ناونیشانی بابەت: تێوەگلانی بەشێک لە سەرکردەکانی کورد لە تاوانی ئەنفال
ئامادەکردن: #نەوشیروان حسێن سەعید#
لە کەیسەکانی کۆمەڵکوژی و جینۆساید، زیاتر تەرکیز لەسەر دەوڵەتە کە بە ئەنقەست گرووپێکی ئیثنی یان نەتەوەیی و مەزهەبی و دینی…هتد، دەکاتە ئامانج. کەمتر باس لەوە دەکرێت کە چۆن هەندێکجار حیزبە سیاسیی و گرووپە چەکدارەکانی ئەو گرووپانە بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆیشیان هۆکارن بۆ ڕودانی ئەو جینۆسایدە. ئەو پرسیارەی کە لێرەدا دەمەوێت لەسەر بوەستم ئەوەیە کە ئەو ئاماژانە چین کە بە جۆرێک لە جۆرەکان تێوەگلانی بەشێک لە سەرکردەکانی کورد دەردەخەن لە تاوانی ئەنفالدا؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە یارمەتیدەرە بۆ ڕووناککردنەوەی گۆشەیەکی تاریک و کەمباس کراوی کەیسی ئەنفال.
ڕەنگە هەندێک کەس لایان سەیر بێت و بپرسن چۆن دەکرێت سەرکردەکانی خەباتێکی ڕزگاریخوازی گەلێک، خۆیان ببنە هۆی جینۆسایدکردنی بەشێک لە گەلەکەیان؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، سەرەتا کەیسی ‘بۆ#سنە#’ و کەیسی ‘ڕواندا’ دەخەمەڕوو. پاشان دێمە سەر کەیسی ئەنفال.
=KTML_Bold=چۆن بەشێک لە سەرکردەکانی بۆسنە هۆکار بوون بۆ کۆمەڵکوژی بۆسنەیییەکان؟=KTML_End=
لەنێوان هاوینی 1991 و بەهاری 1992دا، سەرکردە موسوڵمانەکانی بۆسنە ڕوبەڕوی بڕیارێکی چارەنووسساز بوونەوە، ئەویش ئەوە بوو کە ئایا لە یوگسلاڤیا جیاببنەوە یان نا. سەرەتا ئەوەیان بەلاوە پەسەندبوو کە لەناو دەوڵەتی فیدراڵی یوگسلاڤیادا بمێننەوە، بەڵام بەو مەرجەی کە هەردوو کۆماری سربیا و کرواتیاش بمێننەوە، تا ئەمان لەو نێوەندەدا بالانسەکە ڕاگرن و یەکپارچەیی خاکی بۆسنەش بپارێزن.
بەڵام لە مانگی حوزەیرانی 1991دا، هەریەکە لە سلۆڤینیا و کرواتیا بە شێوەیەکی تاکلایەنە سەربەخۆیییان ڕاگەیاند. سربەکانیش بە هێز ڕوبەڕوی سلۆڤینییەکان و کرواتەکان بوونەوە. بەڵام شەڕی سلۆڤینیا ماوەیەکی کوورتی خایاند، چونکە لەلایەکەوە سلۆڤینییەکان پێشتر خۆیان پڕ چەک کردبوو، لەلایەکی دیکەشەوە ژمارەیەکی کەم هاووڵاتی سربی لە سلۆڤینیا دەژیان.
بە پێچەوانەی سلۆڤینیاوە، ژمارەیەکی بەرچاو هاووڵاتیی سربی (لە سەدا 13) لە کرواتیا دەژیان. جگە لەوەش، کرواتیا وەکوو سلۆڤینیا خۆی پڕ چەک نەکردبوو. بۆیە بۆ بەلگراد و سربەکان، هێرشکردنە سەر کرواتیا پەسەندتر و بەسوودتر بوو تا سلۆڤینیا. بۆیە، سوپای یوگسلاڤیا بە هاوکاریی سربەکانی کرواتیا هێرشی کردە سەر ناوچە سربنشینەکان و لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا سەرجەم ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵ کرد کە یەک لەسەر سێی ڕوبەری کرواتیای پێکدەهێنا. سەرەنجام هەزاران هاووڵاتیی کرواتیی کوژران و دەیان هەزاری دیکەش ئاوارە بوون.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی سەرەوە، سەرکردە موسوڵمانەکانی بۆسنە گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئەگەر بە شێوەیەکی تاکلایەنە سەربەخۆیی ڕابگەیەنن، ئەوا چارەنووسێکی خراپتر لە چارەنووسی کرواتەکان چاوەڕێیان دەکات. چونکە لەلایەکەوە، سربەکان لە سەدا 31ی سەرجەمی دانیشتوانی بۆسنەیان پێکدەهێنا (نزیکەی سێ ئەوەندەی ژمارەی سرب لە کرواتیا) . لە لایەکی تریشەوە، حکومەتی بۆسنە وەکوو حکومەتی کرواتیا خۆی پڕ چەک نەکردبوو، چ جای وەکوو سلۆڤینیا. کەواتە، لە حاڵەتی جاڕدانی سەربەخۆییدا، دەبنە نێچیرێکی ئاسان بۆ سوپای یوگسلاڤیا و سربەکان.
