ناونیشان: وەرزی نوێی هەژموونی کورد لە بەغدا
نووسەر:#عادل باخەوان#
ڕۆژی دەرچوون:#12-04-2023#
=KTML_Bold=سەرەتا=KTML_End=
لە ساتەوەختی گشتپرسیی باشووری کوردستانەوە تاوەکوو ناوبژیوانییەکەی ژوری بازرگانی جیهانی لە پاریس، هەمیشە گفتوگۆیەک لەسەر چۆنییەتی بیناکردنەوەی پەیوەندی نێوان #هەولێر# و بەغدا لە ئارادابووە. ئەم گفتوگۆیە چەند لەسەر ئاستی ناوخۆیی کوردستانی و ئێراقیدا ئامادەبووە، هێندەش لە ڕووبەرە نێودەوڵەتییەکاندا کارابووە و بەکارایی کاری لەسەر کراوە و دەکرێت.
کورد چۆن لەگەڵ بەغدای پۆست سەدام حسێندا مامەڵەی کردووە و لێرە بەدواوە چۆن دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات؟ تا کوێ و چەند کورد دەتوانێت شەرعیەتی بەغدا بخاتە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستانەوە؟ تاکوێ و تاچەند و لە چ هەلومەرجێکدا کورد دەتوانێت سەرچاوە شەرعییەکانی داهاتی بەغدا وەک مانگای ئیسپانی بۆ خۆی دابدۆشێت؟
لەم چوارچێوەیەدا، ئەم وتارە کوورتە هەوڵدانێکی خێرایە بۆ ڕووناکی خستنەسەر سێ خاڵی سەرەکی نێو ئەم گفتوگۆیە کە لە سیمینارێکی داخراودا لە پاریس ڕوونتر و قوڵتر و ڕاشکاوانەتر بۆ بازنەیەکی تایبەتمەندی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستم خستەڕوو. پێم وایە هەر یەکێک لەم خاڵانە تەواو سەرەکین و ناکرێت لە بیناکردنەوەی ئەم پەیوەندییەدا بە هەند وەرنەگیرێن.
=KTML_Bold=چۆن کورد لەگەڵ بەغدای پۆست سەدام حسێندا مامەڵە بکات؟=KTML_End=
20 ساڵ پاش کۆتاییهاتن بە ڕژێمی سەدام حسێن و تا ئێستاش، خەیاڵدانی سیاسیی کوردی لەژێر کارایی ئەو تراژیدیانەدایە کە بەدرێژایی سەدەی بیستەم، لە بەغداوە بەرنامەیان بۆدانراوە و کەرەستەیان بۆ ئامادەکراوە و دواتریش جێبەجێکراون.تراژیدیاکانی سەدەی بیستەم، هەر لە هەڵوەشانەوەی دەوڵەتە دانپێدانەنراوە کوردییەکەوە کە شێخ مەحموود پادشای بوو تا دەگاتە ئەنفالی کورد، سەدان دیمەنی کارەساتاوی چوارچێوەیەکی کۆنکرێتییان بۆ خەیاڵدانی دەستەجەمعیی سیاسیی کوردی داڕشتووە، بەشێوەیەک کە هاتنەدەرەوە لێی ئێجگار ئەستەم بێت.
ئەگەر ئەم دۆخە بۆ هاووڵاتییەکی ئاسایی کوردستان گرفتی گەورە درووستنەکات و دەرئەنجامەکانی دراماتیکی نەبن؛ لەسەر پرسە سەرەکییەکانی کورد لە ئێراقدا، بەدڵنیاییەوە بۆ دەستەبژێری سیاسیی کورد هەم گرفتی گەورە درووستدەکات و هەم دەکرێت دەرئەنجامی دراماتیکیشی هەبێت؛ چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدای پۆست سەدام حسێندا بە هەمان جیهانبینی بەغدای سەدەی بیستەمەوە، وامان لێدەکات کە ئێمە لەبری مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعێکی کۆنکرێتیدا، مامەڵە لەگەڵ ئەفسانەیەکدا بکەین کە بەگۆشت و ئێسقانەوە کۆتاییهاتووە و هیچ دەسەڵاتێکیش چیتر ناتوانێت چوارچێوەیەکی کۆنکرێتی پێببەخشێتەوە.
من وشیارم بەوەی کە وتارێکی بەهێز لە کوردستاندا لەسەر فاشیزم و ڕاسیزم و تۆتالیتاریزم و سەنتراڵیزمی بەغدا ئامادەیە. ڕەنگە ئەم وتارە بەکەڵکبێت بۆ پەروەردەی کۆمەڵایەتیی نەوەی نوێی کوردی لە شانەکانی حیزب و قوتابخانەکان و ناوەندەکانی پێگەیاندندا، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بەکەڵکی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و دەستنیشانکردنی ئامادەیی سیاسییانەی کورد لە بەغدا نایێت؛ کورد دەبێت تێبگات لەوەی کە مێژوو بەهیچ شێوەیەک خۆی دووبارەناکاتەوە و بەغدای ئەمڕۆ بەهیچ شێوەیەک بەغدای دوێنێ نییە.
