ناونیشان: کوردستان لەسەر دەریا
نووسەر:#هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون:#08-05-2017#
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دەقی ئەو ڕێککەوتنەی بڵاوکردووەتەوە کە لەگەڵ تورکیا و ئێران لەسەر درووستکردنی چوار زۆنی هێمن لە سووریا واژۆیان کردووە. هەرچەندە ڕێککەوتننامەکە باسی ئەو زۆنانە دەکات، بەڵام تەعریفێکی نوێی شەڕیشی لە سووریا کردووەتەوە و باسی هەموو هێزە سوورییەکانی تێدایە، جگە لە کورد. لەو نێوانەدا لە زاری گەورە بەرپرسانی پەیەدەوە باسی کردنەوەی کۆریدۆرێک بۆ سەر دەریا دەکرێت کە هێندەی بیری لێدەکەمەوە لە پلانێکی واقیعبینانە ناچێت.
هەریەکە لە ڕووسیا و ئێران و تورکیا ڕۆڵگێڕە سەرەکی و کاریگەرەکانی قەیرانی سووریان. دووەکەی یەکەم ڕۆڵیان هەبووە و هەیە لە ناچارکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئۆپۆزیسیۆنی سووریش بۆ ئەوەی تێبگەن ئەسەد بە زەبری هێز دەرناپەڕێندرێت. تورکیا کە ساڵی 2011 نوقڵانەی ڕووخانی خێرای ئەسەدی لێدەدا، بە نزیکبوونەوە نوێیەکەی لە ڕووسیا و قایلبوون بە باڵادەستیی مۆسکۆ لە سووریا، بەشداری لە گەمەی ڕازیکردنی مۆسکۆ و تاران و لەبەرانبەردا پەراوێزخستنی پەکەکە لە سووریا دەکات. بۆ هەریەکە لەو لایەنانەش دەستکەوتەکانی درووستکردنی زۆنە هێمنەکان گەورەن. تاران پێویستی بەوەیە بۆ جێبەجێکردنی پلانە هەرێمییەکەی جارێ ئەسەد لە حوکمدا بمێنێتەوە. مۆسکۆ ڕۆژبەڕۆژ خەرجی و زیانەکانی بەشداریی لە شەڕی سووریادا لەسەرشان قوورستر دەبێ، تورکیاش چیدیکە بەرگەی دڵەڕاوکێی بەدیفاکتۆبوونی کیانی فیدراڵیی دیموکراتیی باکووری سووریا بە ڕێبەرایەتیی پەکەکە ناگرێت. بۆیە ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکەیان دەوای دەردی هەرسێ دەوڵەت دەکات و ئەمریکا و سعودیە و ئیسرائیلیش موبارەکەیان کردووە.
لەو نێوانەدا ئێمەی کورد دەبێ لە چارەنووسی خۆمان بپرسینەوە. ئامانجێکی ڕێککەوتنەکە ئەوەیە کە سوپای سووریا لەو چوار زۆنە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن ئاگربەستی هەبێ و هێزی هاوبەشی تورکی و ڕووسی و ئێرانی لەنێوانیاندا بن. لەجیاتی ئەوە سوپای سووریا قوورسایی شەڕ دەباتە ئەو ناوچانەی تیرۆریستانی لێن. واتە #داعش# و نووسرە فۆکوسیان دەخرێتە سەر.
ئەوەی جێی مەترسییە، ئەوەیە کە ئەوەی لە یەکەم ڕۆژەوە لێی دەترساین وەدی بێت، ئەویش ئەوەیە کە سوپای سووریا لە ڕۆژاوای کوردستانیش بسووڕێتەوە و ڕێککەوتنە تاکتیکییەکەی لەگەڵ پەیەدە هەڵوەشێنێتەوە. ئەوەی ئێستا کورد لە سووریا هەیەتی نە گەرەنتییەکی نێودەوڵەتیی هەیە و نە کەسیش لە هیچ شوێنێک دانی پێداناوە. هەیە و نییە ژمارەیەک ڕاوێژکار و هاوکاریی ئەمریکییە کە زۆرتر لە گرێبەستی دەوڵەتی ئەمریکا و کۆمپانیا شەڕکەرەکان دەچێت بۆ ئەرکێکی دیاریکراو و کاتێکی سنووردار، ئەوەش لە کەیسی ڕۆژاوادا بریتییە لە شەڕکردن لە دژی داعش و دەرکردنیان لە ڕەققە.
لە باشووری کوردستان بەر لە درووستکردنی حکومەت و پێکهێنانی پەڕڵەمان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆنێکی ئارامی درووستکرد، بۆیە گەرەنتییەک هەبوو، بەڵام وەک لە ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکەدا دەردەکەوێ، کوردی ڕۆژاوا خراونەتە دەرەوەی حیساباتی سوورییەوە، بۆیە سەیرە ئەگەر بەرپرسانی ئەوێ لەجیاتی لۆبیکردنی نێوخۆیی و دەرەکی بۆ درووستکردنی گەرەنتی، خەونی گەیشتنە سەر دەریا ببینن. [1]