ناونیشانی بابەت: دورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتیی سەرکردەکان لە خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ناوی نووسەر: #مایکڵ ڕۆبن#
دورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتیی (social distancing) وایکردووە هەموو مرۆڤەکان لە جیهاندا لەیەکتری دوورکەونەوە و دوورەپەرێزی هەڵبژێرن. پیاوان و ئافرەتان پەستن لەوەی ناتوانن بە یەکەوە بچن بۆ بازاڕ، یان لەگەڵ هاورێکانیان لە ڕێستۆرانتێکدا پشوویەک وەربگرن، یان شانبەشانی سەدان هەواداری دیکە سەیری یارییەکی تۆپی پێ بکەن.
ئەم دوورکەوتنەوەیە لەوانەیە شتێکی نوێ بێ بۆ هاووڵاتییانی ئاسایی، بەڵام ئەم دوورکەوتنەوەیە لە کۆمەڵگە لایەنێکی ڕاستەقینەی ژیانی سەرۆک و سەرۆک وەزیرانەکانە لە جیهاندا.
پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا نازناوی “تەنیاترین کار“ی پێبەخشراوە. زەروریەتی ئاساییش مانای وایە کە سەرۆک ناتوانێ بەئاسانی کاتی پشووی بەسەرببات و لێی بخولێتەوە. کاتێ دەچێتە دەرەوە، ئەوا وەک هەمیشە لەلایەن کۆمەڵێک پاسەوانەوە دەور دەدرێت. گومانکردن لەو هۆکارانەی لە دەست هەرکەسێکە وا لە سەرۆک دەکات لەو ماوەیەی لە کۆشکی سپییە هیچ دۆستێکی بۆ پەیدانەبێ، لە ڕاستیدا لەوانەیە چەند دۆستیش لەدەستبدات. کۆشکی سپی هاوشێوەی زۆرێک لە کۆشکەکانی سەرۆکایەتی و شاهانەییەکان، هاوشێوەی بەندیخانەیەکە کە بە توێژێکی زێر داپۆشرابێ.
کاتێ دۆناڵد ترەمپ دەستەڵاتی کۆشکی سپی گرتە دەست، پێیوابوو دەتوانێ بە شێوەیەکی جیاواز کارەکان بکات، بەڵام ئەویش نەیتوانی ئەمە بکات. دوای کێشە و چەڵەمەکانی سەرەتا، زنجیرەیەک لە کەسایەتی کارگێڕیی کلاسیکی هێنایەپێشەوە بەو مەبەستەی فەرمانەکانی بچەسپێنێت و دۆست و تەنانەت بنەماڵەکەی لە خۆی دووربخاتەوە. ترەمپ، لەوانەیە لە کۆبوونەوەی بانگەشە سیاسییەکانی خۆی بخێنێتەوە ناو خەڵکەوە، بەڵام هیچ ئامادەبوویەک ناتوانێ بیوەستێنێ و بۆ ماوەی زیاتر لە 15 چرکە قسەی لەگەڵدا بکات.
ئەم بارودۆخە دەکرێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەحمەتتر بێ. دوا ساتەکانی سەدەی بیستەم سەردەمی کودەتا، شۆڕش و هەوڵەکانی تیرۆرکردن بوو. عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی کۆچکردوو، سەرۆکی یەمەن بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ، بەردەوام خەریکی ململانێ بوو بۆ مانەوە و قایمکردنی دەستەڵاتەکەی هاوشێوەی ئەوەی “لەسەر سەری مارەکان یاری کردبێ“. چوار لەو پێنج سەرۆکەی پێش ئەو بوون، ئەوا یان لەکارلادراون یان تیرۆرکراون، بۆیە ئەرکەکەیان لەسەری قوورستر کردبوو، خۆیشی دواجار لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕاپەرینە مەددەنییەکانی نێوخۆ و هەوڵی تیرۆرکردنی، ناچاربوو ڕابکات.
سەرۆکی ئێراق، #سەددام حسێن# هاوشێوەی هاوتاکانی دیکەی وەک موعەممەر قەزافی، حوسنی موبارەک و حافز ئەلئەسەد، ئەندامانی خێزانەکەی و دۆستەکانی لەنێو هۆزەکەی وەک کەسانی نزیکی خۆی هێشتبۆوە و پاراستبوونی. هەریەک لەمانە هەوڵیدەدا پێگەی کوڕەکانیان بەرز بکەنەوە، بەڵام تەنیا حافز ئەلئەسەد لەمەدا سەرکەوتوو بوو. لە ئێرانیش ئەمە هەتا ئاستی زیاتریش چووە. سەددام حسێن لەگەڵ ئەمانەش پشتی بە ڕێگەی دوورەپەرێزی بەستبوو، بۆیە شەبیهی خۆی بەکاردەهێنا تا لەزۆر شوێنی گشتییدا لە شوێنی خۆی بینێرێت و مەترسیش لەسەر خۆی دووربخاتەوە.
