ناونیشانی بابەت: لەژێر هێڵی هەژاریی هۆشمەندیدا
ئامادرکردن: #نیگار نادر#
ئەوڕۆ لە کوردستان یەک لە ڕووەکانی کەوتنە ژێر هێڵی هەژاریی هۆشمەندی و نەبوونی سیاسەتی وەبەرهەمهێنانی مرۆیی، سەرهەڵدانی ئەو لەشکرە ژنە “رۆشنبیر هەژارانەن”، کە بە ناو و شێوازی جیاواز لە پێگەو پڕۆگرام و پۆستی سیاسی، میدیایی و ڕۆشنبیری و ئەکادیمیدا، بەنوێنەرایەتی تەواوی ژنی کورد وتار بڵاودەکەنەوە و دەهێنرێنە سەر شاشەی تیڤییەکان، دەبنە نمایشکەری هەرێم لە وڵاتان، لە سلکی دیپلۆماتیدان، بە ئەکادیمیست و ڕاوێژکار دەناسێردرێن.
سیاسەت و پڕۆسەی وەبەرهێنانی مرۆیی لە بوونیادنانی دامەزراوەی پەروەردەیی و فێرکاریدا خۆی دەبینێتەوه، بە مەبەستی هەبوونی سیاسەتی ئامادەسازی گەنجان لە ڕووی زانیاری و ئاکارییەوە لە گشت بوارەکانی زانستی و کۆمەڵایەتی و یاساییدا بەئامانجی نەتەوەسازی و تاکی هۆشمەند. بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا ئەو سیاسەتە هیج بناغەیەکی بۆ ڕۆنەنراوە بەڵکوو تا ئێستاش بابەتێکی پشتگوێخراوە، ئەوەش کرۆکی سەرەکی کۆی تەنگەژەو کێشەکانی وڵاتسازیە، بەتایبەتی بۆ ژنان کە هەم وەک دایک، هەم وەک بەرپرسیارو بەشداری سەرەکی، لە کۆی دیاردەو دەرهاویشتەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا پێکهێنەرن.
کەوتنە ژێر “هێڵی هەژاری” لێرەدا، تەنیا بەمانا ئابووریەکەی نییە و مەبەست لە بژێوی نییە، بەڵکوو مەبەست لە کۆی ئەو هێڵە هەژارییانەیە کە ڕێگە لە پێشکەوتن دەگرن و مرۆڤ لە ڕووی هۆشمەندییەوە دەکەوێتە ژێریان. لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان کە تژییە لە چەندین جۆر دژبەیەکی و تەنگژەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، زۆربەی بابەت و پرسەکان دەکەونە ژێر هێڵی هەژاریی هۆشمەندیەوە.
لەراستیدا نکۆڵی لەوە ناکرێ کە کۆمەڵگەی کوردی بەر لە بیست ساڵ کۆمەڵگەیەکی لاچەپەک و تژی لە چەندین جۆر چەپێنراوی هەبووە. دۆخی ژنان لەو کۆمەڵگەیەدا پر بوو لە ئاستنەگ و بەربەستی کۆمەڵایەتی، یاسایی، ئایینی و ئابووری بەڵام لەگەڵ هاتنی تەوژمی نیولیبڕاڵیزمی ئابووری و بەبازاڕبوون، کۆی پێوەر و ئاستنەگ و بەربەستەکان گۆڕدران و بەشێوازێکی مەترسیدار و کتوپڕ، دۆخی ژنانیان وەرگێڕاوە بۆ بەرخۆری و بە کاڵابوونێکی تەنیا مادی نا، بەڵکوو مەعریفیش.
دیارترین دەرهاویشتەکانی ئەم بەبازاڕبوونەش، لە بەکاڵابوونی هۆشیاریدا دەردەکەوێت، وەکوو پڕۆسەکانی هاندان بۆ پیشەنگ بوونی ساختە، هەوەسی بوون بە سەرکردە، بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرزی ئەکادیمی، بوون بە هونەرمەند و ئەستێرەی ناسراو، هاوتەریب لەگەڵ شەپۆلی پۆرنۆئەدگاری، لە ئاکارو لە ڕەفتاردا، لەوسۆنگەیەشەوە تێکڕای ئەو پەروەردەو دیاردانە زەبری کوشندەی لە هۆشیاریی هێز و هزری ژنان داوە.
ئەوڕۆ لە کوردستان یەک لە ڕووەکانی کەوتنە ژێر هێڵی هەژاریی هۆشمەندی و نەبوونی سیاسەتی وەبەرهەمهێنانی مرۆیی، سەرهەڵدانی ئەو لەشکرە ژنە “رۆشنبیر هەژارانەن”، کە بە ناو و شێوازی جیاواز لە پێگەو پڕۆگرام و پۆستی سیاسی، میدیایی و ڕۆشنبیری و ئەکادیمیدا، بەنوێنەرایەتی تەواوی ژنی کورد وتار بڵاودەکەنەوە و دەهێنرێنە سەر شاشەی تیڤیەکان، دەبنە نمایشکەری هەرێم لە وڵاتان، لە سلکی دیپلۆماتیدان، بە ئەکادیمیست و ڕاوێژکار دەناسێردرێن.
