ناونیشان: گرێی حەویجە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #13-03-2017#
تا ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە کۆتایی نزیک ببێتەوە، دڵەکوتەی کورد و کەرکووکییەکان بۆگرێی حەویجە زۆرتر دەبێت. حکومەتی ئێراق هیچ پاساوێکی ڕوونی نییە بۆ پەڕاندن و دواخستنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە، بەڵام وەک سەرکردەیەکی سەربازیی کورد لە کەرکووک پێیگوتم ڕەنگە کورد لەسەر ڕیشە درێژەکەی حەویجە، سمێڵیشی بنێتە بانی!
حەویجە لە بیرەوەریی کەرکووکییەکاندا سیمبۆڵی سەرکەوتنی سیاسەتی بەعەرەبکردنە. ئەو شارۆچکەیەی جاران هەڕەشە نەبوو لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک، ئێستا ئەگەر گشتپرسییەک لەسەر ڕێژەی نەتەوەکان لەو پارێزگایەدا بکرێت، وادەکات عەرەب پشکێکی گەورەیان بەربکەوێت. زاوزێی زۆری عەرەبی سوننەی هاوردە و خێڵەکی بۆ حەویجە و دەوروبەری وایکردووە کە ڕۆژبەڕۆژ ڕێژەی عەرەب لە کەرکووک بەرزببێتەوە.
لەو ساڵانەدا کە مالیکی فەرمانڕەوای ئێراق بوو، حەویجەییە عەرەبە سوننەکان کەوتنە ژێر زەبروزەنگێکی زۆر و برینداری خۆپیشاندانەکانیان لەلایەن کوردی کەرکووکەوە تیمار دەکران. بەڵام کاتێک #داعش# هات، گەنجی کوردی کەرکووکی بەنێو بازاڕی حەویجەدا ڕاکێشران و بە دیلکراوی بەردباران کران. ئێستاش کوردی کەرکووک ئەو بێوەفاییەیان لەبیرناچێت، بەڵام هەرواش بە سەدان ماڵباتی حەویجەیی لەدەست شەڕ هەڵاتوو، لە کەرکووک حەوێندراونەتەوە.
کوردی کەرکووک لەوەش واوەتر چوون و بەر لە دەستپێکردنی شەڕی موسڵ ئامادەییان پیشاندا کە بەشداربن لە دەرپەڕاندنی داعش و کردنەوەی گرێی حەویجە، بەڵام حکومەتی ئێراق بەبێ پاساوێکی قایلکەر تاوەکوو ئەمڕۆش ئۆپەراسیۆنەکەی دواخستووە.
زۆر کەس دەڵێن کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە پێویستی بە ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی موسڵ هەیە لەنێوان #هەولێر# و بەغدا و دەبێ تێیدا ڕۆڵی پێشمەرگە سنووردار بکرێت، بەڵام ئەوەی مرۆڤ لێیدەترسێ، وەڕاستگەڕانی ئەو پێشبینییانەن کە دەڵێن حکومەتی ئێراق بەئەنقەست حەویجەی پەڕاندووە و لەکاتی خۆیدا وا بۆی دەگەڕێتەوە کە کەرکووکیشی پێوە بگرێتەوە و ڕیسی چەند ساڵەی کوردی ناتەبا لەو شارە بکاتەوە خوری.
دوو ساڵە ئەوانەی ئاگاداری ڕەوشی حەویجەن و دەزانن چۆن ئەو گرێیە دەتوانێ لە ئاییندەدا ببێتە پاژنەی ئاشیل بۆ کەرکووک، داد و بێدادیانە. هەموو قسەکەش لەسەر ئەوەیە کە گرتنەوەی حەویجە چەندە شەئنێکی ئێراقی بێت، دووهێندە شەئنێکی کوردستانییە و ناکرێ بە هیچ پاساوێک کۆنترۆڵکردنەوەی دوابخرێ.
هەرچەندە ئەوە ڕاستییە کە حەویجە تەنیا خاکەکەی کوردستانییە و چیدیکە دانیشتوانی کورد نین، بەڵام هەم ئەگەر داعشی تێدابێ دەکرێ چەکدارەکانیان لەوێوە سەرئێشە بۆ کەرکووک درووستبکەن و درووستیشیان کردووە، هەم ئەگەر بەدەست حەشد و سوپای ئێراقیشەوە بێت، کەرکووک ناتوانێ ئارام بێ و دەبێ بەردەوام چاوەڕوانی دەستدرێژی بێت. بۆیە گرنگە لەئێستاوە سەرکردایەتیی کوردستان کەیسی حەویجە بجووڵێنن و ڕێگە لەوە بگرن کە لەئاییندەدا ناچار بین پەڕۆیەک کە ئێستا دەکرێ بچووک بێت، ئەوکات بەگەورەتر لەسەر حەویجە لەسەرمانی ببەستین. [1]