ناونیشانی بابەت: ستراتیجییەتە ترسناکەکەی ئەمجارەی تورکیا
ئەم وتارە نووسراوە لە ڕۆژی: #19-06-2020#
ئامادەکردن: #شێرکۆ کرمانج#
هێرشەکانی ئەمجارەی تورکیا بە بەراورد لەگەڵ هێرشەکانی پێشوتر ئێجگار ترسناکە چونکە مەبەست لێی چاندنی ڕەگوڕیشەی تیرۆریستە مورتەزەقەکانییەتی لە قەندیل، لەگەڵ، پچڕاندنی باشوورو ڕۆژاڤای کوردستان. کوردستانیان لەم خەتەرە نەگەن هەر هەموویان، بە نەیارەکان و دۆستەکانی تورکیا، پێکەوە لە مەنجەنیقی تورکدا دەسوتێنرێن.
دەوڵەتی تورکیا بەحوکمی ئەوەی کە جێگرەوەی ئیمپراتۆریەتە پەلهاوێژەکەی عوسمانیەکانە، هاوکات، بەحوکمی ئەوەی کە بوونی کورد و کوردستان بە هەڕەشە لەسەر تورک و تورکیا دەبینێت، ئەوە بەردەوام لە هێرش و پەلکشانو شەڕدایە لەگەڵ هەر بوونێکی کوردستانیی “ئەگەر لەسەر مەریخیش بێت”، وەک تورکەکان دەڵێن. تورکەکان ئێستاش لە کابوسی سیڤەر ڕزگاریان نەبووەو ڕزگاریشیان نابێت تا ئەو ڕۆژەی دان بە فرەیی و پێکەوژیانی گەلان لە تورکیاو لەدەرەوەی تورکیا نەنێن. لەگەڵ هاتنەسەر حوکمی ئیسلامییەکانی ئەکەپە بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان خەونی زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیش زیندوکراوەتەوەو هەوڵی چڕدراوە بۆ درووستکردنەوەی. عوسمانییە نوێکان، لەسەرەتا دەیانەوێت بە داگیرکردنەوەی ئەو ناوچانە دەستپێبکەن کە تورکەکان وەک ناوچەکانی تورکیای “میساقی میللی” ناویان دەبەن. ئەوانەش ئەو ناوچانەن کە تورکەکان بە ناوچەی داگیرنەکراویان دادەنێن لەلایەن هاوپەیمانەکان لە شەڕی یەکەمی جیهانی چونکە پێش ئاگربەستی مودرۆس لەژێر دەستی عوسمانییەکان بوون، کە تەواوی باشووری کوردستان (ویلایەتی موسڵ) و ڕۆژاڤای کوردستان و بەشێک لە پارێزگای حەلەبی سووری دەگرێتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی پشت لەشکرکێشیە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤا ئەو تێگەیشتنە داگیرکاریی و پەلەهاوێژیەیە.
سەرەڕای ئەوەی کە ستراتیجییەتی درێژمەودای تورکیا داگیرکردنی تەواوی ڕۆژاڤاو باشووری کوردستانە، بە پارێزگای کەرکووکیشەوە، کەچی ستراتیجییەتی نزیکمەودای لەم هێرشانەی ئەم دواییە دوو ئامانجی سەرەکییە: یەکەم، چاندنی تێرۆرستان لە قەندیل. دووەم، پچڕپچڕکردنی خاکی کوردستان.
=KTML_Underline=چاندنی تێرۆرستان لە قەندیل:=KTML_End=
قەندیل ناوچەیەکی بەربڵاوی شاخاوی سەختە کە باشوورو باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە یەکەوە دەبەستێتەوە. مەبەست لە قەندیل لەم بابەتە تەنیا زنجیرە چیاکانی قەندیل نییە بەڵکوو تەواوی ئەو ناوچە شاخاوییە سەختەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی قەڵادزێوە دەستپێدەکات بە دەوروبەری ڕەواندزو باڵەکایەتی تێپەڕدەبێت تا دەگاتە چیاکانی شیرین و گارەو سیپان لە نزیک ئامێدی. ئەم ناوچانە سەدان ساڵە دەستی حکومەتەکانی ناوەندی، نە ئێراق نە تورکیا نە ئێرانی پێ ڕانەگەیشتووە. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوەش بوون بە شوێنی سەرەکی بنکەو بارەگای هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان. لە سەرەتای نەوەتەکانیشەوە پەکەکە تاڕادەیەک بەتەواوی کۆنتڕۆڵی ئەم ناوچانەی کردووەو بنکەو بارەگا سەرەکییەکانی خۆی لێ دامەزراندون و بۆ کاری حیزبی و سیاسی و پلان و ڕاهێنانی گەریلا بەکاریاندێنێت.
