ناونیشانی بابەت: کێ براوەی جەنگی داڕمانی نرخی نەوتە لە جیهاندا؟
ئامادەکردن: #یەعقوب مەهدی عارف بەرزنجی#
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بووە مایەی دابەزینی نرخی نەوت بە تکڕایی 5% لە مانگی شوباتی ڕابردو، بەڵام لێدانی گەورە لە نرخی نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرانی نەوت خۆیانەوە بو کەبوە هۆی لەەستدانی نزیکەی 25%ی نرخەکەی، ئەویش پاش ئەوەی هەردو وڵاتی ڕووسیا و سعودیە بڕیاریاندا کە پابەند نەبن بە بەشە دیاریکراوەکانیان لە بەرهەمهێنانی نەوت لە ڕێکەوتی 1ی نیسانی 2020، بەپێی ئەو بەشانەی کە بۆ هەر وڵاتێکی ئەندام دیاریکراون لە ڕێکخراوی ئۆپێک+، کە پێکهاتون لە: جەزائیر، ئەنگۆلا، کۆنگۆ، گینیا، گابۆن، سعودییە، ئیمارات، ئێراق، کوێت، نایجیرییا + ڕووسیا، ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ زیاني گەیاند بە کۆمپانیاکانی بواری دەرهێنان و خزمەتگوزاریی نەوت، هەروەها زیانی سەرەکیش دەگەیەنێت بە وڵاتانی بەرهەمهێن بەوەی کە نرخەکەی لە بازاڕەکاندا کەمدەبێتەوە، چونکە بەپێی بنەمای ئابووری ناسراو (زۆری لە خستنەڕو دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی نرخ، و بەپێچەوانەشەوە) ، ئەم زیانانە لەو وڵاتانە قوڵتر دەبنەوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستن وەکوو داهات بۆ خەرجی گشتی، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە گەر وڵاتی ئێراق بەنموونە وەربگرین کە 90%ی داهاتەکەی لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستدەکەوێت. دەبینین ئێراق لە مانگی کانونی دوەمی 2020 ڕۆژانە بڕی3,42 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە بەبەهای 205,5 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا تێکڕای نرخی نەوت بە 60,13 دۆلار بووە ، ئەگەرهەمان بڕ لە هەناردەی نەوت بەنرخی ئەمڕۆ کە بریتییە لە 35,71 دۆلار بخەمڵێنین بۆ تەنیا یەک ڕۆژ ئەوا دەبینین کە ئێراق بڕی داهاتەکەی دەکاتە 121,2 ملیۆن دۆلار، واتە بڕی زیانەکە دەکاتە 84,2 ملیۆن دۆلار ڕۆژانە.
لێرەوە وەڵامی پرسیاری سەرەکی دەدەینەوە کە ئایا کێ براوەی جەنگی داڕمانی نەوتە؟ وەکوو پەندێکی عەرەبی دەڵێت: (مصائیب قوم عند قوم فوائد) واتە بەڵای هۆزێک بۆ هۆزێکی دیکە کەڵک و قازانجە، بۆیە براوەکانی ئەم جەنگە بریتین لەوانەی کە لەدەرەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنن ئەوانیش هەریەکە لە بازرگانانی نەوت و بەکاربەرانی نەوتن لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان لە بوارە پیشەسازییە جۆربەجۆرەکاندا.
کۆمەڵەی یەکەم کە بازرگانانی نەوتن دەستیانکردووە بە عەمبارکردنی نەوت بۆ ئەوەی لەکاتی بەرزبوونەوەی نرخەکەی بە زیاتر بیفرۆشنەوە، بۆیە هەر بەهۆی عەمبارکردنی نەوتەوە لەلایەن بازرگانانی نەوت لە ئێستادا خواست لەسەر کەشتییە گوێزەرەوەکانی نەوت زیادیکردووە کە بەکاردەهێنرێن وەکوو کۆگایەک بۆ عەمبارکردنی نەوت، بۆ نموونە نرخی بەکرێگرتنی کەشتییەکی گوێزەرەوەی نەوت کە تەنیا بڕی دو ملیۆن بەرمیل لە نەوت دەگرێت لە 30,700 دۆلارەوە بووە بە 38,700، شایەنی باسە ئەم نرخە لە پێش یەک مانگدا بریتی بوو لە 14.800 دۆلار.