لەوەش زیاتر، ئەگەر تا دوێنێ سەدەی بیستەم، بەغدا هەمیشە ناوەندی چەوسانەوە و داپڵۆسینی کورد لە ئێراقدا بووبێت، بەدڵنیاییەوە بەغدای سەدەی بیست و یەک، هەڵگری هەموو هەلومەرجێکی بابەتییە بۆ ئەوەی بکرێت بە ناوەندێکی کارا بۆ بیناکردنەوەی کوردستانێکی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و سەربازیی ئێجگار بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
چەند کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق و حیزبی دەعوە و ڕێکخراوی بەدر شانسی ئەوەیان هەیە کە بەغدا بۆ بەرنامە ستراتیژییەکانی خۆیان بەکاربێنن، کوردیش هەمان شانسی هەیە کە بەغدا بۆ بەرنامە ستراتیژییەکانی خۆی بەکاربێنێت؛ بەڵام کاتێک تۆ لە بەغدا نابیت، بێگومان مەیدانەکە بۆ ئەوانی دیکە بەجێدەهێڵیت بۆ ئەوەی هەژموونی خۆیان بەسەر ڕووبەرەکەدا بسەپێنن و بەناوی بەغداوە قسەبکەن و خۆیان وەک تاکە نوێنەری بەغدا بخەنە سەر شانۆ جیهانییەکان.
=KTML_Bold=بەغدای شەرعیەتی نێودەوڵەتی=KTML_End=
تێزێکی دیکەی گرنگ کە پێویستە پێداچوونەوەی بنەڕەتی بۆبکرێت بریتییە لە پرسی شەرعیەت و ئامادەبوون لەنێو ڕووبەرەکانی سیستمی نێودەوڵەتیدا. ڕاستە کە هەولێر پایتەختی هەرێمێکی دەستوورییە و هەموو شەرعیەتێکی دەستووریی هەیە و ئەمەش نەک هەر لای خۆمان، بەڵکوو لای کۆی پایتەختە گەورەکانی جیهان ئاشکرایە و سەلمێنراوە؛ بەڵام لە پەنای ئەم ڕاستییەدا، ڕاستییەکی دیکەش هەیە کە بریتییە لەوەی تا ئێستاش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە زۆربەی هەرە زۆری ڕووبەرەکاندا، لە ڕێگەی بەغداوە مامەڵە لەگەڵ تەواوی ئێراقدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەکات.
هەر لە پرسی فرۆشتنی نەوتەوە بیگرە تا دەگاتە قەرزکردن و چەککڕین و نێردە دیپلۆماسییەکان، سیستمی جیهانی لەگەڵ بەغدا مامەڵە دەکات. ڕاستە لەبەر دۆخی نائاسایی ئێراق و لەرزۆکی دەزگاکانی و ئامادەنەبوونی کولتووری دەوڵەتدار و گشتاندنی گەندەڵی، دەکرێت لە هەندێک دۆخدا بەغدا بەشێوەیەکی کاتی مۆنۆپۆڵی هەر یەکێک لە ڕووبەرە شەرعییەکانی خۆی لەدەستبدات، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە لە هەلومەرجێکی گونجاوتردا، دۆخە کاتییەکان کۆتاییدان پێدێت و ئەگەر لەژێر گوشاری خودی بەغدایشدا نەبێت، لەژێر گوشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەغدا مۆنۆپۆڵی خۆی بەسەر ئەو ڕووبەرە ناکۆنترۆڵکراوانەدا دەسەپێنێتەوە.
لێرەوە، لەپێناوی خۆبەهێزکردن و خۆتۆکمەکردن و بیناکردنی ژێرخانی کوردستانی سبەینێدا، باشترین ستراتیژیەتێک کە هەرێمی کوردستان لە ئێستا و ئێرەدا بیگرێتەبەر، بریتییە لە بەکارهێنانی تەواوی میکانیزمەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی شەرعیەتی بەغدا و بەکارهێنانی هەمان ئەو شەرعیەتە لە کۆی ڕووبەرە جیهانییەکاندا. ئەمە بەهێزترین چەکێکە کە هەرێمی کوردستان بتوانێت جەنگی ئامادەبوونی خۆی لەنێو مێژووی سیاسەتی جیهانیدا پێبکات.