لە پایزی 1991، یەکیەتی ئەوروپا ئاماژەیەکی دا کە ئەگەر خەڵکی بۆسنە لە ڕیفراندۆمێکدا داوای جیابوونەوە و سەربەخۆیی بکەن، ئەوا دانیانپێدادەهێنرێ. سەرەڕای ناڕەزایی توندی سربەکان، ئەو ئاماژەیە هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کە موسوڵمانەکان و کرواتەکانی بۆسنە پێکەوە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدەن و لە مانگی ئاداری 1992دا سەربەخۆیی ڕابگەیەنن.
بەڵام زۆری نەخایاند، سربەکانی بۆسنە بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای سربیا، هێرشێکی سەربازی خوێناوییان کردە سەر بۆسنە. لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، هەزاران هاووڵاتیی مەدەنییان قەتڵوعام کرد و سەدان هەزاریان ئاوارە کرد. سەرەنجام لە ماوەی سێ ساڵ و نیودا، نزیکەی 150،000 هاووڵاتی مەدەنی بۆسنە بوونە قوربانی.
دیارە پێش جیابوونەوەی بۆسنە، سربەکان هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان دەکرد ئەگەر سەربەخۆیی ڕابگەیەنرێ، سەرکردەکانی بۆسنەش دەیانزانی هەڕەشەکە جدییە. بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەو ڕیسکەیان کرد لەکاتێکدا دەیانزانی توانای ڕوبەڕوبوونەوەی سربیەکانیان نییە؟ بۆچی پێشتر ڕازینەبوون کە بۆسنە بکرێتە سێ کانتۆن بۆ دورکەوتنەوە لەو کۆمەڵکوژییە؟
هۆکارەکە ئەوە بوو کە سەرکردەکانی بۆسنە لەو باوەڕەدا بوون کە لە حاڵەتی بەدەستهێنانی دانپێدانانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئیتر ئەمریکا و ئەوروپا دەستێوەردان دەکەن و دەیانپارێزن. ئەوان دەیانزانی کە حەتمەن سرب هێرش دەکات و تۆڵە دەکاتەوە و کۆمەڵێک هاووڵاتیی بوسنەش دەبنە قوربانی، بەڵام ئومێدیان لەسەر ئەوە هەڵچنی بوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زوو ئەو تۆڵەکردنەوەیە دەوەستێنێت. پێیانوابوو ئەوەش باجێکە دەبێت بدرێت بۆ بەدیهێنان و چەسپاندنی سەربەخۆیی.
سەرکردەکانی بۆسنە ئامادەبوون بو دۆڕان لە سەرەتای شەڕ بەو ئومێدەی دواتر بەخێرایی دەستتێوەردانی دەرەکی بکرێت بۆ ڕاگرتنی شاڵاوی سربەکان، بەڵام ئەوە ئەو هەڵە کوشندە بوو کە بووە هۆی کۆمەڵکوژیی گەلەکەیان.
بە مانایەکی دیکە، حساباتی هەڵەی سەرکردەکانی بۆسنە و زێدە چاوەڕوانی و ئومێدی زۆر هەڵواسین لەسەر کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی، یەکێک بوو لە هۆکارەکانی ئەو جینۆسایدەی کە بەسەر بۆسنەدا هات. دەرەنجامێک کە دەکرا خۆیانی لێلادەن.
