ناونیشانی بابەت: ئالنگاریکردنی (چالێنجی) قەرزەکانی حکومەت
ئامادەکردن: #نیاز نەجمەدین نوری#
سەرەتاییترین ئامۆژگاریی ئابووریناسان بۆ ڕای گشتیی ئەوەیە دەمودەست و بەسادەیی ڕادەستی ئەو داتا و زانیارییانە نەبن کە لەلایەن بڕیاربەدەستانەوە بەرگوێیان دەکەوێت. لە ناوچەیەکی وەک هەرێمی کوردستان و ئێراقدا داتا و زانیارییەکان، لەناویشیاندا قەرزەکانی حکومەت، زۆر زیاتر لە دەوڵەتێکی دامەزراو جێی گومان و پرسیارن.
نموونەیەکی باوی داتا و زانیاریی کۆی بەرهەمی ناوخۆیە، کە بە جی دی پی (GDP) ناسراوە. ساڵانە وڵاتان بەهای تەواوی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی بە شێوەیەکی یاسایی بەرهەمیانهێناوە دەدۆزنەوە، بە دۆلار دەیشکێننەوە و ناوی دەنێن جی دی پی. دواتر کۆی بەرهەمی ناوخۆ دابەشی سەر دانیشتوان دەکەن، داهاتی تاکەکەس دەدۆزنەوە. وردەکارییەکی زۆر لە دۆزینەوەی ئەم پێوەرەدا هەیە، لەوانە نرخ. ئەگەر نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، ئەوا کۆی داهاتی ناوخۆ زیاد دەکات، ئەو کاتەش کۆی داهاتی تاکەکەس زیاد دەکات. زیادبوونی لەم چەشنە نابێتە مایەی دڵخۆشیی ئابووریناسان، چونکە زیادبوونەکە لە نرخەوەیە نەک لە بەرهەمهێنانەوە (واتە ڕوکەشییە نەک ڕاستەقینە) ، کەچی ڕەنگە کاکی بڕیاربەدەست وەک بەرزبوونەوەی ئاستی گوزەران بیناسینێت.
ئەم پێوەرە سوودی زۆرە (کەموکوورتیشی هەیە) . کۆی قەرزەکانی هەرێم دابەشی سەر 6 ملیۆن کەسی بکە، دەبینیت هەر کەسێک 4، 500 دۆلاری بەردەکەوێت (مانگی نزیکەی 400 دۆلار) . داهاتی تاکەکەس زۆر نزمە، بەر لە چەند ساڵێک لە مانگی 400 دۆلار زیاتر نەبوو. واتە داهاتی ساڵی کەسێک کە هیچ نەخوات تەنیا بەشی قەرزەکانی دەکات. لە ئێستا لەم بڕەش کەمترە.
قەرز لە چەند کاتێکدا ترسناکە. یەکێکیان ئەوەیە کە بگاتە سەروو ئاستی جی دی پی و بەرانبەر بەنرخی کەڵک بێت، چونکە زۆر بەخێرایی کەڵەکە دەبێت. بۆ ناوچەیەکی وەک هەرێم ترسناکتریشە چونکە نە دەوڵەتی هەیە و نە متمانەی نێودەوڵەتیی. لە هەرێمی کوردستاندا ئەمە ڕویداوە: بڕی قەرز لە 100%ی کۆی جی دی پی تێپەڕاندووە. دەرئەنجامێکی سادە لێرەدا ئەوەیە بڕیاربەدەستانی هەرێم دەبێت ڕەخنەباران بکرێن و ڕوبەڕوی لێپَچینەوە بکرێنەوە کە بۆ هێشتویانە قەرز بەو ئاستە زیاد بکات.
