=KTML_Bold=بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی ئێراق هەر خاوەن ناوەندێکی بازرگانی مامەڵە بە دۆلارەوە بکات ماوەی پێنج ساڵ زیندانی دەکرێت.=KTML_End=
فەریق حسێن تەمیمی، بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ئێراق ڕایگەیاندووە، پێشتر وەزارەت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا دەستیکردبوو بە هەڵمەتێک بۆ ڕێگریکردن لە خاوەن بازاڕ و دوکانەکان لە مامەڵەکردن بە دۆلار و سنووردارکردنی ئەم پڕۆسەیە، هێشتا ئەو هەڵمەتە بەردەوامە.
ئاماژەی بە ئەوەش کردووە، جگە لە ھەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی مەفرەزەکانەوە کە ھەڵمەتی پشکنین و چاودێریکردن لە سەنتەرەکان و بازاڕە بازرگانییەکان و پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل ئەنجام دەدەن بۆ چاودێریکردنی ئەو ناوەندە بازرگانییانەی مامەڵە بە دۆلارەوە دەکەن.
باسی ئەوەشی کردووە، هەندێک کەس هەن کەڵک لە ناجێگیری نرخی دۆلار وەردەگرن، بەڵام هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی بەرانبەر سەرپێچیکارانی بڕیارەکان گیراوەتەبەر کە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچووە کە ناوەندە بازرگانییەکان و خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلی بە مامەڵەکردن بە دینار لەبری دۆلار پابەند کردووە، هەر خاوەن ناوەندێکی بازرگانی مامەڵە بە دۆلارەوە بکات سزا دەدرێت و سزاکەش دەگاتە پێنج ساڵ زیندانیکردن.
ئەوە لەکاتێکدایە هەتا ئێستا حکومەتی ئێراق چەندین ڕێکاری بۆ جێگیرکردن و کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دۆلار گرتووەتەبەر، بەڵام نەتوانراوە بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار جێگیر بکرێت، ئەویش دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە ئەو نرخە لە هەڵکشان و داکشانی بەردەوامدایە. [1]