ناونیشان: تاران بەسەر کورددا دەڕووخێ
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #06-02-2017#
چەندە ترەمپ و ئیدارەکەی لە تاران و کۆماری ئیسلامیی توند بکەن، هێندە کوردی ڕۆژهەڵات لێویان بەخەندەتر دەبێت. هەندێکیان لەئێستاوە خۆیان بۆ قۆناغی پۆست جمهوریی ئیسلامی سازکردووە، هەندێکیشیان بڕوا ناکەن ئەمجارەش شانسیان هەبێ و دەڵێن ئەو ترەمپە پێش ئەوەی کارێک لەگەڵ ئێران بکات، دەیکوژن! ئومێدەواریی کوردی ڕۆژهەڵات بە ترەمپ چیرۆکی ڕەجەبم بیردەهێنێتەوە کە لەژێر دارهەنجیرەکە دانیشتبوو و هیوای بەوە بوو هەنجیرێک لوتف بکات و بەرببێتەوە نێو دەمی.
ڕاستە لەوەتەی دەستبەکار بووە، هیچ بەیانییەکی ترەمپ تێنەپەڕیوە کە لە خەونی سنووردانان بۆ کۆماری ئیسلامی هەڵنەستابێ و هەندێکیانی نەکردبێتە تویت، بەڵام هەرواش ئەوە ناکاتە ئەوەی کە خۆشخەیاڵ بین و بڵێین ئەمریکا بڕیاریداوە کۆماری ئیسلامی دەڕووخێنێت. چونکە ئەگەر ئەوە هێندە ئاسان بووایە سەرۆکەکانی پێش ترەمپ کردبوویان و نەیاندەهێشت شانازییەکە بۆ ئەو بمێنێتەوە. بەڵام جیاوازییەک بەڕوونی هەستی پێدەکرێت، ئەویش ئەوەیە کە سیاسەتی ئۆباما لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆرتر لە دەوری زۆر سوودمەندبوون و کەم زیاندان لە ئەمریکا دەخولایەوە، ئەمەش سیاسەتێکی کلاسیکیی دیموکراتەکان بووە لە ناوچەکەی ئێمەدا. ترەمپ بەپێچەوانەوە و شێلگیرانەتر لە سەرۆکە کۆماریخوازەکانی پێش خۆیشی دەیەوێت بەڕوونی دۆست و دوژمنی لە ناوچەکەدا دیار بن و هەموو کەس بزانێ کەوشی سعودی و ئیسرائیلی بەلایەوە گرنگترە لە سەری وڵاتە بچکۆلە و لە ئێران ترساوەکانی دیکەی ناوچەکە.
کاتێک ترەمپ دەیوت نەدەبووایە نەوتی ئێراق ڕادەستی ئێراقییەکان بکەینەوە، درووست ئەوەی دەوت کە ڕاوێژکارێکی ستراتیژیی ئەمریکی دوور لە زوومی کامێرا و ڕیکۆردەرەکان بەڕاشکاوی سەبارەت بە بەرژەوەندیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەیڵێت. یان ئەو مانۆڕە سەربازییەی لەمڕۆژانەدا هەریەکە لە ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا و فەرەنسا بەهاوبەشی لەنێو ئاوەکانی کەنداودا دەیکەن و مەبەست لێی چاوسوورکردنەوەیە لە تاران، خۆ لە سەردەمی ئۆبامادا پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام ترەمپ بەئەنقەست کەشتییەکی جەنگیی زیادەشی لەگەڵ دەنێرێتە ناوچەکە و بە ئێرانیش دەڵێت یاری بە ئاگر مەکە!
جا گریمان ئەو فۆکوسەی ئەمڕۆژانە ئەمریکا لەسەر یەمەن درووستیکردووە بۆ ڕازیکردنی سعودیە و لێدان لە ئێران بێت. هەروەها گریمان ترەمپ سەرشێتییەکی کرد و هێرشی کردە سەر تاران، ئەوکات چی لە ڕەوشی کوردی ڕۆژهەڵات دەگۆڕێت؟
ئەم پرسیارەم لە هاوڕێیەکی ڕۆژهەڵاتیی زۆر ئاگادار کرد. وەڵامی دامەوە: وەک زەمانی شا، ئەم نیزامەش بەسەر کوردی ڕۆژهەڵاتدا دەڕووخێ و هیچی دەستناکەوێت. قسەکەشی جوان بوو، چونکە وەکچۆن کاتێک شا ڕووخا، حیزب و خەڵکی ڕۆژهەڵات ئامادە نەبوون هەلەکە بقۆزنەوە، ئاواش ئێستا لە هەموو کاتێک نائامادەترن بۆ قۆناخی پۆست کۆماری ئیسلامی. دەزانم هاوڕێ ڕۆژهەڵاتییەکانم بەم قسەیەم نیگەران دەبن و خەندە لەسەر لێویان دەتۆرێ، بەڵام خۆ دەمێکە گوتوویانە: دۆست ئەوەیە دەتگریێنێ. [1]