ناونیشان: هەڵبژاردن؛ خاڵی وەرچەرخانی تورکیا لە سەت ساڵەی خۆیدا؟
نووسەر:#زریان ڕۆژهەڵاتی#
ڕۆژی دەرچوون:#13-05-2023#
=KTML_Bold=بەرایی=KTML_End=
هەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیا خاڵێکی وەرچەرخانە. چونکە ئەوە دیاردەبێت کە ئایا پارتی داد و گەشە پێدان - ئەردۆغان دەچێتە نێو دەیەی سێیەمی حوکمڕانی خۆی و مۆرێک لە ساڵانی سەرەتایی سەت ساڵەی دووەمی کۆماری تورکیا دەدات، یان نا. ئەمە نەک تەنیا بۆ نێوخۆی تورکیا بەڵکوو بۆ دنیای دەرەوەش خاڵێکی وەرچەرخانە و دەتوانێت ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی ئەنکەرە لە گەرمەی ململانێ هێزدارییە گەورەکەی جیهان ڕوونتر بکات. گفتوگۆیەکی گەرمیش لەنێوخۆی کورد هەیە سەبارەت بەوەی کە مانەوەی ئەردۆغان باشە یان هاتنی کڵچدارئوغڵو. ڕاستییەکەی، بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکان بێت، کورد لەنێوخۆی تورکیادا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە پەیدا دەکات، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بۆ کورد لە ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی، نە ئەوەیە کە بە ڕۆیشتنی ئەردۆغان و هاتنی کڵچدارئۆغڵوو دنیا بۆ کورد ببێتە شامی شەریف، نە مانەوەی دۆخەکەش وەک خۆی، ڕێگا بۆ سواربوونی داشەکەی خۆش دەکات.
=KTML_Bold=کێ دەیباتەوە؟=KTML_End=
بەگوێرەی ئەنجامی 24 ڕاپرسی کە لە ماوەی 3 مانگی ڕابردوودا کراون، هێشتا پارتی داد و گەشەپێدان، بەهێزترین پارتی سیاسیی تورکیایە، بەڵام پێناچێت ئەو هاوپەیمانییەی کردوویەتی، هەمان بەختی هەبێت. ئەمەش وادەکات لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا، لە مارسۆنێکی نەفەسبڕدا بێت لەگەڵ هاوپەیمانییە شەش قۆڵییەکەی ڕکابەری. پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا 42.56%ی دەنگەکانی تورکیای بردبوو، بەڵام بەگوێرەی ئەم ڕاپرسییانەی ئێستا بێت، لانی کەم 6%ی دەنگەکانی لەکیس دەچێت و وادیارە ئەوەش دەچێتە خانەی پارتەکانی عەلی باباجان و ئەحمەد داودئۆغڵوو، کە هاوشانی پارتی سەعادەت لە لیستەکانی پارتی گەلی کۆمارییەوە بەشداریی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانیان کردووە.
خاڵێکی جێگەی سەرنج لێرەدا ئەوەیە؛ پارتی داد و گەشەپێدان لە ماوەی 21 ساڵی ڕابردوودا کارنامەیەکی سەرنجڕاکێشی هەڵبژاردنی هەبووە. لە 2002وەوە تاوەکوو 2015 بەردەوام لە هەڵکشان بووە، بەڵام لە 2015وە ڕووی لە داکشان کردووە. لووتکەی دەنگەکانی لە 2011 و دووەمین هەڵبژاردنی 2015دا بووە کە سەرووی 49%ی دەنگەکانی برد، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەڕڵەمانیی 2018دا بۆ سنوورەکانی 42% دابەزی. پارتە سەرەکییە هاوپەیمانەکەیشی کە مەهەپەیە، تووشی دابەشبوونێک بوو. ڕێژەی دەنگەکانیشی لە سنوورەکانی 16%ی 2015وە بۆ 11.1%ی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانیی ساڵی 2018 دابەزی.
