ناونیشان: کوردستان بە چاویلکەی ورچەکە
نووسەر:#هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون:#29-05-2017#
هاتنەوە لەپڕەکەی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ ئەو گەل و حکومەتانە لەپڕ بوو کە پاش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، ئاگایان لە هەواڵەکانی مۆسکۆ نەمابوو. وێنەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردووی ڕووسیا لای ئێمە وێنەی وڵاتێک بوو کە گیرۆدەی شەڕوشۆڕی نێوخۆیی و سەرسنوورەکانی و دەرهاویشتەی لەبەریەکهەڵوەشانەوەی سوپەر-دەوڵەتە سوورەکە بوو. بەڵام وەک لە ڕۆژانی ڕابردوودا بیرمەندی ڕووسی ئەلێکساندەر دووگین لە پانێلێکی ڕووداودا لە #هەولێر# باسی کرد، مۆسکۆ لەو ماوەیەدا وەک ورچێکی بریندار خەریکی تیمارکردنی زامەکانی بووە و ئێستا بە متمانە وە خەریکی جێبەجێکردنی پەلهاویشتنەوە پلان بۆ داڕێژراوەکەیەتی. جا کوردستان کە لە سەدەی بیستدا چەند جارێک بە چڕنووکی ورچەکە بریندار بووە، هەقی خۆیەتی دیسان بپرسێتەوە: ئەمجارەش هەمان ورچ چڕنووکمان لێدەدات یان هەنگوینمان بۆ دەهێنێ؟
دووگین تیۆریسیەنی بیرۆکەی هەستاندنەوەی ڕووسیایە. وەک باسی دەکەن ڕاوێژکارێکی نزیکی پووتینە و قسە و کردەوەکانی پووتینیش دەیسەلمێنن کە جێبەجێکاری تیۆرییە کۆنسێرڤاتیڤانەکەی دووگینە. شەوی پێش پانێلەکە دووگین لەسەر دڵەڕاوکێکانی کورد بەرانبەر ڕووسیا قسەی بۆ کردین و وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە. ئەوەی تێیگەیشتین و تووشی سەرسوڕمانی کردین، لەسەر مێزی بڕیاردانی کرملین ئەجێندایەکی ڕوون و بڕیارلێدراو لەبارەی کوردستان نییە. واتە ئەگەر پێمانوابێ ڕووسیا بڕیاریداوە دژی سەربەخۆیی کوردستان بێ بەهەڵەدا چووین، ئەگەریش پێمانوابێ لەگەڵیدایە دیسان هەڵەین. بەڵام کرملین ئامادەیە گوێ لە کوردستان بگرێ کە بۆچی هەولێر سوودی دەبێ بۆ جێبەجێکردنی پلانی گەڕانەوەکەی ڕووسیا بۆ ناوچەکە.
کورد لە باشوور لە ماوەی بیست و حەوت ساڵی ڕابردوودا هەموو هێلکەکانی خستووەتە سەبەتەی ئەمریکی و ئەوروپییەوە. هەمان ئەو ئەمریکایەی لە حەفتاکانیشدا هێلکەکانی کوردی لە سەبەتەکەی فڕێدایە دەرەوە و زۆربەیان شکان. ئەمریکایەک کە ڕاستە لە شەڕی #داعش#دا پشتیووانی لە کوردستان دەکات، بەڵام بە پاساوی دەستگرتن بە یەکپارچەیی ئێراقەوە زۆرجار کوردی پاڵپێوەناوە بۆ ڕازیبوون بە گوشارەکانی بەغدا. ڕاستە کورد لەگەڵ مۆسکۆش ئەزموونێکی هاوشێوەی هەیە و هێلکەکانی کۆماری کوردستان لە سەبەتەی مۆسکۆدا بەتەواوەتی شکان، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەم جارە کورد ناچار نییە هەموو هێلکەکانی نە لەلای واشنتن دابنێت و نە لە مۆسکۆشیان بشارێتەوە.
زۆر کورد هەن شانازی بەوەوە دەکەن کە لە دنیادا بە وڵاتەکەیان بگوترێ ئیسرائیلی دووەم، بەڵام لەبیریان چووە ئیسرائیلی یەکەم تەنیا بە پشتیووانیی ئەمریکا درووست نەبووە و جگە لە توانای ئیسرائیلییەکان، ڕاگرتنی باڵانسیش وای لەو دەوڵەتە کردووە کاریگەریی و هەژموونی بمێنێتەوە. بۆ نموونە هەمان ئەو ئیسرائیلەی لۆبییەکەی لە واشنتن بە کاریگەرییەوە کاردەکات، لە مۆسکۆ و لە کرملنیش کاریگەریی هەیە و دەتوانێ بڕیاری ڕووسی بە قازانجی خۆی بشکێنێتەوە. ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە ئابووریی ڕووسیا و پەتەکانی بڕیارسازیی سیاسییەکانی ڕووسیا بەدەست جووەکانەوەیە. هەمان ئەو جووە ڕووسییانەی لە درووستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیلیشدا ڕۆڵی گەورەیان هەبووە و ئێستاش لەنێو ئیسرائیل بە چاوی ڕێز و سەرسامییەوە تەماشایان دەکرێ.
وێنەی کورد لە چاویلکەی ڕووسیدا وێنەیەکی تەڵخە و خەریکە وردەوردە بە ڕێککەوتنی ئابووری و هاتنی ڕووسەکان بۆ باشووری کوردستان ڕوونتردەبێتەوە. کورد زۆر پێویستی بەوەیە ئەو وێنەیە هەرچی زووە ڕوونبێتەوە، بۆ ئەوەی چیدیکە منەتی بەوە نەبێت کە ئەمریکییەکان لەپڕ وەک ساڵانی حەفتا چاویلکەکانیان دەربهێنن و چیدیکە کوردی لەو ناوچە پڕ لە ئاشووبەدا پێ نەبینن. [1]