ناونیشانی بابەت: خۆپیشاندانی ئەلیکترۆنی و پڕۆژە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی!
ئەم بابەتە نووسراوە لە ڕۆژی: #16-08-2020#
ئامادەکردن: #سەنگەر حەسەن نەجم#
لەم سەردەمی پەتای کۆڕۆنادا و بەهۆی ئەوەی خەڵکی بەگشتی لە قۆناغی خۆپارێزیدان، هەروەها سەختی و دژواریی زۆر لەژیانی تاکی کوردا هەیە، بۆیە لێرە و لەوێ هاووڵاتییان؛ زۆر و کەم خەریکی ناڕەزایی دەربڕینن! شێوازی دەربڕینی ناڕازاییەکان جیاوازن و هەریەکەکێک بە جۆرێک! بەڵام دیارترینیان لە ئێستا بریتیی یە لە ناڕەزایی دەربڕین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە ڕەنگە بتوانین ناوی بنێین “خۆپیشاندانی ئەلیکترۆنی”، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە چەندین خاسیەتی خۆپیشاندان لەخۆدەگرێت.
خۆپیشاندانی ئاسایی ئامانج و ڕێڕەو و ڕێکردنی خۆی هەیە و هەڵگری پەیام و دەربڕی جۆرێک لە ناڕەزایەتییە. لەڕابردوودا بەهۆی یاسای خۆپیشاندانەکانەوە تاڕاددەیەکی زۆر لە هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان تەواو سنووردارکرا و بگرە تا ڕاددەی قەڵاچۆکردنیش. لەگەڵ ئەوەشدا چەند دەنگیی دلێر و جوامێر بەناو و جۆری تر پەنایان بردە بەر ناڕەزایی دەربڕین. یەکێک لەم ڕێگەیانە “گردبوونەوە” بوو. گردبوونەوە جیاوازتر لە خۆپیشاندانی گەورە لەم چەند ساڵەی دوایی پەرەی سەندبوو، تا سەردەمی بەر لەکۆڕۆناش زۆرینەی دەستە و تاقم و فەرمانبەر و چین و توێژەکانی تر پەنایان بۆ دەبرد. گردبوونەوە هەموو خاسیەتەکانی خۆپیشاندانی لەخۆ نەدەگرت، ئەگەرچی هەڵگری دید و پەیام بوو، بەڵام ناڕەزاییەکی بچووککراوە و سنووردارکراو بوو. لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار گردبوونەوەکانیش فراوان دەبوون و نزیک دەبوونەوە لەوەی ببن بە خۆپیشاندان.
بەڵام لەگەڵ هاتنی کۆڕۆنا و کەنارگیربوونی هاووڵاتی و کەرەنتینەکردنی گشتی، ئەوەبوو هاووڵاتییان دەستیان دایە جۆرێکی تر لەناڕەزایی دەربڕین، ئەویش ناڕەزایی بەرفراوان بوو لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمەش وەنەبێت هەرتەنیا شتێکی تایبەت بووبێت لەم کاتەدا، بەڵکوو لەپێشتریش هەر هەبوو، وەلێ بەهیچ جۆرێک بەم چەشن و قەبارەیە گەورە نەبوو. ئەگەرچی لەپێشتریش چەندین کەسایەتی لەسەر تەنیا پۆستێک ڕووبەڕوی سزادان و شکاندن بووینەوە، بەڵام هێشتا کاریگەریی ئەم ناڕەزاییانە وەکوو ئەوە نەبوو کە لەم دواییە بینرا. چوون خەڵکێکی ئێجگار زۆر هەموو بە یەکەوە لەم هەڵمەتە بەژداربوون. ئەگەر هاشتاگی 400 ملیار دینارەکە وەربگرین، دەبینین لەڕابردوو کاریگەرییەکی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا جێهێشت. ئەگەرچی تێبینی زۆر هەبوو لەسەر پەرت و بڵاوکردنی هاشتاگەکە، لەوەی کە هەریەکەو بە جۆرێک دەینووسی و ئەمەش وایدەکرد وەک خۆپیشاندانەکان پەرت و بڵاوەیان پێوە دیاربێت و ئامانجی تەواو نەپێکێت. هۆکارەکەشی بۆ درێژی هاشتاگەکە دەگەڕایەوە، بەوەی کە هێشتا زۆرێک لە کوورتکردنەوە زمانەوانییەکان بەلای ئاخێوەرانی کورد نامۆیە، چوون بەنموونە دەکرا هەرتەنێ بنووسرێت (400 ملیارەکە؟) … هەرچۆنێک بێت، لەگەڵ بوونی ئەو هەموو کەم و کوڕییەش کەچی تا ڕاددەیەکی زۆر ئامانجی خۆی پێکا. تەنانەت بوو بەهۆی دەنگدانەوەی لە چەندین میدیای جیهانی و باسکردنی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات. هەر لەم سۆنگەیەوەش گەر بڕوانینە دواهەمین بەیاننامەی حکومەتی ئێراقی کەتیایدا وەڵامی حکومەتی هەرێمی دایەوە، دەبینین یەکێک لەخاڵەکان بریتی بوو لەوەی کە “ئەو پارانەی ناردوومانن نەگەیشتۆتە دەستی فەرمانبەران”، ئەمە ڕوون و ئاشکرا دیارە کە مەبەست لەچییە.
