ناونیشانی بابەت: کارلێکی نێوان متمانەی سیاسی و پێکەنینی خەڵکی بەمەرگی کۆرۆناڤایرۆس!
ئەم وتارە بڵاوکراوەتەوە لە ڕۆژی: #04-06-2020#
ئامادەکردن: #سەنگەر ڕسوڵ#
کاتێک فەرهەنگی ئۆکسفۆرد لە ساڵی 2016 دا، دەستەواژەی سیاسەت دوای متمانەی بەکارهێنا “post-trust politics”، ئەوا لەئاستی جیهاندا بەَرێژەی سەدا دووهەزار بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە زیادیکردبوو. ئەمەش بۆ ئەو ڕاستییە دەگەرێتەوە کە زۆربەی سیستمە سیاسییەکان متمانەی خۆیان لەلایەن خەڵکییەوە لەدەستدابوو، بەتایبەت دوای هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ و ڕیفراندۆمی هاتنەدەرەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا. ئەو بێ متمانەیەی ڕای گشتی بەرانبەر سیستمە سیاسییەکە، بۆ گەلێک هۆکاری سەرەکی دەگەرێتەوە، لەوانە: زیادبوونی قەبارەی نادادپەروەری لەنێوان داهاتی تاکەکان وکاریگەریی جیهانگیری و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان.
متمانە بوون شتێک نییە بکڕدرێت یاخود بەرهەم بهێنرێت، بەڵکوو پرۆسێسێکە لەچاوی ئەو کەسەوە کە تێبینی پڕۆسە و هەڵسوکەوتی بەرانبەر دەکات و بەپێی ڕەفتارو دەرئەنجامەکان ئەوا شێوە و ناوەرۆکی متمانەکەی بۆ ئاشکرا دەبێت. بۆ متمانەکردن بەسیستمە سیاسییەکانیش هەمان پرۆسێسە و تاک لەو ڕەفتارو کردارانەی حکومەت ورد دەبێتەوە کە پەیوەستن بەچۆنییەتی پاراستنی دادپەروەری و جێبەجێکردنی کارە ڕاستەکان، بەپێی دونیا بینی و پەسەندییەکانی ئەو کەسەش پێوەرەکان گۆرانکارییان بەسەردا دێت. لەبەر ئەوەی بیرکردنەوەی جیاواز و بژاردەی جیاواز بوونی هەیە لەپڕۆسەی درووستبوونی متمانە لەنێوان تاک و سیستمە سیاسییەکاندا، لەبەر ئەوەشە هەر تاکێک بەپێی پێوەرەکانی بەردەست و تێروانییەکانی خۆی هەڵسەنگاندن بۆ متمانەی خۆی بەرانبەر سیستمە سیاسییەکان دەکات. لەبەر ئەوەشە ئەوەی ڕاست و دادپەروەرانەیە لای هەندێک ئەوا لای ئەوانی دیکە پێچەوانەکەی ڕاستە. بۆ دەسکەوتنی وێنە ڕاستەکەی متمانەی خەڵکی و هەڵسەنگاندن بۆی، دەبێت خواست و داخوازی خەڵکی لەبەرچاو بگیرێت و بەراورد بکرێت کردارو سیاسەتەکانی سیستمە سیاسییەکە.
متمانە بوونیش بەحکومەت دەوەستێتە سەر دوو بنەمای گرنگ؛ یەکەمییان متمانەی کۆمەڵایەتییە و دووەمیشییان متمانەی سیاسییە. ئەگەر بێینە سەر بنچینەی باسەکە لەبارەی متمانەی سیاسی ئەوا بەپلەی یەکەم دەوستێتە سەر چاوەروانییەکانی هاووڵاتییان لە حکومەتەکەی و ئەمەش بەپێی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگەکان گۆرانکاریی بەسەردا دێت. بۆ نموونە لەگەڵ هەڵکشان و زیادبوونی پەروەردە و بڕوانامەی تاکەکان، ئەوا تێبینی کراوە چاوەروانییەکانی خەڵکیش لە حکومەتەکان هەڵکشاوە و لەکاتی بەرزبوونەوەی چاوەروانییەکان بەشێوەیەک کە زۆر خێراتربوو لەئەدائی حقیقی حکومەت ئەوا بێ متمانەیی زیاد دەبێت و خەڵکیش دوودڵ دەبن بەرانبەر حکومەتەکەیان.
زیادبوونی هۆشیاری کۆمەڵگە، بەرپرسیارەتی زیاتر بەرانبەر سیاسییەکان درووست دەکات و پڕۆسەی متمانەبوونیش بەحکومەت گۆرانی گەورەی بەسەردا دێت، وەک لەسەروە ئاماژەی پێدرا. ئەم میکانیزمە لەدەرخستنی بێ متمانەیی بەرانبەر سیستمە سیاسییەکان ڕوونتر بوو، کاتێک لە ساڵی 1964 دا، 77% ئەمریکییەکان متمانەیان بەحکومەتەکەیان هەبوو، بەڵام تا ساڵی 1980، ئەوا گەورەترین دابەزینی بەخۆوە بینی بۆ 27%، ئەمەش زیاتر پەیوەندی بەبڵاوبوونەوەی پەخش و کابلی تەلەڤزیۆنییەوە هەبوو، لەبەر ئەوەی خەڵکی هەم زانیاری زیاترو هەمیش بەرچاوی ڕوونتر بوو.