چۆن بەشێک لە سەرکردەکانی ‘بەرەی نیشتمانی ڕواندا’ بوونە هۆی جینۆسایدی گەلەکەیان؟
لە ڕواندا دوو گرووپی سەرەکی دەژیان. گرووپی ‘هوتو’ کە نزیکەی لەسەدا 80ی دانیشتوانیان پێکدەهێنا لەگەڵ گرووپی ‘توتسی’ کە نزیکەی لە سەدا 17ی دانیشتوان بوون. بە پاڵپشتی بەلجیکا، کەمینەی توتسی وڵاتیان بەڕێوەدەبرد و ستەمی زۆریان لە هوتووەکان دەکرد. ساڵی 1959 ڕواندا سەربەخۆیی بەدەستهێنا. ئەم جارە هوتووەکان هاتنە سەر حوکم و زۆرێک لە ئەفسەرە توتسییەکانیان کردە ئامانج. بۆیە بەشێک لە توتسییەکان ناچار بوون وەکوو پەنابەر ڕوبکەنە ئۆگەندا و بوروندی.
توتسییەکانی ئۆگەندا دواجار توانیان بە یارمەتیی سەرۆکی ئۆگەندا لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، گرووپێکی چەکداری درووستبکەن بە ناوی ‘بەرەی نیشتمانیی ڕواندا’. لە ساڵی 1990ەوە، ئەو گرووپە لە خاکی ئۆگەنداوە هێرشیان دەکردە سەر ڕواندا و لە ماوەی سێ ساڵ و نیودا، توانیان دەست بەسەر بەشێکی بەرچاوی خاکی ڕواندا بگرن.
ئەو گرووپە چەکدارە لە ئۆگەنداوە پڕچەک دەکران و مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرا. ئەوان دەیانزانی کە پەلامارەکانیان لە خاکی ئۆگەنداوە بۆ سەر ڕواندا، دەبێتە هۆی کاردانەوەی توندوتیژی حکومەت دژی هاووڵاتییانی مەدەنیی توتسی لە ڕواندا.
حکومەت بەردەوام ئاگاداری و هۆشداری دەدا و هەڕەشەی دەکرد کە لە حاڵەتی بەردەوامبوون لەسەر هێرش و پێشڕەوییەکانی ئەو گرووپە، ئەوا خەڵکی مەدەنی توتسی دەکاتە ئامانج و تۆڵەیان لێدەکاتەوە. زۆرێک لە توتسییەکانیش دژی هێرش و پەلامارەکانی ئەو گرووپە چەکدارە بوون، چونکە دەترسان حکومەتی زۆرینە هوتو، کە دەستی بەو گرووپە ناگات، لەجیاتی ئەوان تۆڵە لەمان بکاتەوە.
بەڵام ئەو گرووپە چەکدارە بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان. باوەڕیان وابوو کە پێش ئەوەی کۆمەڵکوژی گەورە ڕوبدات، ئەوان دەتوانن هێزەکانی حکومەت تێکبشکێنن، بەوەش ژمارەی قوربانییەکان لە سنوورێکی دیاریکراو و مەقبولدا دەبێت. بەڵام دواتر دەرکەوت، هێرشی ‘بەرەی نیشتمانیی ڕواندا’ خاوتر و جینۆسایدی حکومەت خێراترە، بەوەش ژمارەی قوربانیان چەندین هێندە لە ئاستی چاوەڕوانی ئەوان زیاتر بوو.
شایەنی باسە ئەو گرووپە بەئاگایانەوە بڕیاریاندا کە توتسییە مەدەنییەکانی ڕواندا بکەنە قوربانی لەناو ڕواندا لەپێناوی بەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆیان. تەنانەت بەرپرسێکی باڵای ‘بەرەی نیشتمانیی ڕواندا’ لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت ‘ناکرێت هێلکە و ڕۆن درووستکەیت بەبێ شکاندنی چەند هێلکەیەک’. ئەوان ئاگاداربوون کە حکومەت وا خۆی پڕ چەک دەکات و میلیشیاکانیش مەشق و ڕاهێنان دەکەن و لە ڕاگەیاندنەکانیشەوە خەڵک پڕدەکرێن لە ڕق و قین و تۆڵەسەندنەوە لە هاووڵاتییانی توتسی.
بەهۆی بە قوربانیبوونی هەزارن هاووڵاتیی بە ڕەگەز ‘توتسی’ لە جینۆسایدەکەی ساڵی 1994ی ڕواندا، بەگشتی کەمتر تەرکیز لەسەر ئەوەیە کە لە ڕاستیدا یەکێک لە هۆکارەکانی جینۆسایدەکە بریتیبوو لە هێرش و پەلاماری گرووپە توتسییەکان بۆ سەر حکومەت کە لەلایەن ‘هوتو’ەکان کۆنترۆڵکرابوو.
