ناونیشان: چیمان بەسەردێت؟
نووسەر:#هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون:#26-09-2017#
تازە کار لە کار ترازا. کوردستان بە زۆرینەی دەنگ سەربەخۆیی هەڵبژارد. هەڕەشە و گوڕەشە زۆر بوون و هەن. دڵەڕاوکێیەکی گەورە هەیە لە کوردستان و لەنێو دۆستانی کوردستان. دەترسن لەوەی دۆستانی کوردستان بەردەوام دەبن لەگەڵمان بن یان دژمان دەوەستن، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هیچییەک لە دۆستەکانمان ناتوانن پاش گشتپرسی دژمان بوەستن.
بەتایبەتیش وڵاتانی وەک ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا و سعودیە و ئیسرائیل و زۆری دیکەش هیچ پاساوێکی یاسایی و شەرعییان نییە تا دژمان بوەستن. لێرە بەدواوە ڕێساکانی یارییەکە دەگۆڕێن.
سەروەری و یەکپارچەیی وڵاتان ڕێزلێگیراوە، بەڵام ئیرادەی گەلێکیش کە لە گشتپرسییەکدا بڕیاری دابێت، بەگاڵتە ڕەتناکرێتەوە. ئەوە شۆڕشی ئەیلوول نییە تا وەک کێک دابەشی بکەن، بەڵکوو ئیرادەی گەلێکە کە پەڕڵەمانێک و کۆمیسیۆنێک و سەرکردایەتییەکی نیشتمانی و دەنگی گەل یەکلایی کردووەتەوە چییاندەوێت. ئەمە دەرگا بۆ دۆستەکانی کوردستان دەکاتەوە تا نەترسن و داکۆکیمان لێبکەن.
ڕەوشی وڵاتانی دراوسێش گۆڕاوە. جاران بۆیە کیانێکی کوردی درووستنەدەبوو چونکە چوار دەوڵەت ئابلووقەیان دابووین و ئەگەر ئەوان ڕێککەوتبان دەنگمان نەدەگەیشتە هیچ شوێنێکی دنیا. ئێستا سێ دەوڵەتن و بەشێکی دیکەی کوردستانیش بەدەست کوردەوەیە. چیدیکە سنوورەکانی کوردستان بەتەواوەتی ناکرێ دابخرێن.
خراپترین شت کە بەسەرمان بێت ئەوەیە کە ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لەنێوان تورکیا و ئێران و ئێراقدا لە دژی کوردستان بێتە ئاراوە، کە ئەمە جارێ دوورە لە واقیعەوە. بەڵام ئەگەر ئەمەش ڕوویدا، ڕێی تێناچێت دۆستەکانی کوردستان هەروا تەماشاکەر بن و ڕێگەبدەن ئەو هاوپەیمانێتییە سەربگرێت.
ڕاستە دۆستایەتیی ئیسرائیل هەندێکجار لەم ناوچەیەدا زیانی لە قازانج زیاترە، بەڵام ئەگەر هاتە سەر شەڕی مان و نەمان بۆ کوردستان، هیچ هێزێک لە جیهاندا لە هێزی لۆبی و دۆستایەتیی ئیسرائیل بۆ کوردستان گرنگتر نابێت. دەشبینین چۆن ئەمریکا بۆ درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتووانەی شەڕی دژی #داعش# دەبێ لە #هەولێر# بپاڕێتەوە کە هەڵوێستی نەگۆڕێت.
ئەوانەی گرەو لەسەر ئەوە دەکەن کە کوردستان پاش گشتپرسی خراپی بەسەردێت. خراپیان بەسەرهاتووە، چونکە وانییە. کوردستان چەند هەفتەیەکی دیکەی پڕ گوشاری لەپێشە، بەڵام کۆتاییەکی ڕەتکەرەوەی ئەو گوشارانە و بە دەرچوون بە سەری بڵندەوەی لەپێشە. وەکچۆنیش کارتەکانی دەستی دەوڵەتانی دراوسێ زۆرن، ئاواش کارتەکانی دەستی کوردستان زۆرن تا بە دەوروبەر بڵێت: پارووی کوردستان گەورەیە و پێتان قوتنادرێ. [1]