ناونیشان:یەکگرتوویی عەرەب و پەرتەوازەیی کورد
نووسەر:#عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون:#16-04-2023#
کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لایەنە سیاسییە خاوەن پێگە و بە نفوزەکانی عەرەب لە کەرکووک بە سوننە و شیعەوە کۆبوونەوە و بانگەواز و ڕاگەیێندراوی یەک لیستی عەرەبییان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڵاوکردەوە، کە بەپێی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بڕیارە ڕۆژی، #06-11-2023# ، هەڵبژاردن بکرێت. وەک لە ڕاگەیێندراو و لێدوانی کارەکتەرە بەشدارەکانی هاوپەیمانێتییەکەدا خراوەتەڕوو، هۆکاری سەرەکیی پشت بڕیاری یەک لیستیی عەرەب لە کەرکووک بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە عەرەب هەڕەشە و مەترسی لەسەرە، بۆیە ئەو بڕیارەیان داوە.
ئەوەی لێرەدا جێی سەرنج و مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە دوو خاڵی سەرەکین؛ یەکەمیان ئەوەیە عەرەب نەک هەڕەشە و مەترسییان لەسەر نییە، بەڵکوو ئەوان لە دەستپێکی پڕۆسەی تەعریبەوە بۆ ئێستا بوونەتە هەڕەشە و مەترسی بۆ پێکهاتەکانی دیکەی کەرکووک. دوەمیش ئەوەیە (شیعە و سوننە) کێشەی زۆر گەورە لەنێوانیان هەیە، جیاواز لەو ناکۆکییە جەوهەرییانەی لە تێڕوانین و پەیڕەوکردنی ئایینییەوە سەرچاوەی گرتووە، لەسەر ئەرزی واقیعیش لە دوای کەوتنی سەدامەوە پڕۆسەی تیرۆری سوننە بەشێوازی جۆراوجۆر لەلایەن گرووپەکانی شیعەوە بەڕێوەدەبرێت، بەدیاریکراویش لە هاتنی #داعش# و ڕاوەدوونانیاندا ناوچەکانی سوننەی عەرەب لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە کۆنترۆڵکراوە و ستەمکاریی زۆر بەرانبەر بە سوننەکان دەکەن، بە هەزاران گەنجی عەرەبی سوننی بێسەروشوێن کراون و هەزارانیان لە زیندانەکانی حوکمی شیعەدا چاوەڕێی پەتی سێدارەن، بەڵام لە پرسێکی وادا کە پەیوەندی بە چارەنووسی کوردەوە هەیە، هەموو ناکۆکییەکانیان خستووەتە لاوە.
بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری ئەوەی چۆن عەرەبەکان بە ئاسانی ناکۆکییەکانیان بەلاوە دەنێن و بەرانبەر بە کورد یەک هەڵوێست دەبن؟ پێویستی بە خوێندنەوەی قووڵ نییە، بە ڕوانینێکی ساکارانەش دەزانرێت لەبەر ئەوەیە سوننە و شیعە لە کەرکووک ئامانجیان یەکە. ئەوەی لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بۆیان ڕەخساوە بۆ نوێکردنەوەی پڕۆسەی تەعریب و زاڵکردنی هەژموونی عەرەب بەسەر ئیدارە و ئیرادەی کەرکووکەوە، نایانەوێ بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکەوە لەدەستیان بچێت.
لەبەرانبەر ئەو یەکگرتووییەی عەرەبدا، هیچ کات بە ئەندازەی ئێستا کورد پەرتەوازە نەبووە. تەنانەت سەردەمانی شەڕی خۆبەخۆی کورد بە ئەندازەی ئێستا لێکترازاو نەبوون. ئەوکات بە حوکمی شەڕ و دابەشبوونی جوگرافیا، دوو بەرەی سیاسی درووست بوو بوو، پارتی و یەکێتی هەبوون و حیزبەکانی دیکە کەوتبوونە ژێر هەژموونی ئەوانەوە، بەڵام ئێستا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنێت.
بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری ئەوەش بۆچی کوردەکان ناتوانن ناکۆکییەکانیان بەلاوە بنێن و یەک هەڵوێست بن؟ ئەمەش پێویستی بە خوێندنەوەی قووڵ نییە، بە ڕوانینێکی ساکارانە دەزانرێت لەبەر ئەوەیە کورد ئامانجی یەک نییە. ئەوەی قانعی شاعیر بە هەوێنی برایەتی ناوی دەبات کە دەڵێت: برابن غایەتان یەک بێ، برایی غایە یەک بوونە، نووسەر و بیرمەندی کۆچکردوو حەکیم کاکەوەیسیش پارچەپارچەبوونی کورد بۆ پارچەپارچەبوونی ئامانجەکانی دەگێڕێتەوە. جا ئەوەی لێرەدا وەک ڕاستییەک دەدرەوشێتەوە ئەوەیە کە کورد لە باشووری کوردستان ئامانجی یەک نییە، بۆیە چاوەڕوانکراوە لە دۆخێکی پڕ لە کێشە و ململانێی وەک کەرکووکدا ئەم نەبوونی ئامانج یەکییە بە و جۆرە ڕەنگ بداتەوە.
هەرچەندە ئەوەی ڕۆڵی سەرەکی لە کێشە و چارەنووسی کەرکووک دەگێڕێت، (هێزە) نەک سندووقی هەڵبژاردن، بەڵام تایبەتمەندیی کەرکووک و کێشەکانیشی وایکردووە بایەخ و لێکەوتەی هەڵبژاردن لە کەرکووک جیاوازبێت بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی ئێراق و کوردستان. هەر ئەوەش هۆکاری ئەوەبوو کە لە دوای کەوتنی سەدامەوە تەنیا یەک هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لەو شارە بکرێت و ڕێگە نەدەدرا دووبارە بێتەوە.
