ناونیشانی بابەت: ئاوابوونی خۆری کورد لە #کەرکووک# دوای 17 ساڵ
ئەم بابەتە نووسراوە لە ڕێکەوتی: #10-04-2020#
ئامادەکردن: #نەوشیروان حسێن سەعید#
=KTML_Bold=هەڵهاتنی خۆری کورد=KTML_End=
حەڤدە ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی 10ی نیسانی 2003، کەرکووک ڕزگارکرا. لەو ڕۆژەدا، دە هەزار (10،000) پێشمەرگە چونە ناو شارەکەوە. پێشتر، لە ڕۆژی 1ی ئاداری 2003، پەڕڵەمانی تورکیا بڕیاریدابوو کە ڕێگە بە تێپەڕبوونی فیرقەی چواری سوپای ئەمریکا لە خاکی تورکیاوە نەدات بۆ کردنەوەی بەرەی دووەمی جەنگ دژی سوپای ئێراق لە باکوورەوە. ئەمە هەلێکی لەباری بۆ کورد ڕەخساند تا بەباشی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و دڵسۆزیی خۆیشی بۆ ئەمریکا پیشانبدات.
دوای کەوتنی ڕژێمی #بەعس#، هەر زوو کورد توانی دەستەڵاتی سیاسی و سەربازی و ئەمنی خۆی لە کەرکووکدا جێگیر بکات. ئەوەش لە لایەکەوە بەهۆی نەبوونی ژمارەی پێویستی سەربازی ئەمریکی لە شارەکە و لە لایەکی دیکەوە بەهۆی ڕێکخراویی و ئەزموونی پێیشتری حکومڕانییەوە بوو لە هەرێمی کوردستان. بەو جۆرە، پاش دەیان ساڵ لە شەوەزەنگی سیاسەتی بەعەرەبکردن و تەرحیل و تەبعیس، ئیتر خۆری کورد لە ساڵی 2003وە لە کەرکووک هەڵهات.
لە ساڵی 2005دا، یەکەمین هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ئێراق ئەنجامدرا. لە کۆی 41 کورسی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لیستی برایەتی توانی بە بەدەستهێنانی 26 کورسی، زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک مسۆگەربکات. تورکمانەکان 9 کورسی و عەرەب 6 کورسییان بەدەستهێنا.
سەرەڕای جێبەجێنەکردنی مادەی 140 لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا کە دەبوایە هەتا 31ی دیسەمبەری 2007دا ڕیفراندۆم ئەنجامبدرایە و چارەنووسی کەرکووک یەکلایی بکرایەتەوە، بەڵام تا 2017ەش کورد هێشتا هەر دەستەڵاتداری یەکەمی شارەکە بوو. زۆرینەی پۆستە باڵا سیاسی و ئەمنییەکان بە دەست کوردەوە بوون.
=KTML_Bold=غروری کورد:=KTML_End=
ڕۆژی 9ی حوزەیرانی 2014، #داعش# دەستی بەسەر موسڵدا گرت. لەگەڵ کەوتنی موسڵدا، سوپای ئێراق لە کەرکووکیش پاشەکشەی کرد و بۆشایییەکی ئەمنیی گەورەی لە دوای خۆی بەجێهێشت. هەر زوو پێشمەرگە ئەو بۆشایییەی پڕکردەوە. کەرکووک و بیرە نەوتەکانی کەوتنە بەر دەستی کورد. پاش ماوەیەکی کەم لە دەستبەسەرداگرتنی کەرکووک، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان #مەسعود بارزانی# سەردانێکی ئەو شارەی کرد و ڕایگەیاند کە پیشمەرگە هەرگیز لە کەرکووک ناکشێتەوە.
دەرکەوتنی داعش و کەوتنی موسڵ، نەخشەی سیاسی لە کەرکووکدا گۆڕی و پێگەی کوردی بەهێزتر کرد. بە جۆرێک کە بارزانی پێیوابوو کە ئیدی واقیعێکی نوێ درووست بووە و دەبێت هەموو لایەک ئەو واقیعە نوێیە قەبوڵ بکەن.
لە درێژەی جەختکردنەوە لەسەر سەپاندنی ئەو واقیعە نوێیە، ڕۆژی 27ی حوزەیرانی 2014، مەسعود بارزانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، کە لەگەڵ ویلیام هێگ، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەنجامیدا، وتی ‘ئێستا ماددەی 140 جێبەجێکراوە، چیتر قسەی لەسەر ناکەین.’ ڕایشیگەیاند کە ’10 ساڵ سەبرمان گرت بۆ ئەوەی حکومەتی ئێراق کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان بەپێی ماددەی 140 چارەسەر بکات، بەڵام بێسوود بوو.’