ساڵی 2015، خاڵێکی وەرچەرخان بوو بۆ پارتی داد و گەشەپێدان. پێگە جەماوەرییەکەی لە یەکەم هەڵبژاردنی ساڵی 2015دا کەوتە بەرباس و دەنگەکانی لەسەرووی 49%وە بۆ نزیکەی 41% دابەزی. کودەتاکەی هەمان ساڵیش خاڵێکی دیکەی وەرچەرخان بوو، کە وایکرد ئەردۆغان دوو گۆڕانکاری گرنگ بکات. یەکەمیان پەنای بۆ ئیسلامییەکان- تەریقەت و جەماعەتەکان برد بۆ ئەوەی پێگەی بەرانبەر گولەنییەکان بەهێزتر بێت. ئەمەش لە ئەنجامدا ناچاری کرد ڕوو لە سیاسەتێکی دەستوەردانی زیاتری ئایدۆلۆژی-دەوڵەت لە ئابووری و دوورکەوتنەوە لە بنەماکانی ئابووری نیولیبراڵی بکات. سەرەڕای پێداگریی بەشێک لە ڕاوێژکارەکانی، نرخی سوودی بانکی دابەزاند، بەوەش ڕێگای بۆ هەڵاوسانێکی زۆر کردەوە. لە ساڵی 2016وە 5 جار سەرۆکەکانی بانکی ناوەندی گۆڕی، لە کاتێکدا زۆربەی سەرۆکەکانی پێشووتر 4 بۆ 5 ساڵ لەو پۆستەدا مابوونەوە. ساڵی 2021 لە ڕێککەوتننامەی ئیستەنبووڵ کشایەوە، کە تایبەت بوو بە پاراستنی مافی ژنان و ساڵی 2011 لەگەڵ 44 وڵاتی دیکە واژۆی کردبوو. مزگەوتی ئایاسۆفیای وەک بڕیارێکی سمبوولێک بۆ دڵخۆشکردنی گرووپە ئیسلامییەکان بەڕووی عیبادەتی خەڵکدا کردەوە، کە پێشتر کرابووە مۆزەخانەیەک و مێژوویێکی هاوبەشی لای کریستانییەکان و دواتریش عوسمانییەکان هەبوو. دووەمیش ئەوە بوو؛ لەدوای 2015وە سیاسەتی کرانەوە بەڕووی کورددا ڕاگرت و لەگەڵ نەتەوەگەراکانی تورکیا هاوپەیمانییەکی پتەوی بنیاتنا. ئەنجامی ئەمەش، ڕاگیرانی پڕۆسەی ئاشتی، ئەنجامدانی زیاتر لە 5 ئۆپەراسیۆنی گەورەی دەرەوەی سنوور و، دژایەتیکردنی گشتپرسیی هەرێمی کوردستان بوو.
لە تەنیشت دابەشبوونی نێوخۆیی ئاکپارتی و دوورکەوتنەوە لە کورد، فاکتەرێکی دیکەی کاریگەر هەیە لەم هەڵبژاردنەی ئەمجارەدا، ئەویش هاتنی دەنگدەری نوێیە. لە کۆی زیاتر لە 64 ملیۆن دەنگدەر، ئەم جارە نزیکەی 5 ملیۆن دەنگدەر هەن کە یەکەمجارە دەنگ بدەن، ئەمەش نەوەیەکە کە لانی کەم ئەزموونی سیاسەتی ئابووری- کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ساڵانی 2002-2015ی ئاکپارتییان نییە و زیاتر دۆخی نالەباری ئابووری و سیاسیی ئێستایان لەپێش چاوە. ئەم جارە بە گشتی نزیکەی 30 ملیۆن دەنگدەری تورکیا لە خوار 40 ساڵییەوەن، کە ئەمەش ئەگەرێکی گەورەی گۆڕانکارییە.
