ناونیشانی بابەت: حەکایەتی ڕێگرانی کورد لە سەردەمی کلاسیکدا
میر بەدر کوڕی حەسنەوەی کوردی ( 369- 405ک/ 979- 1014ز)، کەسێکی بەھەیبەت بوو، لە دەمی حوکمڕانییەکەیدا لە #کوردستان#، ناوچەکانی ژێردەستی ئەمن و ئەمان بوون. خێڵەکەی بەرزیکان بوون. مسکەوەی مێژوونووس دەڵێ: خراپترین تایەفە بوو لە تێکدان و ڕێگریی و جەردەییدا ڕێگریان دەکرد، بەڵام ئەو توندبوو لەگەڵیان و ناچاری کردن واز لە کاری خراپ بھێنن.
ڕۆژێک پیاوێکی بینی داری کۆکردبۆوە و لە پشتی کردبوو و دەگریا. لێی پرسی کە چییەتی؟ وتی: دوێنێ زادم بە زاریدا نەچووە، دوو ئەستوکم پێ بوو دەمویست بیانخۆم، تا وزەی داربڕینم ھەبێ، دارەکان بفرۆشم و قوتی خۆم و منداڵەکانم دابینکەم، کەچی سوارێکم لێ پەیدابوو و ئەستوکەکانی لێ بردم. بەدر گوتی: دەیناسییەوە؟ گوتی: بەڵێ. بەدر بۆ لای دەربەندێکی برد و ھەموو سوپاکەی خۆی بە ڕیز بە پێشدا برد. ئەویش سوارەکەی ناسیەوە. میر بەدر سواری لەسەر پشتی ئەسپەکەی ھێنایە خوارێ، دارەکەی خستە سەر سەری و ئەمری پێکرد تا ناو شار ئاوا ھەڵیگرێ و لەوێش بیفرۆشێ و پارەکەی بداتە داربڕەکە. سوارچاک گوتی: میرم! ئامادەم بە قەد سەنگی دارەکە درھەمی بدەمێ، بەس ئەو کارەم پێ مەکە! بەدر قەبوڵی نەکرد. ناچار سوارەکە داری لەخۆی بار کرد تا ناو شار و فرۆشتی.
بەمەش خەڵکەکە لە میر بەدر ترسان و کەس نەوێرا کارێکی ئاوا بکاتەوە.
مسکەوەی و ابن جوزی و چەندان نووسەری دی ئەم چیرۆکەیان گێڕاوەتەوە.
وێنەکە دراوێکی میر بەدری کوڕی حەسنەوەییە و بابەتەکە د. حەیدەر لەشکری نووسیوەتی.[1]