پێشتر ڕێککەوتنێک هەبوو لەنێوان حکومەت و ئەو گرووپەدا، دەیانتوانی بە بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێککەوتنە، ڕێگە لە جینۆسایدکردنی توتسییەکانی هاونیشتمانییان بگرن، بەڵام لە جیاتی ڕێککەوتن، شەڕێکیان هەڵبژارد کە تێیدا بە ئامانجگرتنی توتسییە مەدەنییەکانی ڕواندا پێشبینیکراو بوو. بەوەش بوونە هۆی جینۆسایدکردنی نزیکەی 800، 000 توتسی لە ماوەی 100 ڕۆژدا.
لەو ماوەیەدا، سێ لەسەر چواری هاووڵاتییانی توتسی لەناو ڕواندا کوژران. هەرچەندە دواجار ئەو گرووپە دەستیان بەسەر وڵاتدا گرت و سەرکەوتن، بەڵام باجەکەی بریتی بوو لە لەناوچونی زۆرینەی توتسییەکان.
=KTML_Bold=چۆن بەشێک لە سەرکردەکانی کورد لە تاوانی ‘ئەنفال’ تێوەگلاون؟=KTML_End=
بۆ ئەوەی بزانین تا چەند بەشێک لە سەرکردەکانی کورد و پێشمەرگە دەستیان لە ئەنفالدا هەبووە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە. بۆ ئەوەی وێنەکە ڕونتر دەرکەوێ، دەبێت تیشکبخەینە سەر چۆنییەتیی مامەڵەی ئەو سەرکردانەش لە دوای ڕاپەڕینەوە لەگەڵ ئەو کەیسە.
لە ساڵانی هەشتاکاندا، ئێراق و ئێران لە درێژترین شەڕی سەدەی بیستەمدا بوون. لەو کاتەدا هێزە کوردییەکان، شان بە شانی ئێران دژی ئێراق شەڕیان دەکرد. ڕاستە دۆزی کورد دۆزێکی ڕەوا بوو، ڕژێمی #بەعس#یش ڕژێمێکی تۆتالیتاری دڕندە و خوێنرێژ بوو، بەڵام ئەو هێزە کوردییانە، وەکوو لە خوارەوە زیاتر ڕوونی دەکەمەوە، لەو کاتەدا زیاتر وەکوو دەسکەلای ئێران دەردەکەوتن نەک وەکوو هێزگەلێکی شۆڕشگێڕی خاوەن قەزییەکی عادیل.
هەروەکوو چۆن سربەکان لە بۆسنە و حکومەتی هوتو لە ڕواندا پێش ئەنجامدانی جینۆسایدەکە، چەندینجار هەڕەشەی جدیی تۆڵەسەندنەوەیان دەکرد، بە هەمان شێوە حکومەتی بەعسیش چەندینجار هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کردبوو ئەگەربێت و هێزە کوردییەکان ببنە پشتیوان و چاوساغی سوپای ئێران.
بەڵام سەرکردەکانی ئەوکاتەی پێشمەرگە گوێیان بەو هۆشداری و هەڕەشانە نەدەدا و پاسداری ئێرانیان دەهێنایە قوڵایی خاکی کوردستانی ئێراقەوە. بوونە چاوساغی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ گرتنی #هەڵەبجە# و لێدان لە بیرە نەوتەکانی #کەرکووک# کە یەکێک بوو لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابووریی ئێراق.
ڕەنگە کەسێک بڵێت هێزە کوردییەکان چۆن بیزانیایە ڕژێمی بەعس بەو جۆرە تۆڵە دەکاتەوە؟ وەڵامەکەی ئاسانە، جگە لەو هەموو هەڕەشەوگوڕەشەیە، نموونەی پێشتر هەبوو. بۆ نموونە، ڕژێمی بەعس هێنانی سوپای پاسداری بۆ حاجی ئۆمەران کردە بیانوو بۆ ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە ساڵی 1983. لە موفاوەزاتی نێوان یەکێتی و بەغدایش، بەعسییەکان بەڕوونی بە سەرکردایەتیی یەکێتییان گوتبوو کە دەکرێت دەیان ساڵ پێکەوە لە شەڕدا ببن، بەڵام هاوکاریکردن و هێنانی پاسدار بۆ ناو قوڵایی ئێراق هێڵی سوورە.