ساڵانێکە تورکیا لە هەوڵی دەرپەڕاندنی گەریلاو کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەیە، کە تا ئێستا سەرکەوتو نەبووە. لەدوای پەیدبوونی گرووپە تێرۆرستییە ئیسلامییەکانی وەک قاعیدەو داعش، تورکیای لێدەرچێت، هیچ هێزو لایەن و دەوڵەتێک نییە، بە ئەمریکاشەوە، کە حەزبکات ئەو ناوچانە لە پەکەکە پاکبکرێنەوە چونکە هەموو لایەک پێیانوایە دەرپەڕاندنی پەکەکە لەو ناوچانە ئەگەری پڕکردنەوەیان لەلایەن گرووپە تێرۆرستییەکان دێنێتەگۆڕێ.
تورکیا خۆیشی تا ئێستا هەمیشە کێشەی ئەوەی هەبووە کە ئەگەر ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵیش بکات لەوانەیە نەتوانێت پارێزگارییان لێبکات لەبەر نەبوونی جێگرەوە. بەڵام ماوەیەکە تورکیا کۆمەڵێک گرووپی تێرۆرستی لە سووریا کەمۆکردووەو کردونی بەهێزی مورتەزەقە، بۆیە ئەگەری زۆرە ئەگەر تورکیا لە هێرشەکانی ئەمجارەی بۆ سەر ئەو ناوچانە سەرکەوتوبێت ئەوە بەو هێزە مورتەزەقانە پڕیانبکاتەوە کە لەلایەک ئاساییشی تورکیا بپارێزن لەلایەکی دیکە هەڕەشە لە ئاساییشی باشوورو ڕۆژاڤای کوردستانو ئێران بکەن. لێرە کە دەڵێین ئاساییشی کوردستان مەبەستمان ئاساییشی خەڵکی کوردستان و خاکی کوردستان و تەواوی هێزو لایەنەکانی کوردستانە بەو لایەنانەشەوە کە لە تورکیاوە نزیکن، وەک پارتی و یەکگرتو.
پچڕپچڕکردنی خاکی کوردستان
دوای درووستبوونی کیانێکی کوردستانیی لە ڕۆژاڤای کوردستان، کە سەرەتا بە کانتۆنەکانی جەزیرەو کۆبانێ و عەفرین ناسرابوون و دواتریش لەژێر ناوی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێکخران، تورکیا کۆمەڵێک ترسی ستراتیجی لێ نیشتوە:
یەکەم، درووستبوونی کوردستانێک کە لە خانەقینەوە جوگرافیاکەی درێژبێتەوە بۆ نزیک دەریای ناوەڕاست کە قوڵاییەکی ستراتیجی بە کوردستان دەدات. لێرە دەبێت ئەوە بڵێم کە ڕاستە ئەو کوردستانە بەو قوڵایی و جوگرافیایەوە هێشتا وەک دەوڵەتێک یان کیانێک درووستنەبووە بەڵام ترسی تورکیا لە درووستبوونی ئەم کیانەیە. تورکیا ستراتیجیانە بیردەکاتەوەو هەنگاودەنێت، ئەو پێیوایە ئەو هەرێمەی ئێستا کە دەستکەمۆ کراوە مەرج نییە تا ئەزەل لە دەست دەستکەمۆکراوەکان بمێنێتەوە. بێجگە لەمە، دیدو بیرکردنەوەی ستراتیجیانەی تورکیا بۆ کوردستانییەکی دەستکەمۆکراو و یاخییەک وەک یەک وایە.
دووەم، لەبەر دیدە دوژمنکارییەکەی، تورکیا پێیوایە کە درووستبوونی کیانێکی کوردستانیی دەبێتە مایەی دابڕانی تورکیا لە دنیای عەرەبی و ئیسلامی، ئەمەش پێگەی ستراتیجی کوردستان هەم لە تورکیا هەم لە دنیای عەرەبی بۆ کوردستان زیاددەکات، کە تورکیای پێیناخۆشە.