ئەوەی لە ڕابردوودا بە پلەی یەکەم ڕێگربوون لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کەرکووک، لایەنی عەرەبی بوون. سەرباری ئەوەی بەهۆی بایکۆتیانەوە لە 2005 ڕێژەی کورسییەکانیان لە ئەنجوومەن زۆر کەمتر بوو لە پێگە و قەبارەی خۆیان و تا ئەندازەیەک هەژموونی کورد بەسەر ئەنجوومەنەکەشدا زاڵ بوو. دەشیانزانی ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن ڕێژە و پێگەی عەرەب بەرزدەکاتەوە و ژمارەی کورسییەکانی کوردیش کەمتر دەکاتەوە، بەڵام بە و هاوسەنگییە ڕازی نەبوون و دەیانویست ئەو پڕۆسەیە لە هەلومەرجێکدا بەڕێوە بچێت کە دڵنیایی ئەوە دەستەبەر بکەن کورد شکست بهێنێت.
بارودۆخی کەرکووک لە شەش ساڵی دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بۆ ئێستا بۆ عەرەب ئەو هەلومەرجە لەبارەیە کە چاوەڕوانی شکستی کورد بکەن، بەتایبەتیش ئەوەیان لەبەرچاوە کە هیچکات کورد بەم ئەندازەیە پەرتەوازە نەبووە و لە هاوکێشە گەورەکەشدا لە دوای کەوتنی سەدامەوە وەک ئێستا لاواز نەبووە بەرانبەر بەغدا، بۆیە بەلاوەنانی کێشەکانیان و درووستکردنی یەک لیستی بەرەی عەرەبی لە کەرکووک قۆستنەوەی ئەو دەرفەتەیە بۆ عەرەب هاتووەتەپێش و دەیانەوێ ئەو شەرعییەتەی لە سایەی چەکی حەشدی شەعبیدا بەدەستیانهێناوە، لە ڕێگەی سندووقی هەڵبژاردنەوە شەرعییەتی وەرگرتنەوەی زامن بکەن.
لێرەدا نامەوێ ئەو وشە و دەستەواژە هەزاربارانە بڵێم و پرسی یەکڕیزیی کورد و پێویستیی یەک لیستی کورد بورووژێنمەوە، چونکە ئەوە خواستێکە نزیکە لە مەحاڵ، بەڵام دەمەوێ ختوکەی هەستی بێدەربەستی سیاسییەکانی کورد بدەم بەوەی چارەنووسی کەرکووک دەکەوێتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەکی دیکەوە کە دواجار کوردەکانی کەرکووک باجی گەورەی دەدەن. دەزانم ئەگەر ئێستاش لەژێر هەر گوشار و فشارێکدا ناچاری یەکهەڵوێستی بن تا دەنگی کوردی کەرکووک بەدەستبهێننەوە، ئەوە دڵنیام دواتر لەسەر دەستکەوتەکان و وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک هەر تێکدەچنەوە و ناتوانن کاروانی پێکەوەبوونتان تاسەر بێت. بەوهۆیەشەوە وەک چۆن لە شەش ساڵی ڕابردوو تەعریبچییەک بەوەکالەت شارەکەی بەڕێوەبردووە، لەپێناو بەرژەوەندییە کەسی و حیزبییەکانتان شەرعییەت دەدەنەوە بەوەی دەستی تەعریب لەسەر کەرکووک بەردەوام بێت.
بۆیە پێشنیازی ئەوەتان بۆ دەکەم وەک ناتوانن ئیدارەی کەرکووک لەدەستی عەرەب وەربگرنەوە و بیخەنەوە دەستی کورد، هیچ نەبێت لەگەڵ تورکمان ڕێککەوتنێکی پێشوەختە بکەن و بەرەیەکی کوردی تورکمانی لەبەرانبەر هەژموونی عەرەب و تەعریب درووستبکەن. بە کۆمەڵێک مەرج و دڵنیایی پێشوەختە ئیدارە لە عەرەبەکان وەرگرنەوە و بیدەن بە تورکمان. ئەو هەڵەیە ڕاستبکەنەوە کە لەدوای ڕووخانی سەدامەوە تورکمانتان خستە بەرەی عەرەبەوە و بەهۆیەوە چارەسەری کێشەی کەرکووکتان قوورستر کرد.
تورکمان وەک کورد لە کەرکووک لە بەردەم مەترسیی تەعریبدایە. بە سەتان هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵییان لەلایەن عەرەبەوە دەستی بەسەردا گیراوە. ئێستاش هاوشێوەی کورد و لەو ڕووەوە بگرە زیاتریش لە بەردەم پڕۆسەی تەشەیوعدان. زۆر هۆکار هەن کورد بتوانێت دەستیان پێوە بگرێت و بیکاتە ڕایەڵەی پەیوەندیی نێوان کورد و تورکمان. دەکرێت پێدانی پۆستی پارێزگار بە تورکمان دەستپێکی قۆناخێکی تازەی پێکەوەبوونی کورد و تورکمان بێت لە بەگژاچوونەوەی تەعریب. ئەو شەڕەی کورد لە یەکەم ساتی چوونەوەیەوە بۆ کەرکووک پێویستی بە دۆزینەوەی هاوبەشێک هەبوو بۆ لە عەرەبیخستنی کەرکووک و نەیکرد. [1]