کەوتنە ژێر هێڵێکی تری هەژاریی هۆشمەندی، کە زۆر بێزەوەرە ئەویش ناوزەدکردنی ژنانە بە کاڵایەکانی وەکوو ترۆمبێلی گرانبەها، مۆبایل و سیتی، گەرەک، هوتێل، قوماش و چەندین جۆر بابەت و کاڵای ناچیزتر. لە هەمانکاتدا شانازیکردنی ئەو ژنانەشە بەو ناوبانگانەی کە لە ئامێرەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە کردونییەتە ئایکۆن و ئەستێرەی ناسراو. ئاشکرایە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، کاتێک دەبەنگیی ڕیکۆرد دەشکێنێ و هەڵفریواندنی گشتی دەگاتە لوتکە، ئەوکات چەندین جۆر کەس و بابەتی پووچ دەبن بە ئایکۆنی مەزن و جیهانی، لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکانیشدا بە چەندین جۆر زڕە ئایکۆن کۆپییان دەکەنەوە.
دەرئەنجامیش ئەو بەکاڵابوونە بلەزەی ئەو جۆرە ژنانەی سۆشیال مێدیا زۆر بەخێرایی و زۆر بەکاڵوکرچی کردونییەتە ئەستێرە و خاوەن ناوبانگ، بە ملێۆنان فۆلەوەرو لایک و ناوبانگی دیجیتاڵییان هەیە، وەک بوکەڵەیەکی دیجیتاڵی لە قەیرانی هۆشمەندیدا دەسوڕێنەوەو دەکرێنە سەرچاوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.
لەبەر ئەوە، هەتا وردتر ببینەوە بە لەشکر ژنی “رۆشنبیر هەژاری” تر دەبینن، کە بودجەیەکی زۆری ئەو وڵاتە دەبەن و، کەس ناشیان بینێت و ناشیان ناسێت، بەشێکیان لەژێر تایتڵی داکۆکیکەر لە جێندەر، فێمێنیزم، بانگەشەی سکۆلارێکی سەربەخۆ دەکەن لە ناو پۆستی کارتۆنی و ڕێکخراوەییدا. بەشێکیان ئەو کلاسە لە بەناو ئەستێرەو هونەرمەندن، بەشێکی تریان پۆستی سەرۆکی هەستیارترین دەزگا دەکەن و لەناو دەزگا هەستیارەکاندا مووچەی بەرزبەرزیان پێبەخشراوەو وەکوو موشەخۆرێکێش زەبر لە هاتنە پێشەوەی ژنانی بە توانا دەدەن.
هەموو ئەو ژێر هێڵە هۆشیاریانەی ئاماژەمان پێدان، ژنانێکیان پەروەردە کردووە کە بە چەندین جۆر تایتڵ لەناو نەخشەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەرکەوتوون، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە “حیزببەندی” و “کاڵابەندی”، کە هاشێوەی “پارێزبەندی” یاسایی پێیان بەخشراوە، جیاواز لەو ئەجێندا ماددی و سواوانە لەو بەکاڵابوونە قێزەوەنە نەیانتوانیوە کۆدەنگیەکی ژنانە درووستبکەن و لەسەر کێشە سەردەمییەکانی ژن لە هەرێمدا وتاری هۆشمەندی و ئاوەزمەندی خۆیان هەبێت. ئەگەر سەرنج لە وتارەکانیان بدەیت، چەندین جۆر ڕەگی دووبەرەکیی کۆمەڵایەتی، دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان، ڕەگەزپەرستی و پاشکۆیی دەبینییەوە.
هەروەها ئەوڕۆ ڕوویەکی تری ترسێنەری کەوتنە ژێر هێڵی هەژاریی هۆشمەندی، کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری ژنبوونە لە کوردستان. ئەویش لە ڕێی بڵاوبوونەوەی شەپۆلی پۆرنۆئەدگاری و نەشتەرگەریی جوانکاریی ڕوخسار و جەستەیە، کە لە هەرێمی کوردستان دەرهاویشتەی سەرسوڕهێنەری لێکەوتۆتەوە. هەروەها یەکێکە لە بازرگانییە ڕەشەکان و هۆکاری سەرەکی تێکچوونی ئاساییشی تەندرووستی و ئاساییشی کۆمەڵایەتیی ژنانیشە.
