ناونیشانی بابەت: کۆرۆنا و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان
ئامادەکردن: #نەوشیروان حسێن سەعید#
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان چەندین ڕێوشوێنی خێرا بگرنەبەر و بە جۆرێک لە جۆرەکان ‘باری لەناکاو’ ڕابگەیەنن بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە. بە گشتی، ڕاگەیاندنی ‘باری لەناکاو’ پەیوەستە بە بوونی مەترسی و هەڕەشە لەسەر ئاساییشی نیشتمانیی.
لە کاتی بوونی باری لەناکاو، وڵاتان واز لە کارکردن بە یاسا ئاسایییەکان دێنن بەو بیانووەی کە وڵات بە قۆناغێکی تایبەت و ئیستیسنائیدا تێدەپەڕێت. لە ئێستادا ڕێوشوێنە توندەکانی دەوڵەتان بووەتە هۆی ئابڵوقەدانی ملیۆنان مرۆڤ لە ماڵەکانی خۆیان و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی تاکەکان تا ئەوپەڕی. بەهۆی کۆرۆناوە، دەستەڵات و کۆنترۆڵی حکومەتەکان لە هەڵکشانێکی سەیردایە و ئازادی تاکیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو بەرتەسکبوونەوە و داکشانی خێرا دەچێت.
درەنگ یان زوو، پەتای کۆرۆنا کۆتایی دێت، بەڵام ڕەنگە هەندێک لەو ڕێوشوێنە توندانەی کە ئێستا وڵاتان گرتویانەتەبەر، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بمێننەوە. بۆ نموونە، وەکوو یوڤال نوح هەراری، نووسەر و مێژوونووس و فەیلەسوف، لە نووسینێکی بەناوبانگیدا بەناوی ‘جیهان دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا’ ئاماژەی پێدا، ڕەنگە پەتای کۆرۆنا ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی چاودێریکردندا. ئەوەش نەک تەنیا لەبەرئەوەی بەکارهێنای ئامێرەکانی چاودێریکردن ئاسایی دەبێتەوە، بەڵکوو بەهۆی ئەوەی کە تەنانەت گۆڕانکاری بەسەر جۆری چاودێرییکردنەکەشدا دێت.
ئەگەر جاران حکومەتەکان دەیانویست بزانن پەنجەی هاووڵاتییان کلیک لەسەر چی لینک و ماڵپەڕێک دەکات، ئەوا لەسەردەمی کۆرۆنادا ئیدی دەیانەوێ پلەی گەرمی پەنجە و بەرزی و نزمی فشاری خوێنیشیان بزانن. بە مانایەکی دیکە، ئەگەر جاران تا سنووری جەستە، چاودێری هاووڵاتی کرابێت، ئێستا ئیتر بە بیانوی پاراستن لە کۆرۆنا، دەکرێت تەنانەت حکومەت بچێتە ناو جەستەشیانەوە وئاگاداری ژمارەی ترپەکانی دڵیان و دۆخی دەروونیشیان بێت. ئەمەش ئەوپەڕی مەترسی لەسەر تاکەکان درووستدەکات، بەتایبەتی لە وڵاتە دیکتاتۆرەکاندا.
نموونەکان زۆرن سەبارەت بە درێژەکێشان و درێژەپێدانی دۆخی باری لەناکاو، جا بە شێوەیەکی ڕاگەیەنراو و فەرمی بێ یان ڕانەگەیەنراو و نافەرمی. بۆ نموونە، لەدوای ڕووداوی 11ی سێپتێمبەر، ئەمریکا و بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکەش کۆمەڵیک یاسای توندیان سەبارەت بە تیرۆر دەرکرد کە هەندێکیان تا ئەم ساتەش کاریان پێدەکرێت. حکومڕانی لە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبییش هێشتا بەشێوەیەک لە شێوەکان لەژێر کاریگەریی یاساکانی سەردەمی کودەتا سەربازییەکاندایە کە چەندین ساڵ پێش ئێستا ڕویانداوە. حیزبی #بەعس#یش، سی و پێنج ساڵ ئێراقی بەو جۆرە بەڕێوبرد.
حاڵەتی هەرێمی کوردستان لەمڕووەوە تا ڕادەیەک جیاوازە. لە هەرێمی کوردستاندا هەر لە سەرەتاوە دەستەڵاتەکانی جێبەجێکرن و یاسادانان و دادوەری لە یەکتر جیانەکراونەتەوە. دەستەڵاتی حکومەت بە گشتی زۆر زیاتر بووە و پەڕڵەمان و دادگا هەمیشە لە خوار دەستەڵاتی جێبەجێکردن و زۆرجاریش وەکوو پاشکۆی ئەو دەستەڵاتە دەرکەوتوون. بۆیە لەم ڕووەوە ڕەنگە حکومەتی هەرێم پێویستی بە ڕاگەیاندنی باری لەناکاو نەبێت، چونکە هەرێمی کوردستان هەر بۆ خۆی پێشتریش لە دۆخێکی ناسرووشتی و جۆرێک لە باری ناکاوی ڕانەگەیەنراودا بوو.
ئەگەر بەهۆی کۆرۆناوە، چەپۆک و زەبر و زەنگی وڵاتە دیکتاتۆرەکان زیاتر بووبێت و ئازادیی تاک لە وڵاتە دیموکراسییەکان سنووردارکرابێت، ئەوا بۆ حکومەتی هەرێم ‘کۆرۆنا’ بیانوویەکی باش بووە بۆ خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی کە زەقترینیان لە ئێستادا بریتییە لە دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆی و مشورخواردنی ژیانی خەڵک.
ئەگەرچی سەبارەت بە ڕێگەگرتن لە خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەرێمی کوردستان تا ئێستا زۆر باش ھێناوێتی، بەڵام بەتەنیا ئەوە بەس نییە. گرنگە لەگەڵ ئەوەدا، حکومەت بتوانێت ڕێگە لە کەوتنی بازاڕ بگرێت و مووچە و بژێوی سەرجەم هاووڵاتییان دابینبکات. ئەگەر بۆ نموونە تا ساڵێکی دیکە کۆرۆنا بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، ئایا حکومەتی ھەرێم تا چەند ھەفتە و مانگی تر دەتوانێت بەم جۆرە خەڵک لە ماڵەوە بھێڵێتەوە؟ ئەی خەڵک تا چەند دەتوانن بەم شێوەیە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و واز لە کار و کاسبی بێنن؟
بەکوورتی، ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڕەشەیەکی جدی و ڕاستەوخۆیە لەسەر تەندرووستی و ژیانی مرۆڤ لە ماوەی کوورت-مەودادا. لە ماوەی دور-مەوداش، ڕەنگە ببێتە بیانو بە دەست دەوڵەت و حکومەتەکانەوە بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان. لە هەردوو بارەکەدا، جیهانی دوای کۆرۆنا جیهانێکی جیاواز دەبێت. لە کوردستانیش، حکومەتی هەرێم تا ئێستا کۆرۆنای کردۆتە بیانو بۆ خۆدزینەوە لە ئەرکەکانی، هەروەکوو چۆن پێشتر ‘#داعش#’ی کردە بیانوو. [1]