دواتر لە ساڵی 2015 لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ‘الحیاة’ی لەندەنی، بارزانی ڕایگەیاند کە ‘سنوورە نوێکان لە ناوچەکەدا بە خوێن دەکێشرێن.’ ئەو لێدوانانەی بارزانی، ئاماژەیەکی ڕوون بوون بەوەی کە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، چی دیکە باوەڕی بە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک نەبوو لە ڕێگای گفتوگۆ و هێزی لۆجیکەوە، بەڵکوو دەیویست بە لۆجیکی هێز، کێشەی کەرکووک یەکلایکاتەوە. ئەوەش دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵەی حیزبی بەعس بوو، کە دەیویست لە ڕێگەی هێز و سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقیعەوە، حاڵەتی جوگرافی و دیموگرافی لە کەرکووک بگۆڕێت.
بۆ زیاتر سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقیع، وردەوردە هەنگاوی عەمەلی زیاتر نرا. بۆ نموونە، ڕۆژی 28-03-2017 ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرۆکایەتیی ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت و بە ئامادەبوونی ئەندامە کوردەکانی ئەنجوومەنەکە وغیابی ئەندامە تورکمان و عەرەبەکانی، بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاڵای هەرێمی کوردستانی لەسەر هەموو دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگاکە، دەرکرد.
ئەو بڕیارە بە لای کوردەوە بڕیارێکی نەتەوەیی و مێژوویی بوو. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بڕیارە تاکلایەنە، ڕەچاوانەکردنی حاڵەتی تایبەتی کەرکووک بوو کە بە گوێرەی مادەی 140ی دەستوور، یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا. هەر بۆیە بڕیارەکە بووە هۆی درووستبوونی گرژی و ناڕەزایی و هێنانە کایەی دۆخێکی ئاڵۆزی ناپێویست لەنێوان کورد و تورکمان و عەرەب لەو کاتەدا.
سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقیع و پشتگوێخستنی پێکهاتەکانی دیکەی کەرکووک لە ڕۆژی 25ی ئەیلولی 2017دا، گەیشتە لوتکە. سەرەڕای ناکۆکی نێوخۆی ماڵی کورد لە لایەک و سەرەڕای درووستبوونی جۆرێک لە کۆڕایی دژی ڕیفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و لەسەر ئاستی ئێراقیش، کەچی کورد تاکلایەنانە ڕیفراندۆمی لە کەرکووک ئەنجامدا.
کاربەدەستانی کورد پێیانوابوو کە بەهۆی شەڕی داعشەوە، ئیتر ئەمریکا و زلهێزەکان ئەگەر پشتگیری ڕیفراندۆمیش نەکەن، لانی کەم دژایەتی ناکەن. بەڵام ئەوە هەڵە خوێندنەوەی هاوکێشە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان بوو. ئەو بڕیارە تاکلایەنەی ڕیفراندۆم، بووە هۆی کۆکردنەوەی هەریەکە لە ئەمریکا و ئێران و تورکیا و بەغدا لە سەنگەرێکدا دژی کورد. ئەوەش سەرەتای ئاوابوونی خۆری کورد بوو لە کەرکووک.
=KTML_Bold=ئاوابوونی خۆری کورد:=KTML_End=
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، سوپای ئێراق و #حەشدی شەعبی# بە هاوکاری ئێران و هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا، هێرشیانکردە سەر کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە و لە ماوەی 48 کاتژمێردا ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکرد. ڕیفراندۆم هەلێکی زێرینی بەخشیە بەغدا تا دوای 14 ساڵ، کەرکووک بە تەواوەتی بخاتە ژێر کۆنترۆڵی ئەمنی وسەربازی خۆیەوە. بەو هۆیەوە، دەیان هەزار هاووڵاتی شاری کەرکووک و شارۆچکەکانی دوز و#داقوق# ماڵەکانی خۆیان جێهێشت و ئاوارەبوون. دیمەنەکە لە دیمەنی کۆڕەوەکەی ساڵی 1991 دەچوو.
بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە، زەبرێکی گەورەی سیاسی و سەربازی و ئابووری بەر هەرێمی کوردستان کەوت. هەرێمی کوردستان چی دیکە دەستەڵاتی بەسەر بیرە نەوتەکانی کەرکووکدا نەما. پۆستی پارێزگار و سەرۆکی پارێزگای بە وەکالەت لە دەستدا، بەشێک لە ئەندامە کوردەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، شارەکەیان جێهێشت. ئەوە جگە لە لەدەستدانی 51٪ی ناوچەکانی ژێردەستەڵاتی و قوڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و یەکتر تۆمەتبارکردن بە خیانەت و فرۆشتنی ‘کەرکووک و #خانەقین#’ لە لایەک و ‘مەخمور و شەنگال’ لە لایەکی دیکە. سەرباری ئەو زەبرە گەورەیە، کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان ڕازیبوون بە سڕکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم.