بەگوێرەی ڕێژەی هاوبەشی ئەنجامەکانی زیاتر لە 50 ڕاپرسیی جیاواز، هاوپەیمانیی جمهوور کە پارتی داد و گەشەپێدان سەرکردایەتیی دەکات 44.6%ی کۆی دەنگەکان دەبات و هاوپەیمانییە شەش قۆڵییەکەی ڕکابەریشی ڕێژەی 39.8%ی دەنگەکانی هەیە کە بە زیادبوونی دەنگەکانی #هەدەپە#، چانسی بردنەوەی سەرۆکایەتیی کۆماری زیاترە. پارتی گەلی کۆماری لە 22.65%ی ساڵی 2018وە بۆ سەرووی 28% هەڵدەکشێت. ڕاستییەکەی پارتی گەلی کۆماری لە شەش هەڵبژاردنی پەڕڵەمانیی ڕابردوودا لێهاتوویێکی وای پیشاننەداوە و ڕێژەی هاوبەشی دەنگەکانی لەو هەڵبژاردنانەدا 23% بووە کە لە 2011دا گەیشتبووە لووتکە و نزیکەی 26%ی دەنگەکانی بۆخۆی بردبوو. هەرچەندە لە هەڵبژاردنیی شارەوانیی 2019دا دەنگەکانی گەیاندبووە 28.6%. هەڵبەت ئەم جارە کەمال کڵچدارئوغڵو شتێکی کرد کە ئەردۆغان نەیتوانی بیکات. ئەویش ئەوە بوو؛ توانیی لە ڕەنگ و دەنگی جیاوازەوە بەرەیێکی سیاسی دژی ڕکابەرەکەی درووستبکات، کە لە ئیسلامییەکانی نەیاری جەهەپەوە بگرە تاوەکوو نەتەوەگەرا تووندڕەوەکانی نەیاری هەدەپەشی تێدایە و بە بێ هیچ هاوپەیمانیێکی ئاشکرا، دەنگدەرانی هەدەپەشی لە دەوری خۆی گلێر کردەوە. ئێستا پارتێکی وەک دەوای باباجان کە هاوپەیمانی جەهەپەیە، وتاری سەرنجڕاکیشتری هەیە بۆ کورد. ڕێک وەک ئەو سەردەمانەی ئاکپارتی هەنگاوی بوێرانەی سەبارەت بە پرسی کورد دەنا، باباجان داوای گۆڕینی مادەکانی 42 لەگەڵ 66ی دەستوور دەکات، کە بناخەی سەرەکیی پرسە ناسنامەییەکانی تورکیا پێکدەهێنن. جەهەپە، وتارێکی ڕوونی بۆ پرسی کورد نییە، بەڵام بەو سیاسەتی هاوپەیمانییە و بە تاکتیکی نزیکبوونەوە لە بنەماڵە کوردییەکان وایکردووە لە هەندێک ناوچەی وەک #ئامەد# (دیاربەکر) و ڕووها (ئورفا) و چەند شوێنێکی دیکە هەست بە زیادبوونی جەماوەرەکەی بکرێت. ئەگەر شتێکی چاوەڕواننەکراو ڕوونەدات، ئەنجامی ڕاپرسییەکان ڕاست بێت، بە ئەگەری زۆر سەرۆککۆماری داهاتووی تورکیا، کەمال کڵچدارئوغڵو دەبێت.
=KTML_Bold=رۆڵی کورد چی دەبێت؟=KTML_End=
هەدەپە، لەبەر ئەگەری داخستن، بەناوی پارتی چەپی کەسک و بە هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی بەشداریی کردووە و بەگوێرەی ئەنجامی ڕاپرسییەکان بێت، لەوانەیە لەنێوان 10% بۆ 12%ی دەنگەکان بۆ خۆی ببات و پشتی کەمال کڵچدارئۆغڵووش دەگرێت. هوداپار وەکوو دووەمین پارتی گەوەری کوردی لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا 155 هەزار و 539 دەنگ واتا ڕێژەی 0.31%ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو. بەهۆی زیادبوونی نفووسەوە ڕەنگە بەشێک لە دەنگەکانی زیادبکات و ئەویش پشتی ئەردۆغان دەگرێت. پارتی هاکپار وەک سێیەمین پارتی گەورەی کوردی، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2015دا بە نزیکەی 105 هەزار دەنگەوە دەوری 0.23%ی دەنگەکانی بردەوە، کە ئەویش چاوی لێیە لانی کەم دەنگەکانی زیاد بکات.
ڕۆڵی کورد بە دیاریکراوی ڕێژەی 11% بۆ 12%ی دەنگەکانی هەدەپە لە یەکلاکردنەوەی سەرۆکایەتیی کۆماردا گرنگە بەڵام تەنیا ئەوەش نییە، بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکان بێت و هیچ شتێکی لەناکاو ڕوونەدات، هیچییەک لە هاوپەیمانییە سەرەکییەکان ناتوانن 301 کورسیی پەڕڵەمان ببەنەوە؛ ئەمەش واتای ئەوەیە هەرلایەکیان بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەڕڵەمانی پێویستیان بە دەنگی پارتی چەپی کەسک دەبێت. ڕاستە بەگوێرەی سیستەمی سەرۆکایەتیی تورکیا دەسەڵاتی سەرۆک زیاترە و لە بڕیارنامەکان و لە پێکهێنانی حکومەتیشدا منەتی بە پەڕڵەمان نییە، بەڵام بۆ بڕیاری گرنگی پەڕڵەمانی بە تایبەتی ئەگەر بەتەمای گۆڕینی دەستوور و سیستەم بن، دەنگی هەدەپە یەکلاکەرەوە دەبێت. ئا لێرەیە کە دەبێ چاوەڕی بین بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕۆڵە گریمانەییە دەکات، کە لەوانەیە پەیدای بکات و چۆن سیاسەتی پێ دەکات!