لە وڵاتێکدا کە لە ڕوی سیاسییەوە لە ناوخۆیدا پڕە لە ململانێ، درزێکی گەورە لەنێوان خەڵک و دەستەبژێری سیاسیی هەیە، دەزگای تایبەت بە دۆزینەوەی پێوەری ئابووریی نییە، زۆر شتی تریش، گومانەکە لە ڕاست و درووستی میتۆدی دۆزینەوەی پێوەرە ئابوورییەکە نییە بە تەنیا، بەڵکوو ئەوەشە ئایا لە بنەڕەتدا ئەو داتایە ڕاستە یان بەکاردەهێنرێت بۆ یارییەکی ناشیرین؟
چاوێک بە داتا و پێوەرەکانی پێشوودا بخشێنە. ئایا ڕاستە 180 هەزار کەس ئەنفال کراون، پێنج هەزار کەس لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا شەهیدکراون، زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەر و مووچەوەرگرمان هەیە؟ واز لە ئەنفال و کیمیاباران بێنە، تەنیا بوونی فەرمانبەری شەبەحیی، کە بە بندیوار ناسراون، لە لیستی مووچەدا خۆی واتای ئەوەی یاریی بە ژمارەکان دەکرێت بۆ زۆر شت، یەکێکیان بردنی بودجەی زیاترە.
ئایا ژمارەی دانیشتوان ڕاستە، ژمارەی کورد و عەرەبی ناوچە کێشە لەسەرەکان ڕاستە؟ کەم کەس هەیە بوێرێت بڵێت ڕاستە، چونکە یاریی پێدەکرێت بۆ ململانێی تایفیی و نەتەوەیی.
ئەی داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکان ڕاستە؟ کەم کەس هەیە متمانە بەم داتایەش بکات لەبەر ئەو هۆکارانەی زۆرینە دەیزانن. داتا لە ئێراق و هەرێمدا مەبەستی سیاسیی لە پشتەوەیە، بۆیە بەکارهێنانی شێوازی زانستیی لە دۆزینەوەیاندا نرخێکی نییە. هەر بۆیە هەمیشە داتا و زانیارییەکان لەم سیستمانەدا جێی گومانن.
ئەگەر یەک داتا و زانیاریی نیشتمانیی نەبێت جێی متمانە بێت، ئەی بۆچی باوەڕ بە 27 ملیارد دۆلار قەرز بکەین؟
گریمان بڕی قەرزی ڕاگەیەنراو ڕاستە. دیسانەوە پرسیارەکانی ئابووریناسان کۆتایی نایەت.
ئایا ئەو قەرزەی ڕاگەیەنراوە پوختەیە، واتە سافییە یان کۆیە؟ مەبەست لەوەی پوختەی قەرزە زۆر شت دەگەیەنێت، یەکێکیان ئەوەیە ئایا حکومەتی هەرێم هیچ قەرزێکی لای کەس نییە؟ من، تۆ، زۆرینەمان، کۆمپانیاکانیش قەرزاری حکومەتین و حکومەتیش قەرزاری ئێمەیە. ڕون نییە کە ئەم پاکتاوکردنە کراوە، بێ ئەمەش ئێمە ناتوانینن بڵێین حکومەت 27 ملیارد دۆلار قەرزارە. دەشێت بڕی قەرزەکە گەورەتر لە قەبارەکەی دەرخرابێت.
گریمان حکومەت دەڵێت “بەڵێ، کراوە”. ئینجا دەبێت بچینە ناو وردەکاریی قەرزەکەوە تا تێبگەین ئاستی مەترسییەکە چەندە.
پشکی قەرزی ناوخۆ لە کۆی قەرزەکە چەندە؟ ئەی پشکی قەرزی دەرەکیی چەندە؟ لە کۆبوونەوەیەکدا بوم لەگەڵ چەند ئەندام پەڕڵەمان و ئەکادیمییەک. یەکێک لە ئەندام پەڕڵەمانەکان گوتی “قەرزی دەرەکیی سێ ملیارد دۆلار لە 27 ملیاردەکە پێکدەهێنێت”. واتە نزیکەی 11%ی کۆی قەرزەکان دەرەکیین، کە مەبەست لێی لێرەدا کۆمپانیا بیانییەکانە. ئەگەر پشکی قەرزی دەرەکیی کەم بێت لە کۆی قەرز، واتە ئەگەر بەشی زۆری قەرزەکە لە ناوخۆوە بێت، ئەوا مەترسییەکەی کەمترە وەک لەوەی دەرەکیی بێت. بۆچی؟ یەکەمیان بەهۆی مەسەلەی ئاڵوگۆڕی دراوەوە (داهاتمان بە دینار و قەرزمان بە دۆلار بێت، ئەوا لە کاتی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بڕی قەرزەکەمان زیاد دەکات) . هۆکارێکی تر ئەوەیە سوڵح لەسەر قەرزی ناوخۆیی ئاسانترە. بە کوورتیی، “چەند قەرزی دەرەکیی و چەند قەرزی ناوخۆییت لە ئەستۆیە کاریگەریی هەیە لەسەر ئاستی مەترسیی قەرزەکە. زیاتر لە 85%ی قەرزەکانی حکومەت ناوخۆیین، بۆیە ڕەنگە هێندەش ترسناک نەبێت کە پیشانمانی دەدەن.