هەر کات و سەردەمێکیش بۆشایی گەورە لەنێوان سیاسییەکان و بێ متمانەیی بەرانبەر سیستمە سیاسییەکان درووستبوو، ئەوا سەر دەکێشێت بۆ درووستبوونی ئارەزووی یاسا شکێنی لەلایەن هاووڵاتییانەوە. هەروەها جێبەجێکردنی یاساکانیش لاوازو شەرعییەتی حکومەتەکەش بەلاوازی دەمێنێتەوە. بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆیەکی بەلژیکی (Centre for Political Research، University of Leuven، Belgium) ، کە زیاتر لە 30 دەوڵەتی ئەوروپی ئەنجامدراوە، ئەوا دەرکەوتووە، لەو دەوڵەتانەی کە بێمتمانەی بەرانبەر سیستمە سیاسییەکان لەئاستی بەرزدایە ئەوا هاووڵاتییەکانی ساناتر تێوە دەگڵێن لەگەندەڵی و خۆدزینەوە لەباج.
بەپێی ئەو تێگەیشتنانەی سەرەوە، ئەگەر چاوێک بەئاستی متمانەی هاووڵاتییان بەرانبەر حکومەتی هەرێم دابخشێنین بەتایبەت لەکەیسی کۆرۆناڤایرۆس، ئەوا ڕوونە کە خەڵکی وەکوو پێویست لەئێستادا بەدەم ڕێنماییەکانی حکومەت ناچێت پەیوەندی بەبەرزی ئەو بێ متمانەییە هەیە نەک ناهۆشیاری خەڵکی بەرانبەر ترسناکی پەتاکە. ئەگەر تایم مەشین (ئامێری گێرانەوەی کات) هەبووایە و بگەراباینەوە بۆ سەرەتا ڕۆژەکانی ڕاپەرینی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991، ئەوا بەڕوونی ئەوە دەردەکەوت کە خەڵکی لەوکاتەدا چاوەروانییەکی زۆری بۆ حوکمڕانی کوردی هەبوو، بەڵام سێ دەیە دواتر و بەتایبەت لەئێستادا ئەگەر ڕاپرسی و توێژینەوە بکرێت ئەوا دەردەکەوێت خەڵکی چۆن بێ ئومێدکراون.
پێوان و دیاریکردنی متمانەی خەڵکی بەرانبەر سیستمی سیاسیی ڕاستەوخۆ لەسەر مەودایەکی کوورتی کات ناکرێت، بۆ نموونە: متمانەی خەڵکی لەم چەند مانگەی کەتێیدا شەپۆلی کۆرۆنا سەریهەڵدا. بەڵکوو متمانە دەگەرێتەوە بۆ کۆی ڕەفتارو کردارەکانی سیستمە سیاسییەکە لەمەودا درێژی چەند دەیەک دا. بۆیە ئەگەر بۆ سێ دەیەی ڕابردوو، سیستمی سیاسی کاری نەکردبێت بۆ وەستاندنی ئەو ڕووخانەی بەردەوام لەروودان دابوو، ئەوا ناتوانێت بەچەند هەفتە و مانگێک بوونیادی بنێتەوە پێویستی بەکاتی درێژترو بەئەنجامدانی بەردەوامی کردەی ڕاستی و پاراستنی دادپەروەرییە تاوەکوو سرنجی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕابکێشێتەوە.
با کەس تووشی سەر سوڕمان و شۆک نەبێت، کاتێک ئەبینێت بەشێکی خەڵکی لەپلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا بەتایبەت فەیسبووک تەنانە بروا بەمەرگەساتی هاوشارییەکانی خۆشییان ناکەن، ئەوەی کە بووەتە هۆکاری ئەوەی خەڵکی تائەوپەری سنوور بروات و مەرگەسات بەکۆمیدیا بشوبهێنێت ئەوا خەتای ئەو سیستمە سیاسییەیە کە بووەتە هۆکار بۆ درووستبوونی ئەو بێ متمانەییە لەنێوان خۆیان هاووڵاتییاندا. بێ متمانەیەش لەوپەری برەودایە، بەتایبەت لەسەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو هۆشیاربوونەوەی زیاتری خەڵکی و ئەمە جگە لەکاریگەرییەکانی فەیک نیوز و تیۆریی موئامەرەیی.
لە هەموو هۆکارەکانیش کاریگەرتر، هەستکردنی خەڵکییە بەنادادییەکان و ناکارابوونی ئەنجوومەنی نوێنەران و شکاندنی یاساکان و نەبوونی شەفافییەت لەمەسەلە داراییەکان و داهاتەکان، هەروەها بارودۆخ وگوزەرانی هاووڵاتییان لەبێکاری و لاوازی سیستمی تەندرووستی و دابەزینی ئاستی قوتابخانە حکومییەکان و چەندانی دیکە. ئەمانە هەموویان پێکەوە لەشکڵی کۆمیدیا لەفەیسبووک دێنە پێشچاوت، لەکاتێک ئەگەر چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەر تاکێک بکەی کە ئەو جۆرە کۆمێنتانەی نووسیووە، نەدرندەیە و نەبەمەرگی کەسیش دڵخۆشە بەڵکوو بارودۆخە وای لێکردووە وا بکات و ئەو بێمتمانەییە بە و ئەنجامەی گەیاندووە. [1]