هەر لە سەرەتای دەستەڵاتەکەیدا، عەبدوڵڵای دووەم پاشای ئوردن دەمامکی دەپۆشی تا خۆی لە فەرمانبەران و شوێنکەتووانی دادگا دووربگرێت، هەندێک لەو خەڵکانەش دووریان دەخستەوە لەو واقیعەی کە خەڵکی وڵاتەکە دووچاری هاتبوون. بەهەرحاڵ، ئەو بەردەوام لە دڵەراوکێیەکی قووڵ دابوو، هەرشتێک گونجاوبووایە دەیکرد تا حەسەنی مامی کە پێشتر شازادەی جێنشین بوو، تێکەڵ بە خەڵک نەبێت و کارلێکی لەگەڵیان نەبێت.
لەنێوسیستەمە شانشینەکانیش- نەوەک تەنیا ئوردن، بەڵکوو مەغریب و وڵاتانی کەنداو- ئەوا بە شێوەیەکی تایبەت ڕەوشی ئەوانیش زەحمەتە. ئەو سەرکردانەی لەنێو سوپادا سەرهەڵدەدەن نموونەش وەک لە میسڕ، ئەوا لەوانەیە زیاتر لە دوورەپەرێزییدا گەشە بسەنن، بەڵام هێشتا دەتوانن پشت ببەستن بەو کەسانەی کە بە یەکەوە خزمەتیان کردووە، چالاکیان ئەنجامداوە، نان و خەوتنیان هەر لەگەڵ ئەو کەسانە بووە لەنێو ئەو سەربازگانەی کە ساڵانی سەرەتای تەمەنیان تێدا بەسەربردووە. بەهەرحاڵ، لەو وڵاتانەی کە چاوەڕواندەکرێ کوڕەکان وەک جێگرەوە بگەنە کورسیی دەسەڵات، ئەوا دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی هەر لە منداڵییانەوە لەگەڵیان دێت. ئەو منداڵانە دەنێردرێنە قوتابخانەی تایبەت، هەرگیز لەدەرەوەی خێزانەکەیان تێکەڵ بە کۆمەڵگە نابن و نابن بە کەسانی کۆمەڵایەتی، هاوکات ئاوا بەئاسانیش لەگەڵ پیاوماقولان تێکەڵ نابن. دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی ئاساییشت بۆ فەراهەم دەکا، بەئاسانیش دەتوانن تێبگەن لەو زەحمەتییانەی کە کۆمەڵگەکانیان دووچاری دەبنەوە.
زاناکانی بواری سیاسەت، دیپلۆماتکاران و تیۆرزانەکان دەتوانن لەمەڕ باشترین فۆرمی حکومەت لەنێوان کۆمەڵگە دیموکراسەکان و کۆمەڵگە تاک فەرمانڕەواییەکان (ئۆتۆکراسی) دا گفتوگۆبکەن، ئەمانە ڕازین لەوەی حکومەت چ شێوازێکی هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پێیانوایە سەرکەوتووترین حکومەت ئەوەیە کە خاوەن سەرکردەگەلێکن کە وەڵامیان بۆ خەڵک هەیە و دەتوانن ناسنامەی ئەو کێشانە دیاریبکەن کە کاریگەریی هەیە لەسەر کۆمەڵگەکەیان و ڕووبەڕوویان دەوەستنەوە. کاتێک سەرکردە لەلایەن کۆمەڵێک لە ناسیاوەکانی دەور درابوو بەتایبەتی ئەوانەی دەیانەوێ سەرکردە دوورەپەرێز بێ، یان ئەوانەی تەنیا دەتوانن بڵێن (بەڵێ و خەریکی سەرلەقاندن بۆی) ، هەروەها ئەوانەش کە تەنیا ئەو شتانە بە سەرکردە دەڵێن کە خودی سەرکردە حەزدەکات گوێبیستیان بێَ، ئەوا دەکرێ ئەو سەرکردەیە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەکەی لەدەستبدات. ئەم دیاردەیە بۆ نموونە لە سعودیە بەرجەستە بووە. ئیبن سەعود سەرکردەیەکی خێڵەکی خۆشەویستە و هەر ئەو بوو ئەو سعودیە مۆدێرنەی ئێستای بنیاتنا. ئەو، لەگەڵ خەڵکەکەی کارلێکی کردووە و لە نزیکەوە لێیان تێدەگات. کوڕەکانی لەو (رێز) ە تێدەگەن کە خەڵکەکە بۆ باوکیان هەیانە، بەڵام پارە و دەستەڵات دوورییەکی درووستکردووە کە تەنیا ئەو کاتە دوورییەکە زیاتردەبێ کاتێ نەوەی داهاتوو ئامادەبێ ئەو دەستەڵاتە پەیرەوبکات.
