ناونیشان: سەربەخۆیی کوردستان نزیکە؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #27-12-2016#
هەفتەی ڕابردوو لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک کۆنفرانسێکی گرنگ لەسەر سەربەخۆیی کوردستان سازکرا. هەرچەندە دام نابوو لە دوایین گۆشەمدا لە ساڵی 2016 باسی سیاسەت نەکەم و شتێکی سۆفت بنووسم، بەڵام بۆ دەستپێکی ساڵی نوێ هیچ شتێک گرنگتر نییە لە قسەکردن لەسەر ئەو پرسیارەی بابەلباب و ساڵەوساڵ لە خۆمان و لەیەکدی دەکەین: سەربەخۆیی کوردستان نزیکە؟
تا نیوەی دووەمی ساڵی 2016ش، کاتێک باسی سەربەخۆیی کوردستان دەکرا، سەرکردەکانمان دەیانگوت: ئەمە مافی ئێمەیە، بەڵام کاتی نەهاتووە. کەچی لە چەند مانگی ڕابردوودا و لە سەروبەندی دەستپێکردنی شەڕی مووسڵەوە، تۆنی دەنگەکە گۆڕاوە و بەئاشکرا باسی سەربەخۆیی لەجیاتی ئەوەی لە میدیادا بکرێت، دەبردرێتە سەر مێزی گفتوگۆ لە بەغدا. #نێچیرڤان بارزانی# لە نوێترین دیداریدا دەڵێت لەگەڵ تورکیاش هێشتا بەفەرمی باسی سەربەخۆیی کوردستان نەکراوە و ساڵی داهاتوو باس دەکرێت.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بڕوا ناکەم ساڵی 2017 ساڵی سەربەخۆیی کوردستان بێت. فلادیمیر پووتین لە کۆبوونەوەی ڕۆژانی ڕابردووی لەگەڵ میدیاکاران، مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستانی بە مژارێکی نێوخۆیی ئێراق دانا کە ڕووسیا نایەوێ دەستی تێوەربدات. بەڵام کێشەی درەنگکەوتنی سەربەخۆیی کوردستان لە 2017دا درووست ئەوە دەبێت کە دەستتێوەردان دەکرێ و ئێراقییەکان خۆیان بەشی ئەوەندە دەسەڵات و ئیرادەیان نییە بڕیار بدەن دەیانەوێ چۆن پێکەوە بژین یان نەژین.
ئەو بەڵگەنامە و دەستپێشخەرییەی عەمار حەکیم ئامادەی کردووە و زۆرینەی نێوماڵی شیعە و تەنانەت کوردیش پشتیووانیی لێدەکەن، دەتوانێ بناغەیەکی باش بێت بۆ قسەکردن لەسەر ئەوەی کە پێکهاتەکانی ئێراق چییان لەیەکدی و بۆ یەکدی دەوێت لە ئاییندەدا. بەڵام وەک ئەندامێکی شاندی کوردی بۆ بەغدا بۆی باسکردم، کاتێک کورد باسی سەربەخۆییان لەگەڵ لایەنی شیعەدا هێناوەتەگۆڕێ، ئەوان گوتوویانە: ئێمەش کێشەمان نەبێت، چۆن ئێران و تورکیا ڕازی دەکەن بە سەربەخۆیی کوردستان؟
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هیچییەک لەو دوو دەوڵەتە هێشتا ئامادەی ئەوە نین قبووڵ بکەن کوردستان سەربەخۆ بێت. بەڵام هەردوو دەوڵەتیش و هەموو پێکهاتەکانی ئێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەزانن بەو فۆرمەی ئێستاوە #هەولێر# و بەغدا ناتوانن بەردەوام بن. بۆیە پێشبینی دەکەم سەرکردایەتیی کوردستان لە ساڵی 2017دا لەسەر داواکردنی سەربەخۆیی بەردەوام بێت، بەڵام داینابێت چارەسەری ئەم قۆناغە نوێیە بۆ کێشەکانی هەولێر و بەغدا، کە هیچ دەوڵەتێکیش تووڕە نەکات و هەموولا بۆیان قووت بچێت، ئەوەیە کە کوردستان و ئێراق لەسەر بنەمای کۆنفیدراڵی یەکبگرن.
کورد حوکمی زاتیی تاقیکردەوە و دەرکەوت هەرکات بەغدا بەهێز بوو لە ڕێککەوتن پەشیمان دەبێتەوە، بەدوایدا فیدراڵیی تاقیکردەوە، کە دیسان دەرکەوت هەرکاتێک سەرۆکوەزیرانێکی بەهێزی تائیفیی وەکوو مالیکی لەسەر حوکم بێت، لە ڕێککەوتن و داننان بە مافەکانی کوردستاندا پاشگەز دەبێتەوە، بۆیە چارەسەری کۆتایی سەربەخۆییە، بەڵام مادام بۆ ئەم قۆناغە سەربەخۆیی زەحمەت دەبێ، لە سیستمێکی کۆنفیدراڵیدا کە حکومەتی وڵاتە ئەندامەکان بەهێزترن لە حکومەتی ناوەندی، هەولێر دەتوانێ بۆ ماوەیەک لەو یاریی مشک و پشیلەیە ڕزگاری بێت کە بەغدای بەهێز لە ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵی کردی. [1]