سێیەم، هەڵکشانی کاریگەرییەکانی ئەم دوو ئەزموونەی باشوورو ڕۆژاڤا بۆ سەر کوردستانیانی باکوور، ترسێک کە تورکیا لە مێژە هەیەتی و دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگارەکانی پەیمانی سیڤەر.
بۆ شکستپێهێنانی هەردوو ئەزموونەکەی کوردستان، هەم ئەوەی باشوور هەم ئەوەی ڕۆژاڤا، هاوکات بۆ ڕێگریکردن لە درووستبوونی کوردستانێکی درێژبووەوەو یەکگرتوو، یەکێک لە ستراتیجییە نزیکمەوداکانی تورکیا پچڕپچڕکردنی جوگرافیای کوردستانە ئەویش بە داگیرکردنی ناوچەی جیاجیا لەو درێژاییە جوگرافییە و پاککردنەوەی لە کورد و نیشتەجێکردنی عەرەب و تورک و تورکمانی مورتەزەقە لە شوێنەکانیان.
بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا تورکیا بە داگیرکردنی جەرابلس هەردوو کانتۆنی جەزیرەو کۆبانێی لە کانتۆنی عەفرین دابڕی. دواتر بە داگیرکردنی عەفرین کوردستانی لە گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست و درووستکردنی دەروازەیەکی نێودەوڵەتی دوورخستەوە. ئینجا تورکیا بۆ پچڕاندنی، ناکاملیش بێت، کانتۆنی جەزیرەو کۆبانێ ناوچەکانی سەرێ کانی و سەرێ سپی داگیرکرد. لە هەموو ناوچە داگیرکراوەکان بەچڕیی لە هەوڵی پاکسازیی نەژادی و بەتورککردن و بەعەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکانە.
لەم هێرشەی ئەمجارەی تورکیا، بێجگە لە پلانی چاندنی تێرۆرستان لە قەندیل، دەوڵەتی تورکیا مەبەستی داگیرکردنی شارۆچکەی ڕەبیعەو شەنگالە، بەتایبەتی چیای شەنگال. مەبەست لەمەش وەک هەوڵەکانی پێشوتری پچڕپچڕکردنی درێژبوونەوەی جوگرافیای کوردستانە.
گرنگی شەنگال و دەوروبەری لەوەدایە کە هەرێمی کوردستان بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژهەڵات و باکووری سووریا دەبەستێتەوە. هاوسنووربوونی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەریی خۆسەری، شەنگال و ڕەبیعەی کردۆتە دەروازەیەکی سەرەکی بۆ پەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و بازرگانی و هاتوچۆ لە نێوان هەرێم و بەڕێوەبەریی خۆسەری. بایەخی ئەم دەروازیە بۆ هەرێم بەرزتردەبێتەوە کاتێک دەبینرێت کە تورکیا لە دراوسێیەکی نەیار دەبێت بە دراوسێیەکی داگیرکەر.
داگیرکردنی شەنگال وادەکات کە تورکیا هەڕەشەکانی کردنەوەی دەروازەیەکی ڕاستەوخۆ بەڕووی ئێراق جێبەجێ بکاتو گرنگی دەروازی ئیبراهیم خەلیل کەمبکاتەوەو پێگەی هەرێم لە ڕووی ستراتیجیەوە بێبایەخ بکات.
هاوکات، ناوچەی شەنگال بەناوبانگە لە بەرهەمهێنانی گەنم و جۆ کە بایەخێکی گرنگی هەیە بۆ زامنکردنی ئاساییشی خۆراکی کوردستان بۆیە تورکیا دەیەوێت ئەو ناوچانە بخاتە ژێر دەستی خۆی.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو شرۆڤەکارییانە دەتوانین بڵێین کە هێرشەکانی ئەمجارەی تورکیا بە بەراورد لەگەڵ هێرشەکانی پێشوتر ئێجگار ترسناکە چونکە مەبەست لێی چاندنی ڕەگوڕیشەی تیرۆریستە مورتەزەقەکانییەتی لە قەندیل، لەگەڵ، پچڕاندنی باشوورو ڕۆژاڤای کوردستان. کوردستانیان لەم خەتەرە نەگەن هەر هەموویان، بە نەیارەکان و دۆستەکانی تورکیا، پێکەوە لە مەنجەنیقی تورکدا دەسوتێنرێن. [1]