ئێستا هەرێمی کوردستان کەمترین پێویستیی بە وتاری حەماسی و وروژێنەری ئەفسانەگەرا هەیە. ئەوەی کە هەرێمی کوردستان پێویستییەتی، سیاسەتێکی بیناکراو لەسەر پراگماتیزم و عەقڵانییەت و کولتووری ساردیی بەرژوەندییەکان و ئاساییش و سەقامگیرییە. سەدەیەکە ئەوانیتر شەرعیەتی نێودەوڵەتیی بەغدا دژی کورد بەکاردەهێنن، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە، لە ڕێگەی ئەو پۆستانەی کە کورد لەنێو دەوڵەتی ئێراقیدا هەیەتی، هەمان ئەم شەرعەیەتە بۆ خزمەتی گەلی کوردستان بەکاربێنێت.
=KTML_Bold=بەغدای سەرچاوەکانی داهات=KTML_End=
تێزێکی دیکەی نادرووست کە دەبێت ئێمە سەرلەنوێ پێداچوونەوەی قوڵی بۆ بکەین، بریتییە لە داهاتی خۆیان بۆ خۆیان و داهاتی خۆمان بۆ خۆمان؛ هەرگیز هەرێمی کوردستان، تا ئەوکاتەی هەرێمێک بێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیکەدا، ناتوانێت دەستی لەو سەرچاوانەی داهات گیرببێت کە دەڕژێن بەسەر بەغداا.
بەغدا بەناوی گەلانی ئێراقەوە، بە گەلی کوردستانیشەوە، لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتیدا قسە دەکات، لەگەڵ سندووقی دراوی جیهانیدا قسەدەکات، لەگەڵ بانکی ناوەندیی ئەوروپیدا قسەدەکات، لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا و چین و ڕووسیا و وڵاتانی کەنداودا قسەدەکات و بەناوی نوێنەرایەتیکردنی شەرعیەتی گەلانی ئێراقەوە، بە گەلی کوردیشەوە، هەزاران ڕێگە دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی لە خراپترین دۆخیشدا بە ملیار دۆلار بگاتە بەغدا، چەک و تەقمەنی بگاتە بەغدا، کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بگەنە بەغدا و هتد.
بەغدا بەناوی تۆ و گەلانی دیکەی ئێراقەوە دەرگای هەموو ئەم سەرچاوانەی داهاتی لێدەکرێتەوە! چەند ستراتیژیەتێکی درووستە کە تۆی گەلی کوردستان، درووست وەک پێکهاتەکانی دیکەی ئێراق، هەموو ئەو میکانیزمانەی کە دەتبەنەوە سەر ئەو سەرچاوانەی داهات بگریتەبەر و لەپێناوی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستاندا وەک لیمۆ بیانگوشت.
هاوکێشەکە زۆر ئاسانە: ئەگەر تۆ بەهەموو تواناکانتەوە، بە هەموو هێز و گوڕوتینتەوە، لەوێ نەبی، ئەوێیەک کە هەموو شتێکی بەناوی تۆوە لەبەردەستدایە، بەدڵنیاییەوە ئەوانیتری لێدەبن و بەغدا وەک مانگای ئیسپانی دەگوشن تا دوا دڵۆپی شیر و دواتر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نۆشی گیانیان لێدەکات.
کۆتایی
هەموو ئەو ستراتیژیەت و میکانیزم و میتۆدانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان، تەنیا کاتێک مانایان دەبێت کە هەرێمی کوردستان بتوانێت لەبەرانبەر پرسە وجودییەکانی گەلی کورد لە ئێراقدا، کۆدەنگییەکی نیشتمانی درووستبکات، کۆدەنگییەک کە بکرێت بەو هێڵە سوورەی کە هیچ ئەکتەرێک لە هیچ هەلومەرجێکدا نەتوانێت بیبەزێنێت، ئەگەرنا مۆرکی ناپاکی نیشتمانی لێدەدرێت.
ڕاستە هیچ کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن لە جیهاندا بوونی نییە کە بەسەر چەندین جیاوازیدا دابەشنەبووبێت، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە هیچ گرووپێکی خێڵەکی و ئیتنی و مەزهەبی نابێت بە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن بەبێ ڕێکەوتن لەسەر گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی چوارچێوە فراوان کە هیچ ئەکتەرێک بۆی نەبێت لە هیچ دۆخێکدا بیبەزێنێت.
با ئێمە دان بەوەدا بنێین کە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بەم گرێبەستە کۆمەڵایەتییە هەیە بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ دەرەوەی خۆمان قسەبکەین و دەستنیشانی بوونمان لەنێو مێژوودا بکەین. هەروەها با دان بەوەدا بنێین کە بەبێ ئەم گرێبەستە کۆمەڵایەتییە، ئێمە هەمیشە لەو شوێنەدا دەمێنینەوە کە پێی دەگوترێت: پەراوێزەکانی مێژوو. [1]