لە چەند مانگێک پێش ئێستا بکەینەوە کە هانی هانییەک درووست ببوو لەسەر لابردنی جێگری سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێراق. تەنانەت ئەوکاتیش ناکۆکییەکانی کوردستان کاریگەرییان لەسەر ئەوە نەبوو کە نوێنەرانی کورد لە بەغدا یەکڕیز و یەکدەنگ بن. کەچی ئێستا لەسەر بودجە و زۆر مژاری دیکە، چیدی ئەو یەکدەنگییە نەماوە و عەرەبەکان بەگاڵتەوە باسی دەکەن.
مەسەلەکە ڕوونە: عەبادی لەگەڵ بارزانی ڕێککەوتنی کردووە و هەموو لایەنێکی کوردی ئەوەی بەدڵ نییە کە مامەڵەی سەرۆکی کوردستان لەگەڵ بارزانی بکرێت. بۆیەش پشتیووانی لە گەڕانەوەی مالیکی دەکەن کە خۆی بە دوژمنی تەقلیدیی بارزانی دەزانێت. واتە ئیدیەمە بەنێوبانگەکە وەڕاست گەڕاوە و مالیکی و عەبادی لەسەر ئەو بنەمایە کوردیان دابەش کردووە کە دوژمنی دوژمنیان دۆستیانە.
مامۆستا عەلی باپیر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا داوای لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا کرد کە یەکدەنگ بن. کاتێک قسەی دەکرد، بیرم لەوە دەکردەوە کە جاران نوێنەرانی کورد لە بەغدا کەسانی وەک مامۆستا عەلی باپیر و کاکە حەمەی حاجی مەحموود و کەسایەتییەکانی دیکە بوون. بۆیە دەیانزانی چەند کوشندەیە ناکۆکییەکانی کوردستان ببردرێنە بەغدا. ئێستا تەواو پێچەوانەیە. ئەوەی لە کوردستان سیاسی و پەڕڵەمانتاران بەیەکدی ناڵێن، نوێنەرانی کورد لە بەغدا بە میدیای ئێراقی و کەسایەتییە عەرەبییەکانی دەڵێن. [1]