ناونیشان: شیفا لەژێر ئاڵا
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #27-02-2017#
لەنێو ئەو تەپوتۆزەدا کە ئۆتۆمبێلەکەمان درووستیکردبوو، ئاڵای کوردستان لە دوایین خاڵی سنووری باشووری کوردستان، لە ئاوێنەکەوە بەزەحمەت دەبیندرا. زۆر جاری دیکە لە گەرمەی شەڕی #داعش#دا لەگەڵ هیڤیدار ئەحمەدی هاوکارم چووینەتە زۆنە جەنگییەکان، بەڵام ئەمجارەیان بۆ ڕووماڵ و بەرنامە نا، بەڵکوو بۆ پێشوازی لە تەرمی شیفا شکۆدارەکەمان بەڕێگەوە بووین.
بەرلەوەی بگەینە کۆڵانە چۆڵ و کڵێسا ڕووخاو و خانووە وێران و دووکەڵاوییەکانی حەمدانییە، هیڤیدار شوێنی ئەو تەنکەرەی پیشاندام کە بە خۆی و ئەحمەدی وێنەگریدا تەقییەوە. ئەو ڕۆژەی ئەو باسیدەکرد، لە ئۆفیسی سەرەکیی ڕووداو، لەسەر مێزی کارەکەم دانیشتبووم و ڕاستەوخۆ دیمەنی تەقینەوەی تەنکەرەکەم تەماشادەکرد. لەبیرمە تەنیا دیمەنی دووکەڵمان هەبوو و ناڵەی هیڤیدارمان دەبیست کە دەیەویست بزانێ کامێرامانەکەی زیندووە یان شەهیدبووە. دیمەنەکان هەر لەسەر شاشە بوون و دەستمان لەسەر دڵمان بوو بۆ زانینی هەواڵی تەندرووستیی تیمەکەی ڕووداو. بێدەنگییەکی سامناک، وەک جارەکانی دیکە، باڵی بەسەر نیوزڕوومی ڕووداودا کێشابوو. لەپڕ هەواڵ هات کە هیڤیدار و کامێرامانەکەی سەلامەتن. دیسان بە بزەیەکەوە هەموان دەستبەکاربوونەوە و خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ ڕووماڵێکی جوانتر.
لەوەتەی ڕووداو دامەزراوە، هەم من و هەم بەڕێوەبەرانی دیکەی ڕووداویش، دڵەخورپەیەکی دووبارە و ڕۆژانەمان هەیە. ڕۆژێک بۆ هاوکارە بەدیلگیراوەکانمان بەدەستی داعش، ڕۆژێک بۆ پەیامنێرە بەجێماو و گەمارۆدراوەکەمان لەسەر چیای #شنگال#، ڕۆژێکی دیکە بۆ تیمەکانمان لەوسەری گەرمەسێری خاکی باشووری کوردستانەوە تاوەکوو دەگاتە ئەوسەری باکوور و ڕۆژاوای کوردستان. دڵەخورپەی ئەوەمانە کە ئەو هاوکارەی چەند چرکەیەک پێشتر، بەرلەوەی لە پەخشی ڕاستەوخۆدا دەربکەوێ، پرس و ڕاوێژی کردووە و هەواڵی نوێی داوینەتێ، ڕەنگە چەند چرکەیەک دواتر بۆخۆی ببێتە هەواڵ و مژاری ڕووماڵ و چیدیکە دەنگی نەبیستین و ڕەنگی نەبینینەوە. دەزانین ڕێنمایی پێویستمان داوەتە هەموو تیمەکانمان و کەرەستەی پێویستی خۆپاراستنیشمان بۆ دابینکردوون، بەڵام لە زۆنی جەنگدا ئەوەی کۆنترۆڵی میدیاکار دەکات خۆی و بوێریی خۆی و هەندێکجار دڵسۆزیی بێسنووریەتی بۆ بەدەستهێنانی دیمەن و ستۆریی باڵکێش، کە بەداخەوە جاری وا هەیە ئەمە بەنرخی گیانی تەواودەبێت.
لە شارە چۆڵەکەی حەمدانییە، چاوەڕێی هاتنەوەی شیفامان دەکرد. ئەمە درووست ئەو ڕۆژە بوو کە بەردەوام دڵەخورپەمان بوو ڕووبدات، کەچی نەماندەزانی بەوشێوەیە و لە خاکی غەریبیدا لەگەڵ شیفا شکۆدارەکەمان ڕوودەدات و لە پێشوازییدا ڕادەوەستین. کاتێک تەرمی شیفا گەیشتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ڕووداو، کە سەرچاوەی هێز و ورەی ئێمە بووە بۆ ئەو ڕووماڵانەی لەو چەند ساڵانەدا کردوومانە، وەک باوکێک کە بەسەر تەرمی کچەکەیدا کەوتبێت، بە دەنگی بەرز دەگریا.
بەرەو #هەولێر# دەهاتینەوە. تەرمی شیفامان نزیکدەکردەوە لەو ئاڵای کوردستانەی کەمێک پێشتر لەنێو تەپوتۆزدا بەجێمانهێشتبوو و ڕەنگە بەیانییەکەشی شیفا بە چاوە گەشەکانی و بەو خۆشەویستییەوە کە بۆ وڵاتەکەی هەیبوو دوایینجار سەیرێکی کردبێت. لە پشت سەرمانەوە ئاڵای ئێراق و سیمبۆلە مەزهەبییەکانی شیعە لەنێو تەپوتۆزی ئۆتۆمبێلەکانماندا وردەوردە بزردەبوون. لەژێر ئاڵای کوردستاندا، پۆلێک پێشمەرگە بەڕێزەوە بۆ شەهید شیفا شکۆدارەکەی خۆیان وەستابوون و سڵاوی سەربازییان بۆ کرد. وەک بڵێی دەیانەویست بە سڵاوەکەیان ڕۆحی لەیلا قاسم و ئەو ژنانەی دیکەمان شادبکەن کە وەک شیفا بەئازایی و بەبوێری شەهیدبوون، بەڵام بەبێنازی ئەو ڕۆژەیان نەبینی کە سڵاوی ژێر ئاڵایان بۆ بکرێت. [1]