جگە لەوەش، لە پێش کیمیابارانی هەڵەبجە مەلا عوسمانی ڕابەری گشتی بزووتنەوە لە نامەیەکدا، مەلای عەلی برای ئاگادار دەکاتەوە کە پێشمەرگەکانی بزووتنەوە بەشداری هێرشکردنە سەر هەڵەبجە نەکەن، چونکە بەعس زاڵمە و تۆڵە دەکاتەوە. ناچیتە عەقڵەوە مەلا عوسمان هەستی بەو مەترسییە کردبێت، کەچی سەرکردایەتیی یەکێتی دەرکیان بەوە نەکردبێ کە کەوتنە پێش پاسدار چی ماڵوێرانییەک بەسەر کورددا دەهێنێ.
ئەگەر سەرکردەکانی کورد لەوکاتەدا چاوەڕوانی تۆڵەکردنەوە و کارەساتی وەکوو ئەنفال و هەڵەبجەیان نەکردبێت، ئەوا ڕژێمی بەعسییان نەناسیووە. خۆ ئەگەر پێشبینی تۆڵەشیان کردبێت، مانای وایە بێباک بوون لە کردنە قۆچی قوربانی هەزاران هاووڵاتی سیڤیل و مەدەنی بێ چاوەڕوانی دەستکەوتێک کە لە ئاست گەورەیی ئەو قوربانیدانەدا بێت.
لەوکاتەدا، هێزە کوردییەکان لەلایەن ئێرانەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنران. هەروەکوو چۆن ڕژێمی بەعسیش، موجاهیدینی خەلقی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاردەهێنا. پەیوەندی نێوان پاسدار و پێشمەرگە لەو سەردەمەدا پەیوەندییەکی هاوسەنگ و هاوتا نەبووە، بەڵکوو زیاتر لە پەیوەندی نێوان ئاغا و خزمەتکار دەچێت. ئێران فەرمانی کردووە و سەرکردەکانی کوردیش جێبەجێیان کردووە، ئەوەش لەسەر حسابی ژیانی هەزاران کوردی سیڤیل.
کێشەکە لەوێدا کۆتایی نایەت کە بە زانین بێت یان نەزانی، هەزاران خەڵکی مەدەنی (بەتایبەتی لە #گەرمیان# و نزیک کەرکووک) خرانە بەر ڕەحمەتی چڕنوک و کەڵبەی سوپایەکی دڕندەی وەکوو بەعس. لە سەروبەندی ئەنفالەکەشدا، بەشێک لە پێشمەرگە و فەرماندەکانیان بوونە هۆی ئەنفالکردنی سەدان کەس.
گوندنشینەکان بە گشتی خەڵکێکی نەخوێندەوار بوون، سەرقاڵی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی بوون، وەکوو پێویست ئاگاداری هەواڵەکانی دەرەوەی خۆیان نەبوون. لەبەرانبەردا، سەرکردایەتی پێشمەرگە خوێندەواربوون و بەوردی ئاگاداری جموجوڵەکانی ڕژێمی بەعس بوون. هیچ بەڵگەیەک نییە کە خەڵکەکە لەلایەن پێشمەرگەوە ئاگادارکرابنەوە کە ڕژێمی بەعس بە نیازی هێرشکردنە تا گیان و ماڵیان ڕزگاربکەن.
بەپێچەوانەوە، پێشمەرگەکان لە هەندێ شوێن بازگەیان دادەنا و لە هەندێ شوێنی تر تایەی مەکینەیان دەتەقاند و لە هەندێ شوێنی دیکە تەقەیان بەسەر خەڵکەکەدا دەکرد و خەڵکەکەیان دەکردە قەڵغانی خۆیان چونکە بوونی پێشمەرگە پەیوەست بوو بەو گوندانەوە. بەوجۆرە بوونە هۆی ئەنفالکردنی خەڵکێکی زۆر. بۆ ئەو قسانە، ئێستاش سەدان شایەتحاڵی زیندوو هەن، بەڵام ڕون نییە کە ئایا ئەو کارە بە فەرمانی سەرەوە کراوە یانی کارێکی خۆسەری هەندێ لە فەرماندەکانی پێشمەرگە بووە، بەتایبەتی کە لە هەندێک شوێنی تر پیشمەرگەکان بەرگرییەکی سەختیان کردووە.