=KTML_Bold=کورد چی بکات؟=KTML_End=
دەکرێت سەردەمی نێوان ساڵانی 2003-2017، بە سەردەمی زێڕینی کورد ناوببرێت لە کەرکووک. لە ماوەی ئەو 14 ساڵەدا، کورد هەژموونی سیاسی و ئەمنی و سەربازیشی بەسەر کەرکووکدا هەبوو. بەڵام لەو ماوەیەدا، زۆر هەلی گرنگی لەدەستدا. بۆ نموونە، دەکرا کورد کەڵک لە باڵادەستیی خۆی لە کەرکووک وەرگرێت و بە پشتبەستنیش بەو چارەسەر و پێشنیارانەی کە هەریەکە لە یۆنامی و گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و هەندێک سەنتەری توێژینەوە و توێژەری دیکە دەیانخستەڕوو، لانی کەم کۆتایی بە کێشەی حکومڕانی بهێنایە لە شارەکە.
بەڵام لە جیاتی ئەوە، پارتی و یەکێتی ئەزموونی ناشیرینی حیزبایەتی و گەندەڵی و ململانێی نێوخۆی خۆیانیان گواستەوە بۆ کەرکووکیش. لە زۆر وێستگەدا نەک حسابیان بۆ عەرەب و تورکمان نەدەکرد وەکوو دوو پێکهاتەی سەرەکی پارێزگای کەرکووک، بەڵکوو بە تەواوەتی لایەنە کوردییەکانی تریشیان پشتگوێدەخست.
ئەمە جگە لە فەرامۆشکردنی ئەو ڕاستییەی کە کەرکووک تەنیا کێشەیەکی ناوخۆی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە نییە و هەریەکە لە بەغدا و ئێران و تورکیا و ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر کێشەی کەرکووک. دەبوا کورد بیزانیایە کە ناکرێت بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەو کێشەیە یەکلایی بکاتەوە.
ئێستا ئیدی کورد نە هەژموونی سەربازی ماوە و نە ئەمنی. ڕۆژی 29ی ئاداری 2020یش بنکەی سەربازی کەی وەن لە کەرکووک لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییەوە ڕادەستی هێزە ئێراقییەکان کرا. بە مانایەکی دیکە، ئەو هێزەی کە چەند جارێک ڕۆڵی ناوبژیوانی دەبینی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای ئێراقی، ئەویش نەما.
بەڵام هێشتا کورد گەورەترین پێکهاتەی کەرکووکە و پەراوێزخستنی ئاسان نییە. هەرچەندە لە داهاتودا ڕەنگە ئەو پێگەیەش لەدەستبدا. هۆکارەکەش ئەوەیە کە وەختی خۆی بە سوودوەرگرتن لە بایکۆتی بەشێکی بەرچاو لە عەرەبی سونە لە هەڵبژاردنەکانی 2005، لیستی برایەتی کورد توانی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەدەستبهێنێت. زەحمەتە جارێکی دیکە کورد بتوانێت زۆرینەیەکی لەو شیوەیە مسۆگەرکات، بەتایبەتی کە لە لایەکەوە ڕێژەی لەداییکبوون لە ناو عەرەبدا زیاترە و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی لەدەستدانی هەژموونی ئەمنییەوە، وەکوو جاران بواری تەزویر نابێت.
وەکو ئاشکرایە جێبەجێکردنی مادەی 140یش زۆر زەحمەتە، ئەگەر ئەستەم نەبێت. بۆیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییانەی سەرەوە، دەکرێت بگەینە ئەو ئەنجامەی کە گونجاوترین چارەسەر بۆ پرسی کەرکووک و ناوچەجێناکۆکەکانی تر بریتییە لە دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا. کێشەی کەرکووک تەنیا کێشەیەکی دەستووری و قانونی نییە، کێشەیەکی بە سیاسیکراویشە، بۆیە بێ گفتوگۆ و ڕێککەوتنی سیاسی، کێشە قانونییەکەش چارەسەر نابێ.
کەواتە، گرنگە لە ڕێگەی گفتوگۆوە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی سیاسی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی ئێراق. لەبەرئەوەی لە ڕابردووشدا، بەغدا و هەرێم نەیانتوانیووە چارەنووسی کەرکووک یەکلابکەنەوە، بۆیە بێ بوونی ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان، گەیشتنە چارەسەی کۆتایی سەختە. ئێستا ئیتر هاوکێشەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. دوای 17 ساڵ، کورد خەریکە دەگەڕێتەوە بۆ چوار گۆشەی یەکەم. ئێستا ئیتر کات لە بەرژەوەندیی کورد نییە، بۆیە هەتا زووتر هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە بدرێت باشترە. [1]