هەدەپە چاوی لەوەیە؛ لانی کەم 100 کورسی بباتەوە کە ڕەنگە دوور لە واقیع بێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئەم هەڵبژاردنە تاقیکردنەوەیەکە بۆ حیزبەکەش. هاوپەیمانییە سەرەکییەکەی لەگەڵ چوار پارتی چەپی تورکییە کە تەنیا یەکێکیان کە ئەویش پارتی کرێکارانی تورکیایە دەنگدەرێکی کەمی هەیە و زۆربەی پەڕڵەمانتارەکانیان بە دەنگی کورد دەچنە پەڕڵەمان. خاڵێکی دیکەش ئەوەیە: زیاتر لە نیوەی دەنگدەری تازەی تورکیاش لەنێو کوردەکانەوەیە، بەشێوەی ڕێژەیی 13%ی دەنگدەری کورد لە 25 شاری گەورەدا کە حەوزی دەنگی کوردە، لەو دەنگدەرانەن کە بۆ یەکەمجارە دەنگ دەدەن. ڕێژەی ئەو نەوە تازەیە لە شوێنەکانی وەک جۆلەمێرگ (#هەکاری#) ، شڕناخ، ئامەد (دیاربەکر) و ڕووها (ئورفا) بەرزە و دەبێ چاوەڕێ بین، بزانین ڕەفتاری دەنگدانی ئەوان چۆن کاریگەرییان لەسەر دەنگەکانی هەدەپە دادەنێت.
=KTML_Bold=تورکیای کڵچدارئوغڵوو=KTML_End=
ئەگەر ئەردۆغان بیباتەوە، لانی کەم جارێ سیاسەتەکانی تورکیا وا دەڕوات کە هەیە، هەرچەند هیوایەکی کەمیش هەیە بەوەی لەوانەیە بەرەبەرە دەست بە گۆڕانێک بکات، چونکە یەکگرتوویی ئەمجارەی ئۆپۆزیسیۆن مەترسییەکی ڕاستەقینەی لەسەر دەسەڵاتەکەی درووستکرد. گەلێک کەس باسی ئەوە دەکەن ئەگەر ئەردۆغان بیدۆڕێنێت، لەوانەیە کورسییەکەی چۆڵ ناکات. ڕاستییەکەی ئەو لە ساڵی 2019 و 2015شدا دۆڕانی تاقیکردووەتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی کولتووری پاراستنی دەوڵەت لە تورکیا بەهێزە. بۆیە کارێکی ئاسان نییە، چۆڵی نەکات. ناکۆییەکانی ئەمدواییەی نێوان دەستەی باڵای هەڵبژاردن لەگەڵ پارتی دادوگەشەپێدان، هەروەها لەگەڵ #وەزارەتی ناوخۆ# نیشانەی ئەوەن بیرۆکراسیی تورکی دەتوانێت کاری خۆی بکات و ڕەنگە ئاسان نەبێت سوپا بە تەنیا پاڵپشتی لە حیزبێک بکات. ئەگەر ڕێژەی دەنگەکان زۆر نزیکی یەک بن، لەوانەیە گرژی ڕووبدات، بەڵام ئەگەر جیاوازی زۆر بێت، بە ئەگەری زۆر دەسەڵات ڕادەست دەکات.
ئەگەر کەمال کڵچدارئوغڵوو بیباتەوە، تاماوەیەک هەر بە سیستەمی سەرۆکایەتی، تورکیا بەڕێوەدەبات. ئەمەش وەک باسی لێوەکراوە تا دوو ساڵێک دەخایەنێت، دیارە ئەگەر زۆرتریش نەبات.
