سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی پارێزگاکانی #سلێمانی# و #هەڵەبجە#، ئاماژە بەوە دەکات وەزیری کشتوکاڵ ماوەی دوو ساڵە بە بڕیارێک هاوردەکردنی مریشکی بەستوی لەدەرەوە قەدەغە کردووە، بەڵام هەندێک لایەنی پابەند نابن بەو بڕیارەوە و بەردەوام مریشکی بەستوو هاوردە دەکرێت ئەوەش زیانی بە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان گەیاندووە.
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی ڕایگەیاند: وەزیری کشتوکاڵ ماوەی زیاد لە دوو ساڵە هاوردە کردنی مریشکی بەستوی قەدەغە کردووە، بەڵام بەداخەوە هەندێک لایەنی پەیوەندیدار ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکەن. بەردەوام ڕۆژانە مریشکی بەستوو لە بازاڕەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێم دەفرۆشرێت، کە بەهای خۆراکی مریشکی بەستوو بەڕێژەی لە 20% دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا مریشکی زیندوو لە 95% بەهای خۆراکی دەمێنێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیانێکی زۆر بۆ خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بەردەوام جەخت دەکەینەوە لەسەر پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و پشتیووانیکردن لە کەرتی بەرهەمهێنانی بەروبومە خۆماڵییەکان، بەو پێیەی پەلەوەر توانیویەتی پێداویستی ناوخۆیی بەزیادەوە پڕ بکاتەوە، بەڵام هەتا ئێستا پشتیووانیمان ناکرێت تا بتوانین بەردەوام بین و تووشی زیانی زۆر نەبین بۆ بەردەوام بوونمان لە زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، لە ئێستادا هەر کیلۆیەک مریشک لەناو هۆڵی کێڵگە پەلەوەریەکاندا بە دوو هەزار و 100 دینارە، بەڵام هەر کیلۆیەک سێ هەزار دینار لەسەر خاوەن پڕۆژە دەکەوێت کە هەر کیلۆیەک زەرەری هەزار دینارە بۆ خاوەن پڕۆژە.
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی کشتوکاڵی پەڕڵەمانی کوردستان داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، پێداچوونەوە بە هاوردەی مریشکی بەستوو بکەنەوە و ڕێگە نەدەن بە قاچاغ و بەبێ باج بهێنرێت، لەبەر ئەوەی خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان لە زیانێکی گەورەدان، بەڵام حکومەتی هەرێم هەتا ئێستا هیچ جۆرە هاوکارییەکی نەکردوین، لە کاتێکدا ئێمە ئاساییشی خۆراکمان درووستکردووە. [1]