ناونیشان: پلانی داڕماندنی #هەولێر#
نووسەر:#هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون:#11-12-2017#
بایەخنەدان بە ڕۆڵی پێشمەرگە لە وتاری سەرکەوتندا لە بەغدا لەلایەن عەبادییەوە بە ئەنقەست و مەبەستدار بوو. لەو لێدوانانەی لە کەسە نزیکەکانییەوە دەبیسترێن، مەرامی پشت ناونەهێنانە ئاشکرا دەبێت. یەکێکیان ڕووقایمانە دەڵێت پێشمەرگە هیچ ڕۆڵێکی نەبووە لە شەڕی دژی #داعش#دا و بەپێچەوانەوە لەمپەڕیشی درووستکردووە بۆ هێزە ئێراقییەکان لەو شەڕەدا. یەکێکی دیکەشیان دەڵێت ئەوەی پێشمەرگە لە #کەرکووک# و پردێ و مەحموودییە و زوممار کردی، هەمان ئەو شتەیە کە داعش کردوویەتی: لە هەردوو کەیسدا چەک بەرانبەر هێزە ئێراقییەکان بەرزکراوەتەوە. بۆیەش، بەگوتەی ئەو کەسە نزیکەی سەرۆکوەزیرانی ئێراق، عەبادی کارێکی باشی کردووە کە لە وتارەکەیدا ناوی پێشمەرگەی نەهێنا.
پلانی عەبادی بۆ قۆناغی پۆست- داعش بەرانبەر کوردستان ڕوونە. پاساو ئەوەیە کە بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی داعش، پێویستە هەموو سنوورەکانی ئێراق بە ڕێکوپێکی لەلایەن بەغداوە کۆنترۆڵ بکرێن، تاوەکوو چەکداری بیانی نەتوانن دزەبکەنە نێو ئێراق. ئەمە ڕێگە دەدات بە حکومەتی عەبادی بە زەبری هێز بێتە هەر شوێنێکی کوردستان کە بیەوێت و ئەگەر پێشمەرگەش ڕێگریی لێکرد، بە مشتی پۆڵایین بەرپەرچی بداتەوە. خۆ ناشکرێت ئەمڕۆ پێشمەرگە بە قارەمان و داعشبەزێن ناوببات و سبەی شەڕ لە دژی بکات!
بەڵام بەرلەوەی ئەم کارە بکات، عەبادی درێژە بە دواخستنی دانووستاندن لەگەڵ هەولێر دەدات. زیرەکانەش لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەڤانییە هەفتانەییەکانییدا ڕای گشتیی ئێراقی و کوردستانی و تەنانەت جیهانیش دەستخەڕۆ دەکات. لە دوایین کۆنفرانسی ڕۆژنامەڤانیدا، عەبادی گوتی پاش شەڕی داعش، حکومەتی ئێراق شەڕی دیکەی لەپێشن و دەبێ یەکە یەکە لەکاتی خۆیاندا تەواوبکرێن. پلانی داڕماندنی هەولێر (واتە کیانی هەرێمی کوردستان) یش لەکاتی خۆیدا یەکێکە لەو شەڕانەی عەبادی بە پشتیووانیی ئیقلیمی لە ساڵی 2018 دا دەیەوێ بیکات، ئەگەر چووە سەر.
هەرچەندە حکومەتی کوردستان قسەکانی عەبادیی لەبارەی وردبینیکردن لە لیستی مووچەخۆرانی کوردستاندا ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند هیچ لیستێک نەنێردراوە تا وردبینیی تێدا بکرێت، بەڵام پێدەچێ لەو هاتوچۆ بەردەوامانەی ئەم ماوەیە هەندێک بەرپرسی #سلێمانی# بۆ بەغدا هەیانە، لیستێکی زۆنی سەوز ئامادەکرابێ و وردبینی لەو لیستەدا دەستپێکرابێت. پێشتریش ئەو بەرپرسە کوردانە و بەرپرسانی ئێراقیش نیازی بەغدایان بۆ ناردنی مووچەی سلێمانی بەجیا نەشاردبووەوە.
ئەگەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان یەکدەنگ نەبن وعەبادی سەرکەوتووبێت لە لێکدابڕاندنیان لە ڕێگەی کارتی مووچە و هەڕەشەی کارگێڕی و سەربازی و هەڵدانەوە و پێشخستنی دۆسیەی گەندەڵیی بەرپرسانی کوردستان لەو کەمپەینەی بەتەمایە لە سەرتاسەری ئێراق ڕایبگەیەنێت، ئەوکات دەرگای دەستکاریکردنی دەستوور و سڕینەوەی ئەو مافانەی بۆ کوردستان لە دەستووردا سەلمێنراون ئاسان دەبێت. پێگەی هەولێریش لە دانووستاندندا لەوەی ئێستاش لاوازتر دەبێت.
هێشتا هەولێر لە شۆکی پۆست- ڕیفراندۆم دەرنەچووە. کارتەکانیشی پەرتەوازەن و پێویستیان بە کۆکردنەوەیە بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هەڕەشە گەورەیە دابنێت کە بەغدای پۆست- داعش لەسەر کیانە نیمچە سەربەخۆکەی درووستیکردووە و دەیکات. عەبادی بەتوانجەوە بە کوردستان دەڵێ شاندێک بنێرنە دانووستاندن کە نوێنەرایەتیی هەموانتان بکات. ئەو قسەیەی و پێشمەرجەکانی دیکەشی بۆ دەستپێکردنی دانووستاندن لەگەڵ هەولێر تەعجیزین، بەڵام خەمساردیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش و هەستنەکردنیان بەو مەترسییە جدییەی ئێستا هەیە، وایکردووە لەجیاتی پێکەوەدانیشتن و یەکخستنەوەی نێوماڵی شێواویان، ئەوانیش خەریکی دانانی مەرجی تەعجیزی بن بۆ یەکدی. [1]