ناونیشان: قاتە کۆنەکەی پارتی و یەکێتی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #13-02-2017#
پێدەچێ پارتی و یەکێتی دەستیان لەوە شووشتبێت کە بەمزووانە قەیرانە کەڵەکەبووە سیاسی و ئیداری و داراییەکانی نێوەوەی کوردستان و لەگەڵ بەغداشیان پێ چارەسەر بکرێت، بۆیە ئەم ڕۆژانە خەڵکیان سەرقاڵ کردووە بە گۆڕانکارییە حیزبییەکانیان. ئەوەی لە قاعیدەی ئەو حیزبانەشەوە دەیبیستی ئەوەیە کە گۆڕانکارییەکە بەجدی وەرناگرن و دەڵێن: عەلییان لابردووە و عەلییان لەشوێنی داناوە!
ڕاگەیەنراو و فۆتۆکانی دوایین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی سەرنجڕاکێش بوون. هەرچەندە ئامانج لێیان ئەوەبوو کە بڵێن هەرچەندە د. بەرهەم بەشدار نییە، بەڵام یەکێتی بەسەرپەرشتیی کاک کۆسرەت بووەتەوە بە چەپکەگوڵەکەی سەردەمی مام، بەڵام لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەپڕووزەی لاساییکردنەوە و خۆبەراوردکردن بە پارتی دەچوو. چونکە چەند ڕۆژێک پێشتر پارتی بە سەرۆکایەتیی #مەسعود بارزانی# کۆبووەوە و بڕیاری گۆڕانکارییەکانی نێو حیزبەکەی دا. یەکێتیش هەمان بڕیاری داوە و بەتەمایە دەستپێبکات.
ئەوەی تاوەکوو ئێستا لە گۆڕانکارییەکانی پارتی دەردەکەون، جێگۆڕکێن نەک گۆڕین. ئەمەش درووست پێچەوانەی ئەو داوایەیە کە چەند ساڵە قاعیدەی پارتی لە سەرکردایەتییەکەی هەیەتی. کە قسەیان لەگەڵ دەکەی، بەئاشکرا دەڵێن لەو دەموچاوە دووبارانە بێزار بوون کە چەند دەیەیە لە شاشەی تەلەڤزیۆن و کۆبوونەوەکان و بۆنەکاندا دەیانبینن. سەرکردایەتییەک کە وەک قاعیدەی پارتی باسی دەکەن متمانەی لای ئەوان نەماوە و ئەگەر لە پەپوولەش بێگەردتر بێت، ناتوانێ بە خەڵکی بسەلمێنێ کە مەسئول لەم وڵاتەی ئێمەدا دز نییە.
هەڵبەت لە وڵاتی ئێمەدا بەرپرسی پاک و دڵسۆزیش ماون، بەڵام بۆ متمانەدرووستکردنەوە پێویست بوو ئەوانەی بۆگەنی گەندەڵییان لێهەڵساوە و خەڵک لەسەر جادەش دەیانناسن، هیچ نەبێت هەندێکیان بەئاشکرا سزادرابان و نێردرابانەوە ماڵەوە.
جا خەڵکی یەکێتیش ئومێدی زۆریان بە گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی نێو حیزبەکەیان نییە. ئەوان دەڵێن گۆڕانکاری باری یەکێتی قوورستر دەکات و پۆستی زۆرتر بۆ ڕازیکردنی ئەم باڵ و بێدەنگکردنی ئەویدیکەیان دەبەشرێنەوە. نموونەش بە قادر عەزیز دەهێننەوە کە کراوەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هاوشانی ئەوانەی تەمەنیان لەسەر یەکێتییەکەیان دانا.
قسەی پوخت ئەوەیە کە هێشتا خەڵکی پارتی و یەکێتی بڕوایان بەوە نییە سەرکردایەتییەکانیان گۆڕانکاری دەکەن و وا هەست دەکەن هەردوو حیزب هەمان قاتی پێشوویان لەبەرکردووەتەوە، بەڵام ئەم جارە بە هەڵگەڕاوەیی! [1]