خۆپیشاندانی ئەلیکترۆنی وەکوو سەلمێنرا، دەشێ کاریگەریی گەورە و گۆڕانکاری ڕژد درووست بکات و ببێت بەهەوێنی چەندین دەستکەوت. چوون لەئێستادا ئاڕاستەی دەسەڵات بەلای کپکردنی هەموو جۆرە دەنگێکە کە ئاوازەکەی لەگەڵ ئەوەی خۆیدا نەیەتەوە.
حکومەتی هەرێمیش ئەوکات لەسەر ئاستی چەند بەرپرسی باڵا و بەناوی حکومەت و حیزبەوەش وەڵامی ئەم هاشتاگەی دایەوە. ئەمەش لەخۆیدا سەلمێنەری کاریگەریی هاشتاگەکەبوو. بەڵام دەشێ بڵێین ئەم هاشتاگە کەم تا زۆر، بەرپرسانی توڕەکردووە و سەرەنجام وەکوو دەبینین (پڕۆژە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی) لێکەوتەوە! کە ئێمە وەکوو تۆڵەیەک دەیبینین لەبەرانبەر هەموو ئەو دەنگانەی ڕۆژانە بەرانبەر بێباکیی دەسەڵات بەرز دەبنەوە. بەپێی ئەم پڕۆژە یاسایە بێت، کۆمێنت نووسین و تێرۆر هاوسەنگن! لەوەدەچێت بگەڕێینەوە نێو ڕۆمانی 1984ی جۆرج ئۆڕوێڵ و تەنانەت لەمەوپاش لەماڵەوەش نەتوانیت هیچ قسەیەک بکەیت. ئاخۆ ئەم حکومەتە پەلەقاژەی چییەتی ئاوا کەوتۆتە نێو ئەم هەڵە گەورانە. یانی هەر بەڕژدی دەبێت ئەندام پەڕڵەمان هێندە بێ ئیش بێت و هیچ خەمێک نەبێت لەم وڵاتە ئەوە نەبێت!
ئەگەر هێشتاش بەهانەمان کۆڕۆنایە، ئەوا لەئێستادا دەکرێت خۆپیشاندانی ئەلیکترۆنی گەورە بەڕێوەبچن و سەرلەبەری ئەم یاسایە پوچەڵ بکاتەوە. هەتا زووبیت درەنگە، چونکە وەک لەڕابردوو سەلمێنراوە ئەم دەسەڵاتە بۆ کاری لەمجۆرە هەرزوو دەیخاتە دەنگدان و جێبەجێکردن. لەوەش زیاتر هەر لەم ساتەوە قەڵەم بەدەستەکانی خۆی وەگەڕدەخا بۆ ڕازاندنەوە و میکیاژکردنی یاساکە.
خۆپیشاندانی ئەلیکترۆنی وەکوو سەلمێنرا، دەشێ کاریگەریی گەورە و گۆڕانکاری ڕژد درووست بکات و ببێت بەهەوێنی چەندین دەستکەوت. چوون لەئێستادا ئاڕاستەی دەسەڵات بەلای کپکردنی هەموو جۆرە دەنگێکە کە ئاوازەکەی لەگەڵ ئەوەی خۆیدا نەیەتەوە. سەرنج بدەن هەندێک لەو ئەندام پەڕڵەمانانەی کە یاساکەیان ئیمزا کردووە، پێشتر خۆیان ڕۆژنامەنووس بووینە! ئاخۆ چی لەم بەڕێزانە کردبێت ئیمزا بۆ پڕۆژە یاسایەکی لەمجۆرە بکەن! ئەمە یەکەمجار نییە کە دەسەڵات بیەوێت تۆڵە لەهاووڵاتی بکاتەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە لە هەموو هەنگاوەکانی تری پێشوو جیاوازتر و ترسناکترە.
ئەم یاسایە زۆر لەوە ترسناکترە کە ئێمە لێرەدا وەکوو تۆڵەیەک لەبەرانبەر هاشتاگی 400 ملیارەکە بیناسێنین. چوون ئەمە ئامانجی مەڵاسدراوی چەندان ساڵەی کپکەرانی دەنگی ئازادە. بەڵام پوختە، ئەگەر ئەمە هەنگاوێک بێت بەرەوە کۆنترۆڵکردنی میدیا، ئەوا سەد هەنگاوە بەرەو تاکڕەویی و تەسکردنەوە و قەڵاچۆکردنی ئازادی. ئەمە نە پڕۆژەیە و نەدەچێتە چوارچێوەی یاساش. لە تاریکی زیاتر، هیچیتر لەهەناوی ئەم یاساییەدا نییە. [1]