ڕەنگە کەمال کڵچدارئوغڵوو لە سیاسەتی دەرەوەدا بەرەو ڕەوتی نەریتیی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بڕوات، بەڵام لەبیرمان نەچێت، جیهان بەرەو گۆڕانێک دەچێت و کاتی خۆی، خودی مستەفا کەمال ئەتاتورکیش سوودی لە ناکۆکیی هێزە گەورەکانی جیهان وەرگرتبوو بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی خۆی. لە ئاستی ناوچەکەشدا زیاتر مەیلی بۆ هاوکاری ناوچەیی چووبوو، بۆیە ڕیککەوتنەکانی وەک سەعدئاباد و پەیمانی بەغدا هەر لەگەڵ نەریتی سیاسەتی ئاتاتورکیدا گونجاوبوون کە دەزانین چۆن بۆ کورد شکابوونەوە. نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا کۆبوونەوەیەکەمان لەگەڵ یاریدەدەرێکی کەمال کڵچدارئوغڵوو هەبوو. لێم پرسی؛ سیاسەتی دەرەوەتان چۆن دەبێ ئەگەر بیبنەوە؟ ڕێک هەمان میکانیزمی هاوکاریی ناوچەیی بە فۆرمێکی دیکە باسکردەوە. ئەمەش شتێک نییە کە لە ناوەرۆکدا لەگەڵ سیاسەتی ئێستای ئەردۆغان ناکۆک بێت کە ئەویش لە 2017وە دەستی پێ کردووە. بێگومان ئەگەر کڵچدارئوغڵوو بەنیاز بێت لە ململانێ گەورەکەی جیهانیشدا لەنێوان ئەمریکا و ڕووسیا و چیندا، زیاتر بەلای ڕۆژاوادا بیشکێنێتەوە، ئەوسا بێ مامەڵەیەکی گرنگ، کاری وا ناکات! چونکە ئەوەی بە کردەوە بڕیار لەو بابەتانە دەدات، تەنیا سەرۆککۆمار نییە و بیرۆکراسیی تورکی کاریگەریی بەرچاوی هەیە.
پێچەوانەی ڕووسیا، ڕۆیشتنی ئەرۆدغان بە قازانجی ئێراق، ئێران و سووریا دەبێت. ئێران بە ڕێککەوتن لەگەڵ سعودیە بەهێزتر بووەتەوە، بە نەمانی کەسێکی وەک ئەرۆدغان کە خەونی سەرکردایەتییەکی گەورەتری هەیە، ڕکابەرێکی گرنگی ناوچەیی لەکۆڵ دەبێتەوە، کە ئێستا لە ململانێی ئەرمەنستان- ئازەربایجان، لە ئێراق، لە سووریا و لە هاوسەنگییەکانی هێزداری لە ناوچەکەشدا گرفتی بۆ تاران درووستکردووە. بۆ ئێراق و سووریا، کە کێشەی ئاو، پرسی #پەکەکە# و بابەتی مانەوی هێزی سوپای تورکیا و ئۆپەراسیۆنەکانیان هەیە، لەوانەیە هاتنی سەرکردەیەکی دیکە دەرفەتی دیالۆگیان بۆ زیاتر بکات، تەنانەت ئەگەر سیاسەتی ئەنکەرەش بە تەواوی نەگۆڕدرێت.
پێدەچێت، پارتی گەلی کۆماری حەزبکات لە سیاسەتی نێوخۆ، ئابووری و سیاسەتی دەرەوەیدا مۆری خۆی لە ساڵانی داهاتوو بدات، بۆیە هەر لە ئێستاوە باسی بردنی ئەو پۆستانە بۆخۆی دەکات، دیارە ئەگەر بتوانێت هاوپەیمانەکانی ڕازی بکات.
کڵچدارئوغڵوو گوتوویەتی پرسە گرنگەکانی وەک پرسی کوردیش دەباتە پەڕڵەمان. لەوانەیە بە شێوەی کاتی گۆڕانکارییەکارییەک لە پرسی گیراوانی هەدەپە ڕووبدات و هەندێک نەرمیی لە سیاسەتە ئەمنییەکان بنووێنێت بەڵام، چارەسەری ڕیشەیی پرسی کورد کارێکی ئاسان نییە. چونکە وەک تەمەل کەرەموڵڵائوغڵوو سەرۆکی پارتی سەعادەت گوتوویەتی، بڕیارە سەرۆکی حیزبەکانی هاوپەیمانی جەهەپە ببنە یاریدەری سەرۆککۆمار. دیارە بە سەرۆککۆمارێکی فرەجێگر و پەڕڵەمانێکی فرەسەرەوە کە بلۆکێکی ئۆپۆزیسیۆنی بەهێزی تێدا بێت، درووستکردنی گۆڕانکارییی ڕیشەیی لە سیاسەتی نێوخۆ و، دەرەوەی تورکیا کارێکی هەروا ئاسان نییە. [1]