هەروەها دابەزینی نرخی نەوت لە قازانجی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانە چونکە بەپێی بنەما ئابوورییەکان بۆ ئەوەی قازانج زیاد بکەیت دەبێت هەوڵی کەمکردنەوەی تێچو (Cost) بدەیت، جا بەو پێیەی نەوتیش ئەو وزەیەیە کە بۆ بەرهەمێنان بەکاردێت واتە یەکێکە لە ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنان، بۆیە دابەزینی نرخەکەی واتا دەستکەوتنی قازانجی زیاتر، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی هەرزانی نرخەکەیەوە قازانج لە عەمبارکردنی دایە نەک خستنەکار و بەکارهێنانی وەکوو وزەی بەرهەمهێن. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە دابەزینی نرخی نەوت جۆرێکە لە گواستنەوەی سامان لە وڵاتانی بەرهەهێنی نەوتەوە بۆ بەکاربەری نەوت، بەتایبەتی وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ و یابان و چین، لەوانەیە ئەمریکاش سەڕای بەرهەمهێنانی 14,5ملیۆن بەرمیل نەوت ڕۆژانە تا ڕادەیەک کەڵک لەم دابەزینە ببینێت ، چونکە ئەمریکا بۆ بەگەڕخستنی کارگەکانی ناوحۆی خۆی و بەکاربردنی ڕۆژانەی پێویستی بەنزیکە 20 ملیۆن بەرمیل هەیە ڕۆژانە، پاشان ئەو نەوتەی کە ئەمریکا بەرهەمی دێنێت لە جۆری شێڵ ئۆیلە کە ناتوانێت لە خوار نرخی 65 دۆلارەوە ڕکابەری بکات کە نرخی تیچوەکەیەتی. بۆیە پێچەوانەی ئەو گومانەی لای سەرەوە کاتێک ڕاستە کە ئەمریکا لە هەناردەی نەوتەکەی قازانج بکات، ئەویش کاتێک دەبێت کە نەوت بچێتە سەرو نرخی تێچوی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکی، بۆیە لە ئێستادا ئەمریکییەکانیش خەریکی عەمبارکردنی ئەو نەوتە هەرزانەن و قازانج لەوە دایە کە عەمباری بکەن.
ئەوەی ماوە بگوترێت؛ تەنیا خاڵێک کە ئەگەری قازانج یا ڕاستتر بڵێین کەمکردنەوەی زیانەکانی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی تیابێت بریتییە لەوەی کە لە ئێستادا بەهۆی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەموو بازاڕەکانی جیهان بەرەو لاوازی دەڕۆن، ئەمەش وادەکات کۆمپانیا و کارگە پشەسازییەکانی بواری بەرهەمهێنان بەرهەمەکانیان کەمبکەنەوە، بە واتایەکی تر وزەی کەمتر بەکاردەهێنن کە نەوتە، ئەمەش وادەکات ئەو دەرامەتە گرنگەی کە تەنیا موڵکی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتە لە جێی خۆی بمێنێتەوە. لە لایەکی دیکەوە خواستی وڵاتانی دونیا و لەناویشیاندا وڵاتانی بەرهەمهێن لەسەر شمەک وخزمەتگوزارییەکانی ئەو کۆمپانیا و کارگانە بەتەواوی کەمدەکات تا دەگەینە باری نزیک لە ئیفلیجی ئابووری بەهۆی کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی نێوان هەردولا، بۆیە ئەوکاتە هەردولا (بەرهەمهێن و بەکاربەری نەوت) دەگەنە ئاستێکی نرخی گونجاو کە دەتوانرێت بگوترێت ئەوە نرخی دادگەرییە (السعر العادل) ، گەیشتن بەو بارەش کات وەڵامی دەداتەوە.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:=KTML_End=
- موقع وزارة النفط العراقية، صادرات النفط الخام، متوفر على الرابط: https://oil.gov.iq/index.php?name=Pages&op=page&pid=77
Tom Kool, (Mar 11, 2020) , Traders Are Making A Killing In The Oil Price War, Available at shorturen url: https://tinyurl.com/uhrqt3q
Oil prices chart, (12march 2020) , Oil Prices, Available at: https://oilprice.com/oil-price-charts
[1]