ئەوەی زیاتر پرسیار و گومانەکان تۆخدەکاتەوە، چۆنێتی مامەڵەی سەرکردەکانی کورد و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمە لە دوای ڕاپەڕین لەگەڵ کەیسی ئەنفالدا. هەندێک جار زانینی نەتیجە و ئەنجامی ڕووداو و تاوانێک، زۆر شت ئاشکرا دەکەن لە بارەی سەرەتای ئەو ڕووداو و تاوانە.
بۆ نموونە، کاتێک ساڵی 2001 هەردوو حیزبی دەستەڵاتدار نامەی پاکانەیان بۆ بەرپرسی باڵای بەعس ‘نزار خەزرەجی’ دەنووسی بۆ ئەوەی لەلایەن دادگای دانیمارکەوە ڕوبەڕوی دادگایکردن نەبێتەوە بە تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆساید بەرانبەر کورد و پێشتریش هەر لە خاکی هەرێمەوە ئێراقی جێهێشتبوو بەرەو ئەوروپا، ئیتر لەو کاتەدا دەبێت هەڵوەستەبکەین.
کاتێک وەفیق سامەڕائی، تۆمەتباری ژمارە یەکی کەیسی ئەنفال و سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی گشتیی ئێراق، لە جیاتی دادگاییکردن، دەبێتە ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمارێکی کورد لە بەغدا، ئیتر دەبێت بپرسین ئەوە چییە کە وا لە سەرکردەکانی جو دەکات دوای چەندین ساڵ ‘ئەدۆلف ئایخمان’ی نازیی لە ئەرجەنتین بدۆزنەوە و بیهێننەوە لە ئیسرائیل دادگایی بکەن و لە سێدارەشی بدەن، کەچی سەرکردەیەکی کورد، تاوانباری ژمارە یەکی ‘ئەنفال’ دەکاتە ڕاوێژکاری خۆی؟ ئایا ئەگەر سەرکردەکان بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ کەیسی ئەنفال بکەن، ئیتر چۆن ئەنفال لە ئاستی جییهاندا بە جینۆساید دەناسرێت؟
لە ساڵی 2007یشەوە، بڕیاری دەستگیرکردنی 258 تۆمەتباری ئەنفال هەیە لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام نەک هەر نەگیراون، بەڵکوو بەشێکی زۆر لە جاش و مستەشارەکان داڵدەدراون. ئەوە جگە لە ئازادکردنی ‘تاریق ڕەمەزان عەزاوی’ فڕۆکەوان و بەشداری کیمیابارنی هەڵەبجە لە یەکێک لە زیندانەکانی #سلێمانی# لە ساڵی 2008 بەشێوەیەکی گوماناوی. ئەم نمونانەی دوای ئەنفال، گومان و پرسیاری جدی درووست دەکەن لەسەر ڕووداوەکانی سەروبەندی ئەنفال.
گرنگە لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە بکەم کە ڕاستە بۆسنەییەکان قوربانییەکی زۆریاندا، بەڵام دواجار بوونە خاوەنی دەوڵەت. ڕاستە توتسییەکان ڕوبەڕوی جینۆساید بوونەوە، بەڵام دواجار دەستیان بەسەر ڕواندا گرت.
بەڵام بەشێک لە سەرکردەکانی کورد، ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، بوونە هۆی کیمیابارنی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژی ‘ئەنفال’، بێ ئەوەی وەکوو سەرکردەکانی بۆسنە بەڵێنی دانپێدانانیان پێدرابێ لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە. بەپێچەوانەوە، ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان لەو سەردەمەدا پشتیووانی ئێراقیان دەکرد بە چەک و تەقەمەنی.
هێزە کوردییەکان، وەکوو ‘بەرەی نیشتمانیی ڕواندا’ش بەهێز و پڕ چەک نەبوون تا بتوانن بە تەنیا سوپای ئێراق تێکبشکێنن. بە مانایەکی دیکە، نە هیچ بەڵێنێک هەبووە بۆ داننان بە قەزیەی کورد و نە هیچ ئومێدێک هەبووە کە پێشمەرگە بتوانێت خاکی کوردستان ڕزگار بکات. دیارە درووستبوونی کیانی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی ترە و پەیوەندی بە شەڕی کەنداوی یەکەم و کۆڕەوەکەوە هەیە نەک ‘ئەنفال’.
