ناونیشان: گشتپرسی و خامنەیی
نووسەر:هێمن عەبدوڵڵا
ڕۆژی دەرچوون:03-07-2017
خامنەیی بەڕاست یان بەشۆخی لە دیداری هەفتەی ڕابردوویدا لەگەڵ عەبادی، هەوڵەکانی ئەنجامدانی گشتپرسیی لە کوردستان بە مقۆمقۆ ناوبرد و گوتیشی قبووڵ ناکرێ. ڕۆژانی ڕابردووش کوردی فەیلی لە بەغدا کەوتنە هەڵوێستێکی ناخۆشەوە.
هاومەزهەبە عەرەبە چاوڕەشەکانیان بە ناردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بۆ گەڕەکەکانیان، پێیانگوتن پاش گشتپرسی چیدیکە هاومەزهەبی دادیان نادات و کورد هەر کوردە. ئەمەش پێچەوانەی ئەو هەڵوێستەیە کە لە سعودیەوە دەیبیستین و خەڵکی سادە جگە لە سیاسییەکانیان، بە هاشتاگ نەک پشتیووانی لە گشتپرسی دەکەن، بەڵکوو پەلەشیانە بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
ڕۆڵەکان زۆر سەیر گۆڕاون. لە هەشتاکاندا هەر ئەو سوپا سوننە عەرەبییە، کە پشتیووانیی سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداویشی هەبوو، بەشداریی دەکرد لە ئەنفالکردنی کوردی زۆرینە هاومەزهەبی. هەمان خامنەیی و کۆماری ئیسلامییەکەشی پشتیووانییان لە شۆڕشی باشووری کوردستان دەکرد کە لەوپەڕی چەپەوە تا ئەوپەڕی سوننەی تووندئاژۆی تێدابوو، کەچی ئێستا گشتپرسی بۆ خامنەیی مقۆمقۆیە و بۆ شاسەلمان، وەک لە حەرەکات و سەکەناتی دەردەکەوێ، پلانە و دەبێ وەدیبێت.
زۆر کەس ئەو پێشبڕکێیەی سعودیە و ئێران لەسەر گشتپرسیی کوردستان بە شەڕی چاڵدێران دەچوێنن. ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، شەڕی چاڵدێران کە ئەنجامەکەی دابەشبوونی کوردستان بوو، لەنێوان دوو ئیمپراتۆریەتی هاوسنوور و مەزهەب جیاوازدا ڕوویدا کە هێزی سەربازی و مەعنەوییان تاڕادەیەک وەکوو یەک بوو.
ڕەنگە بکرێ کۆماری ئیسلامی بە ئیمپراتۆریەتی سەفەوی بچوێندرێ و ڕاستییەکەی لە پەلهاویشتن لە ناوچەکەدا لە سەفەوییەکانیش واوەتر چووە، بەڵام سعودیە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نییە و ناشتوانێ ببێ. سعودیە پارەی نەوتی هەیە، مەککە و مەدینەی هەیە و لۆبییەکی یەکجار بەهێزی لە ئەمریکا و ناوەندەکانی بڕیاردانی جیهاندا هەیە. ئەمانە پراگماتیکانە بیری لێبکەینەوە گرنگترن لەو چەکانەی ئێران بەدەستییەوەن، بەڵام بۆ نموونە سعودیە ناتوانێ بە سوپاکەی بێتە سەر سنووری ئێران و کوردستان دابەش بکات.
ئەوەی لە قەیرانی یەمەنەوە دەستی پێ کرد و دواتر قەیرانی قەتەری بەدواداهات و سبەی قەیرانی پاش گشتپرسیی باشووری کوردستان دەبێت، هەمووی نیشانەکانی ئەوەن کە سعودیە و هاوپەیمانەکانی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ کۆنسێرڤاتیڤە ئەمریکییەکان لەو خاڵەدا یەکیانگرتووەتەوە کە لەپاش داعش ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکی نوێ درووست بێت و تێیدا سنوور بۆ هەژموونی فراوانی ئێرانی پاش ڕووخانی سەدام دابنرێ و بەرژەوەندییە وزەییەکانی ئەو بەرەیەش پارێزراو بن. یەکێک لە ڕێگەکانی سنووردانانەکەش درووستکردنی دیوارێکە لەنێوان ئێران و سعودیە و دەوڵەتانی دیکەی کەنداو لە ڕێگەی خاکێک کە ناوی باشوور و ڕۆژاوای کوردستانە.
من وای تێدەگەم کە قەیرانی قەتەر کۆتایی دێت و ئەو وڵاتەش دەتوانێ دیوارێکی دیکە بێت بۆ سنووردانان بۆ هەژموونی ئێرانی، ئەمەش بەو مانایە نییە کە قەتەر بەلای سعودیەدا دەیشکێنێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەوەی سعودیە دەیکات ئەوەیە کە ناهێڵێ پلانە قەتەرییەکە بۆ ملکەچپێکردن و گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە وڵاتانی کەنداو سەرکەوێ، بەڵام قەتەر وەک هێڵی نێوەڕاست دەمێنێتەوە لەنێوان ڕیاز و تاراندا کە ناچار دەبێ لەبەر بەرژەوەندییەکانی سیاسەتی بێلایەنی هەڵبژێرێ. ئەمە دەکرێ پاش چەسپاندنی گشتپرسی کەیس ستەدییەکی باش بێ بۆ کوردستان.
واتە لە ئێرانی بگەیەنێت کە هەم لە بەرژەوەندیی تاراندایە و هەم لە بەرژەوەندیی ڕیازیشدا کە کوردستانێکی سەقامگیر لەو نێوانە وەک هێڵی نێوەڕاست هەبێ، کە نە بهێڵێ پریشکی ئاگر بگاتە نێو ئێران و نە ڕێگەش بدات سعودیە هەست بکات شیعە دەستیان لە بینەقاقای گیرکردووە. ئەگەر من لەجێی جەنابی خامنەیی بم، هەر وا بیری لێدەکەمەوە. چونکە دەزانم هەولێر نە دژایەتیی تارانی پێدەکرێ و نە دەیەوێ بیکات. بۆیەش باشترە مقۆمقۆکەی بکاتە کردەوە و ناوچەکە لە جەنگێکی گەورەی دیکەی بێئەنجام ڕزگاری ببێ. [1]