ناونیشان: دیموکراسی بە تامی ڤۆدکا
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #20-12-2016#
یەکلابوونەوەی شەڕی چوار ساڵەی حەڵەب دەریخست ڕووسەکان، پاش نزیکەی سێ دەیە لە دابڕان، جارێکی دیکە بە هێز و کاریگەرییەوە هاتوونەتەوە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەوەی قسەی کۆتایی لە شەڕی حەڵەبدا کرد سوپای سووریا یان میلیشیا شیعە ئێرانی و ئەفغانی و لوبنانییەکان نەبوون، هەروەها ئەمریکا و وڵاتانی کەنداویش نەبوون، بەڵکوو ڕووسیا بوو بە هاوکاریی تورکیا. کوردستان لە سەدەی ڕابردوودا دوو ئەزموونی تاڵی سیاسیی لەگەڵ سۆڤیەت هەبوو: یەکێکیان ئەوکاتە بوو کە پشتی کۆماری کوردستانیان لە مەهاباد بەردا و دووەمیش ئەوکاتە بوو کە شۆڕشی کوردستان لە حەفتاکاندا شکستی هێنا و ڕووسەکان پشتیووانییان لە #بەعس# کرد. ئێستا لە باشووری کوردستان بەترسەوە باسی هاتنەوەی ڕووسەکان و پەڕینەوەی ئاگری حەڵەب بۆ کوردستان دەکرێت، بەڵام ئەمە ڕێی تێدەچێت؟
ساڵێک لەمەوبەر، باڵیۆزی ڕووسیا لە ئێراق لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ (رووداو) دەربارەی سەربەخۆیی کوردستان گوتی مۆسکۆ ڕێز لە هەر بڕیارێک دەگرێت کە خەڵکی کوردستان بیدات. لەوکاتەوە تاوەکوو ئێستا زۆر شت لە ناوچەکەدا گۆڕاون. بەتایبەتیش پەیوەندییەکانی ڕووسیا و تورکیا ڕۆژبەڕۆژ بەرەو باشتر دەچن و بەمەش کاریگەریی هەردوولا لەسەر ناوچەکە و تەنانەت ئەمریکا و ئەوروپاش زیاتر دەبێت. بۆیە ڕەنگە مۆسکۆیەکی ساڵێک لەمەوبەر تووڕە لە ئەنقەرە، ئەمڕۆ لەسەر کوردستان ڕایەکی جیاوازی هەبێت.
وا دەردەکەوێ کە ئێستا لە ئەنقەرە لۆبییەکی کاریگەریی دۆستی ڕووسیا هەیە کە کار لەسەر دوورخستنەوەی تورکیا لە ناتۆ و ئەوروپا و ئەمریکا دەکات. لە هەڵسوکەوتی ئەردۆغان و بەرپرسانی دیکەی دەوڵەتی تورکیاش لەپاش کودەتاکەی چەند مانگی ڕابردووەوە دیارە کە مەیلێکی بەهێز هەیە بۆچوونە نێو هاوبەندییەکی نوێوە لەگەڵ ڕووسیا و چین. هەر لە باسی کاراکردنەوەی سزای لەسێدارەدانەوە بگرە تا دەگاتە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەڤانان و چالاکڤانان و سیاسەتمەدار و پەڕڵەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن، هەموویان دەریدەخەن چیدیکە تورکیا نایەوێ پابەند بێت بەو ڕێسایانەی یەکێتیی ئەوروپا وەکوو پێوەر بۆ خێراترکردنی پڕۆسەی ئەندامبوونی تورکیا داینابوون و ساڵەها بوو ئەنقەرە هەوڵی دەدا پابەندبێت پێیانەوە. لەجیاتی ئەوە خەریکە مۆدێلی دیموکراسیی ڕووسی لە تورکیا زاڵ دەبێت: واتە هەڵبژاردن دەبێت، بەڵام سەرۆکێکی خاوەن دەسەڵاتی بێسنوور هەیە و ئەوەی ناکۆکیش بێت لەگەڵی ئاییندەی نابێت لە وڵاتدا.
زاڵبوونی ئەم مۆدێلی دیموکراسییە ڕووسییە (کە لەڕاستیدا دیکتاتۆرییەتی ماکیاژدراوە) لە ناوچەکەدا زیانێکی گەورە دەگەیەنێتە ئەو مۆدێلی دیموکراسییەی وڵاتانی ڕۆژاوایی بانگەشەی بڵاوکردنەوەیان دەکرد. ئێستا لە سیسییەوە بیگرە تاوەکوو دەگاتە ئەسەد و ئەردۆغان و سیستمە ئاڵۆزەکەی ئێران، هەموویان بەو مۆدێلی ڕووسییە بەڕێوەدەچن. ئەگەر سیستمی شانشینی و میرنشینەکانی کەنداوی لێدەرکەین، ڕەنگە لەم ناوچەیەدا تەنیا ئێراق و لوبنان مابن کە هێشتا مۆدێلەکەیان تێدا نەچەسپابێت. بەڵام لەو دوو وڵاتەش هێز و کەسایەتیی وا درووست دەبن کە زووزوو بۆ خواردنەوەی ڤۆدکا بانگهێشتی مۆسکۆ دەکرێن.
ئەوەی ئێستا لە ناوچەکەی ئێمەدا ڕوودەدات، هەمووی دەرهاویشتەی دەستەوەستانی و بێ بەرنامەیی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاواییە، بەڵام ڕووسیا بەپێچەوانەوە بە بەرنامەوە هاتووەتەوە ناوچەکە و بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیشی ڕەنگە پێویستی بە دووبارەکردنەوەی چەند نموونەیەکی دیکەی حەڵەب بێت، کە بە بڕوای من کاندیدی داهاتوو شاری مووسڵ دەبێت پاش دەرهێنانی لەدەستی #داعش#، یان دوور نییە کەرکووک و دەوروبەری بێت، کە لە ئێستاوە نیشانەکانی دەرکەوتوون. [1]