ئەگەر حکومەت قەرزێکی لەسەرە و لەبەرانبەریدا نرخی سوودی لەسەر نییە، ئەوا دیسانەوە مەرج نییە ئەو قەرزە مەترسیدار بێت. بەشێک لە قەرزەکە هی فەرمانبەرانی حکومەتە و هەموومان دەزانین نەک نرخی سوودی لەسەر نییە (کە دەبوو هەبێت!) ، بەڵکوو وەریشیناگرنەوە. ئەمە واتای ئەوەی ڕاگەیاندنی داتای سادە نە هیچ ئەرزشێکی هەیە و نە دەشتوانین کۆمەکی حکومەت بکەین بەو هۆیەوە زانیاریی لەسەر قەرزەکەی لێ شاردوینەتەوە لە کاتێکدا دەبوو ڕایبگەیەنێت چەند لەم قەرزە نرخی سوودی لەسەرە. نەبوونی ئەم زانیارییە واتای ئەوەش کە نازانین قەرزەکە بە چ خێرایییەک کەڵەکە دەبێت. ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی حکومەت ئەم ئیشە ناکات ئەوە بێت بە کەیفی خۆی دەستکاریی مووچەی فەرمانبەران بکات و ئەوان بکاتە قوربانیی لە بری دەستبردن بۆ ئەو کەسانەی وڵاتەکەیا خستە ژێر قەرزە و تاڵانیان کرد.
لایەنی قەرزدەر بە حکومەتی هەرێم کێیە زانیارییەکی گرنگە کەچی ئەمەش نادیار و ناڕۆشنە. لایەنی قەرزدەر بە هەمان ئاست فشار لەسەر قەرزوەرگر درووستناکەن.
بەدەر لەمانەش، لایەنی داهات ئاستی کەڵەکەبوونی قەرزەکە دەستنیشان دەکات. ئەگەر ئێمە دڵنیا نەبین لە قەبارەی داهات و داهاتی پێشبینیکراو لە ئێستا و لای کەم ساڵی داهاتوودا، ئەوا دڵنیاش نابین قەرزەکە سەرەخۆرەیە یان بە کەمترین زەرەر ڕزگارمان دەبێت لە دەستی.
کەواتە زۆر زانیاریی هەیە دەربارەی قەرزەکانی حکومەتی هەرێم ونە کە وادەکات نەتوانین تەنانەت پلانێکی درووست بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گفتوگۆ بکەین. بانگەوازی من بۆ ئەوەی نەچینە ژێر باری ئەم قەرزە ڕوی لە دوو لایەنە. تەواوی حزبەکان و ڕای گشتیی تا لە کەناڵی پەڕڵەمانەوە بێت یان کەناڵەکانی تر حکومەت ناچاربکەن ڕاستیی و درووستیی قەرزەکە و وردەکارییەکەی بدرکێنرێت. بەبێ وردەکاریی قەرزەکە و دڵنیابوون لە ڕاستیی و درووستییەکەی، چونە ژێر باری 27 ملیارد قەرز یان لە گەمژەیی و نەفامییەوەیە یان بۆ بەرگریکردنە لە سیستەمێک کە نانێکی چەوری بۆ ئەو کەسە تێدایە.[1]