کەواتە، ئەگەر جینۆسادی ‘بۆسنە’ و ‘ڕواندا’ باجی هەڵەخوێندنەوەی سەرکردەکانیان بێت بۆ هاوکێشە سیاسییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەوا ‘ئەنفال’ باجی خزمەتکردنی ئەجێنداکانی ئێرانە لەلایەن بەشێک لە سەرکردەکانی کوردەوە. ئەگەر سەرکردەکانی کورد کەمێک ژیرانە و کوردپەروەرانە مامەڵەیان بکردایە، ئەگەر لەوکاتەدا بەرگەی فشاری ئێرانیان بگرتایە و پێش پاسدار نەکەوتنایە بۆ هەڵەبجە و بۆ لێدان لە بیرە نەوتەکانی کەرکووک، دەکرا تاوانەکانی بەعس بە ڕادەی کیمیابارانی ‘هەڵەبجە’ و ‘ئەنفال’ دڵڕەقانە نەبن.
=KTML_Bold=وروژاندنی ئەم بابەتە بۆ؟=KTML_End=
ئەم نووسینە بۆ سپیکردنەوەی تاوانەکانی بەعس نییە. دڕندەیی حیزبی بەعس لای هەموان ئاشکرایە، پەرێزێکی هێندە پیس و بۆگەنە بە هیچ شتێ پاکنابێتەوە. کوشتنی ژن و منداڵ و خەڵکی سیڤیل هەرگیز پاساوی نییە. بۆ ئەوەش نییە کە خەباتی چەکداری دژی ڕژێمی بەعس ڕەدبکەمەوە. ئەم نووسینە وەستان و هەڵوەستەکردن بوو لەسەر قۆناغێکی خەباتی چەکداری کە بووە هۆی بە گورگان خواردکردنی هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی.
بۆ ئەوەی لە ڕووداوەکانی ئەمڕۆ تێبگەین، دەبێت بەوردی خوێندنەوە بۆ ڕابردومان بکەین. ئەو میللەتەی بەوردی خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ ڕابردوی نەکات، بەردەوام مەحکومە بە دووبارەکردنەوەی ئەو ڕابردووە لە فۆرمی جیاوازدا.
بۆ نموونە، ئەگەر پێشتر بەوردی و بەقوڵی لەسەر هەموو لایەنەکانی ئەنفال بوەستاینایە، زەحمەت بوو ئەنفالێکی دیکە لە ‘شەنگال’ دووبارەبێتەوە. ئەگەر ئێستاش لەسەر ‘ئەنفال’ و ‘شەنگال’ نەوەستین، ڕەنگە لە داهاتودا دووبارە ببنەوە.
بۆ ئەوەی لە ئەنفال تێبگەین، دەبێت سەیری هاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانی ئەو سەردەمە بکەین. دەبێت شەڕی ئێران و ئێراق لەبەرچاو بگرین، هەروەکوو دەبێت لە ئایدیۆلۆژیای حیزبی بەعسیش تێبگەین. هێشتا ئەوانەش بەس نین، دەبێت بەوردی لەسەر ڕۆڵی جاش و مستەشارەکانیش بوەستین.
بەڵام هێشتا گۆشەیەکی تاریک هەیە کە بەبێ تیشکخستنە سەری، ناتوانین وێنە گشتییەکەی ‘ئەنفال’ ببینین. ئەو گۆشە تاریکەش، ڕۆڵی سەرکردەکانی کورد و پێشمەرگە و خەباتی چەکداری کوردە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان تێوەگلاون لە جینۆسایدکردنی کورددا. ئەم نووسینە هەوڵێکی سەرەتایی بوو بۆ تیشکخستنە سەر ئەو گۆشە تاریک و کەم باس کراوە.
تەرکیزی ئێمە بەزۆری لەسەر ئەوی تر و بەرانبەرە، لە کاتێکدا ھەڵوەشان و لێکترازانی زۆرێک لە ئیمپراتۆر و دەوڵەت و کیانەکان لە مێژوودا زیاتر بەھۆی فاکتەری ناوخۆیییەوە بووە نەک فاکتەری دەرەکی. بۆ تێگەیشتن لە ‘ئەنفال’یش، دەبێت فاکتەری ناوخۆیی لەیادنەکەین. [1]