تەنیا یەک میکانیزم هەیە بۆ تێپەراندنی ئەو دوورەپەرێزییە: ئەویش هەبوونی میدیایەکی ئازادە. تەنانەت ڕۆشنگەرترین سەرکردەکان پێویستە ئالنگاریی لەگەڵ ڕاوێژکارە هەڵبژێردراوەکانیان بکەن و ئەزموونیشیان تاقیبکەنەوە. بەداخەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک هەرێمێک لەڕووی هەبوونی میدیای ئازادە وە تەنیا ململانێی ڕۆژاوای ئاسیا دەکات بەوپێەی ئەوانیش لەم ڕووەوە هەژارن و خاوەن میدیایەکی ئازاد نین. لە ڕاپۆرتی ساڵی 2019ی ڕێکخراوی (پەیامنێرانی بێ سنوور) و ئەو پلەبەندییەی ساڵانە بۆ وڵاتان دیاریدەکەن، تێیدا هاتووە کە نیوەی خراپترین ئەو دە وڵاتەی هێرشیان کردۆتەسەر میدیای ئازاد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. ئێراق یەکەمجارە پێش تورکیا دەکەوێت، بەڵام هەردووکیان هەر لەنێو ئەو خراپییەدا دەخولێنەوە. ئەمە مانای ئەوەش نییە کە هەموو ئەوەی لە میدیا دەنووسرێ ڕاست و درووستن، هەندێ لە میدیاکان پرۆفیشناڵییان زیاترە بەسەر هەندێکی دیکەوە. هەندێ ڕۆژنامەنووس ڕاستگۆن، لە کاتێکدا ئەجێندای کەسیی کاری ڕۆژنامەوانی ئەوانی دیکەش دەفڕێنن و بەفیڕۆیدەدەن. بەڵام پێویستە لێبوردەیی بەرانبەر هەموویان پەیڕەوبکرێ، ئەگەر پێویست بێ، ئەوا دەبێ بەدرۆبخرێنەوە نەوەک کپبکرێن. لە تورکیادا، #ڕەجەب تەیب ئەردۆگان# بەردەوام باسی لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئابووری وڵاتەکەی دەکرد لە ساڵانی سەرەتای دەستەڵاتەکەیدا. بەڵام دواتر بە شێوەیەک کە ڕێککەوت نەبوو، ئەو ڕەوشەی بەلاڕێدابرد هەروەک چۆن وڵاتەکەشی کردە” گەورەترین بەندیخانە بۆ ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا”.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوە میدیا بوو نەوەک هاوپەیمانە سیاسییەکانی سەرۆک کە کێبرکێی دۆناڵد ترەمپیان کرد لەمەڕ ئەو بەشل گرتنەی ڕێککارییەکان بەرانبەر ڤایرۆرسی کۆرۆنادا و پاڵەپەستۆشیان خستەسەر تا سیاسەتەکانی بگۆڕێت. بەهەرحاڵ، لە ئێران و تەقریبەن تورکیاش، میدیاکاران نەیاندەتوانی ئالنگاری قسەکانی سەرۆکەکانیان بکەن تا ئەوکاتەی زۆر دواکەوتن و ڤایرۆسی کۆرۆناش تەواو تەشەنەی سەندبوو.
بەهاری عەرەبی بە شێوەیەک کە جێگەی سەرسامیە توانی یەخەی سەرکردەکان لە تونس، میسڕ، لیبیا، یەمەن و سووریا بگرێت. بەدڵنیایییەوە، دەزگە هەواڵگرییەکانیان لەمەڕ ناڕەزایییەکانی خەڵک ڕاپۆرتیان بۆ سەرووی خۆیان بەرز دەکردەوە، بەڵام سەرکردە و سەرۆکەکانیان تێنەدەگەیشتن لەوەی کێشەکان چەند قووڵن. نەوەی نوێی سەرکردەکان لەوانە لە ناسەقامیگیری سیاسیی بترسن، بەڵام سەرکوتکردن دیاریکردن و تێگەییشتن لە نیگەرانییەکانی خەڵک وندەکات، هەموو ئەمانە کۆمەڵگە بەرەو ڕێگەیەک دەبات کە تەقینەوەی توندوتیژی زیاتری بەدواوەدێت. ڕەخنەکانی میدیاکاران لەوانەیە ببێتە هۆی دڵتەنگی سەرکردەکان و ڕاوێژکارە نزیکەکانیان، بەڵام ئەوانیش ئەگەر کەسی بەتوانا بن و متمانەی تەواویان بەتواناکانیان هەبێ، ئەوا نابێ لەمە دڵتەنگ بن و پێویستە باشترین هیوا بۆ کۆمەڵگەکانیشیان بخوازن. [1]