ناونیشان: کۆنفیدراڵیی خەیاڵی
نووسەر:#هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون:#12-06-2017#
میدیای #پەکەکە# و پەیەدەی سەر بە پەکەکە، بە بایەخەوە لێدوانێکی ئاڵدار خەلیلیان بڵاوکردووەتەوە کە پێشنیازی پێکهێنانی دەوڵەتێکی کۆنفیدراڵی لەنێوان ڕۆژاوا و باشووری کوردستاندا دەکات. ئاڵدار ئەگەر دەسەڵاتێکی واشی نەبێ و لەم ساڵانەی دواییدا بە فەرمانی ئەو کادیرانەی #قەندیل# جووڵابێتەوە کە لە ڕۆژاوای کوردستانن، بەڵام واجیهەی سیاسیی پەکەکەیە لەو بەشەی کوردستان و قسەکانیشی تەنیا قسەی خۆی نین. بۆیە پاش تاقیکردنەوەی تێزی سەربەخۆیی و خۆسەریی دیموکراتی و دەیان تێزی دیکەی پەکەکە، شتێکی باڵکێشە ئەو حیزبە ئەم جارە بیرۆکەی کۆنفیدراڵیی دوو پارچەی کوردستان بخاتە مەیدانەوە.
لە گۆشەیەکی پێشووتریشمدا ئاماژەم بەوە کردبوو کە ئەو گەرموگوڕی و جۆش و خرۆشەی لە باشووری کوردستان بۆ گشتپرسی لەپێناوی سەربەخۆییدا درووستبووە، ڕەنگە لە کۆتاییدا بمانگەیەنێتە ئەوەی لەسەر بنەمای کۆنفیدراڵییەکی بەزۆرەکی لەگەڵ ئێراقی عەرەبی بمێنینەوە. چونکە ئەمە هەم دراوسێکان و هێزە هەرێمییەکان نیگەران ناکات، هەم باشووری کوردستان دەستکراوە دەکات تا وەکوو نیمچە دەوڵەت مامەڵە بکات و هەم ڕێگەش دەدات دەوڵەتانی جیهان بە خەیاڵێکی ئاسوودەترەوە مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ #هەولێر# بکەن. بەڵام ئەگەر هەمان بیرۆکەی کۆنفیدراڵی لەنێوان دوو پارچەی کوردستاندا تەرح بکرێت، شتێکی واوەترە لەو سەربەخۆییەی باشووری کوردستان خەونی پێوە دەبینێت و هێندەی دیکە قوورسە لە ناوچەکەدا هەزم بکرێت. هەر لەبەر ئەو هۆیەشە بە بڕوای من کۆنفیدراڵیی دوو پارچەی کوردستان خەیاڵییە و ئەوەی نێوان باشووری کوردستان و ئێراقی عەرەبی بۆ هەموان میسالییە!
ڕاستییەکەی پێویستە پەکەکە مەستی ئەو پشتیووانییە سەربازی و تاکتیکییە نەبێت کە ئەمریکا لە شەڕی دژی #داعش#دا لە ڕۆژاوا لێیدەکات. ئەو سەردەمەش بەسەرچوو کە پێمانوابێ ئەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەماندا ویستی هەر ئەوە ڕوودەدات. هەر لە نموونەی ئێراقەوە بگرە تا دەگاتە سووریا و تورکیاش، هەموو شتەکان ئەوە نین کە ئەمریکا دەیەویست. واشنتن نە دەیەویست ئێراق بخاتە سەر سینییەک و وەک بەرخی برژاو پێشکەشی ئێران و داعشی بکات، نە دەیەویست ئەسەد هێندە خۆی ڕابگرێ و بمێنێتەوە و نە دڵیشی بەو دۆستایەتی و هاوپەیمانییە خۆشە کە ئەردۆغانی یاخی لەگەڵی هەیەتی. کەواتە ناردنی چەک بۆ #یەپەگە# ڕاستە نیشانەی ئەوەیە پەکەکە چیدیکە دوژمن و هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەمریکا، بەڵام هەر بە هەمان مێنتاڵیتیی تەکتیکی لەلایەن واشنتنەوە بیری لێدەکرێتەوە کە پەکەکە خۆی بەرانبەر واشنتن بیری لێدەکاتەوە.
ڕێگەی ڕاست بۆ پەکەکە ئەوەیە کە خۆی بۆ قۆناخی پاش ڕەققە ئامادە بکات. ئەویش بەوەی کە ڕێگە بدات ئیدارەیەک لە ڕۆژاوای کوردستان درووست بێت، نوێنەری ڕاستەقینەی هەموو لایەنەکانی تێدابێت، بە هوتێلنشینەکانی هەولێریشەوە. دواتر ئەو ئیدارەیە پەیوەندی بە جیهانەوە بکات و وەک قەوارەیەکی ناپەکەکە دنیا و هاوسێکانی قایل بکات کە تەنیا وەک شەڕکەر لەو قەیرانەی سووریادا بەکارنەیەن و وەک گەلێکی خاوەن دۆز مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. ئیدارەیەکی وا دەتوانێ پشتیووانیی هەولێریش بەکاربێنێت بۆ کردنەوەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان بەڕووی خۆیدا. ڕەنگە ڕاستتر بێت ئاڵدار خەریکی تێزێکی وابێت نەک بیرۆکەی کۆنفیدراڵیی خەیاڵی. [1]