ئەگەر وردتر سەرنج بدەی، جیاواز لە مۆدێل و فیگەرەکانی موزیک و هونەر، ژن لەناو زۆربەی چینەکانی مامناوەند هەژار و و خیڵەکانیشدا، هەتا بگرە ئەو ژنانەی خودان پۆستی کۆمەڵایەتی و سیاسی باڵاشن، بە ڕوخسارێکی شێواوی پفدراوی بۆتۆکسی و ڕاکێشکراو و نیمچە هەرزەییەوە دەردەکەون. خەریکە ڕوخسار شێواوی و پۆرۆنۆئەدگاری ژنان لە ڕێگەی جوانکارییەوە دەبێتە دیاردە و ستاندار، بۆ بەدەستهێنانی پێگەو پۆست و ناوبانگ، هەروەها ئەو پۆرنۆئەدگارییە بەهێزترین پێودانگە بۆچوونە ناو سیاسەت و بازرگانی و ئەکادیمیاو کۆی ستراکتۆرەکانی کۆمەڵگە.
ڕووی لەوەش سەمەرەتری کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری ژنبوونەوە، ڕۆژاوا-ئەدگاریە، لە شێوەی دەرکەوتنی نەوەیەکە لە کیژە گەنجەکان کە بە شێوەزارێکی نیمچە ئینگلیزی دەئاخفن و ڕۆژاوایانە دەهزرن و بە ستایلێکی پرۆ ڕۆژاوایی ڕەفتاردەکەن! ئەوان سەرەڕای ڕوخسار شێواوی، زمان شێواوی، ئاکار شێواویشن، زۆربەی زۆریشیان پەروەردە و دەرچووی زانکۆ و قوتابخانە ئینگلیزی و بیانیەکانن، کە بەشێوەیەکی گشتگیر لە سۆشیال میدیادا بە زمانی ئینگلیزیەکی هەندێک جار تیکەڵکراو بە کوردی، نوێنەرایەتی هزری ژنانی کۆمەڵگە و ئاوەزمەندی ئەوڕۆی ژنانی کوردستان دەکەن.
کۆی ئەو ئاماژانە دەرئەنجام و گەواهین بۆ هەبوونی کەلینێکی گەورەی وەبەرهەمهێنانی مرۆیی و سیاسەتی وڵاتسازی و گەندەڵی. لەوانەش زۆر ترسناکتر ئەوەیە کە کۆمەڵگە بەتەواوی بکەوێتە دەست میدیا. میدیا، نوێنەرایەتی هەموو ڕەهەندە مەعریفی و زانستی و ئیتیکیەکانی بکات، میدیا ڕۆڵی هەموو دەزگاکان بگێڕێت، میدیا لەبری دادگا، تاقیگە و ئەکادیمیایەکان بڕیاربدات، درووست وەک ئەوەی ئەوڕۆ لەکودستان ئەزموونی دەکەین. ئەگەر ورد سەرنجبدەین، لەو دونیایەدا زۆر بە دەگمەن دەبینین، کەسێک ناهێنرێتە سەر شاشەی تەلەڤزیۆنێکی سەتەلایت، ئەگەر بە ستاندارە جیهانییەکان، پێوانە نەکرابێ و بە ڕۆشنبیر نەناسرابێ!
ئەوەی جێگای تاسانە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە سی ساڵی ڕابروودا سیاسەتی فێرکردن خاڵی بووە لە سیاسەتی پەروەردە و زۆر بە لاوەکی ئەژمارکراوە، بەتایبەت بۆ ژنان هەم لەڕووی زانستی هەم لەڕووی هۆشیاریەوە لەژێر هێڵی هەژاریی ستانداردەکانی جیهان دایە. بەدەگمەن نەبێ، قوتابییە کیژەکان بارگاویکراون بە بەکاڵابوونێکی گشتگیر، بۆ نموونە، بوون بەو هونەرمەند و ئەستیرانە یان کۆپیکردنەوەیان، بڕوانامەی بەرز، هەبوونی سامان و ناوبانگ، نەشتەرگەری جوانکاری، شووکردن بە کەسانی ساماندار و بەدەستهێنانی پۆست و پێگە.
ژ دووماهیەدا ئەوەی گوومانی تێدا نییە ئەوەیە هەر کۆمەڵگەیەک، پڕۆسەی وەبەرهێنانی مرۆیی تێیدا شکستی هێنابێ، گەندەڵی و ڕوکەشکاری لەناویدا ڕەگیان داکوتابێ، ئەوا حەتمەن لەلایەن ژنانی هزرشێواو، ڕوخسارشێواو، زمانشێواو و ئاکارشێواوەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. هەروەها کاتێک ئەو جۆرە ژنانەش نیوەو دایکی کۆمەڵگەکە بن، ئەوا بەدڵنیاییەوە کۆمەڵگەیەکی داماڵدراوە، لە ڕەسانەیەتی و کۆمەڵگەی هەوەس و هەرەسە و جگە لە هەوەس و هەرەس، زیاتر هیچی تری لێ چاوەڕێ ناکرێت و ژنەکانی هەمیشە لەژێر هێڵی هەژاریی ژنبووندا دەمێننەوە، هەروەها ئەو کۆمەڵگەیە لە هەژارترین ئاستی ئاساییشی تەندرووستی و کۆمەڵایەتیدا دەمێنێتەوە هەرگیز ناکارێ تاکێکی هۆشمەند پەروەردەبکات. [1]