ناونیشان: دیموکراسیی خەڵەتێنەر
نووسەر: #عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون:#22-05-2023#
زۆرجار بیر لەوە دەکەمەوە ئەو وڵاتانەی کوردستانیان داگیرکردووە یان کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، ئەگەر وڵاتی دیموکراسی بووایان کێشەی کورد چۆن دەبوو؟ هەر زوو ڕادەچڵەکێم و بە ئاگادێمەوە، دیموکراسی و داگیرکاری دووانەیەکی دژ بەیەکن، ئەگەر دیموکراسی بووان، داگیرکاریی ڕووی نەدەدا، تا پڕۆسەی داگیرکاریش بەردەوام بێت، دیموکراسی بەرهەم نایێت. بۆیە چاوەڕوانییەکی نالۆژیکییە پێمان وابێت دیموکراسی دەتوانێت لە چوارچێوەی یەک قەوارەدا چارەسەری کێشەی نەتەوەیەکی داگیرکراو بکات.
ئەشێ دیموکراسی چارەسەرێکی باش بێت بۆ پێکەوەژیانی ئیتنیک و ئایین و مەزهەبی جیاواز، بەڵام پرسی کورد پرسێکی ئیتنیکی و ئایینی و مەزهەبی و تەنیا جیاوازیی نەتەوەییش نییە؛ بۆ نموونە: هەر یەک لە وڵاتانی تورکیا و ئێران و ئێراق و سووریا بێجگە لە کورد و نەتەوەی سەردەستەی تورک و فارس و عەرەب، چەندین ئیتنیکی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی جیاوازی تێدایە. دەتوانرێت بە پیادەکردنی سیستمێکی دیمکوراسییانە، جۆرێک لە دادپەروەری دەستەبەر بکرێت کە ئیتنیک و ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان هەست بە جیاکاری نەکەن، بەڵام ئەمە بۆ کورد و پرسی کورد لەو وڵاتانە ڕاست نییە، چونکە لە بنەڕەتدا پرسی کورد، پرسی داگیرکارییە نەک جیاکاریی، کورد خاک و نیشتمانەکەی داگیرکراوە. ئەو پێکهاتە و ئیتنیک و ئایین و مەزهەبە جیاوازانەی دیکە، لە نیشتمانێکدا دەژین نەتەوەی سەردەستە دەیانچەوسێنێتەوە، سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات جیاکارییان بەرانبەر دەکات. ئەم زووڵم و ستەمکارییەی سەر ئەوان دەتوانرێت بە دیموکراسی چارەسەر بکرێت. بەڵام بۆ کورد پرسێکی دیکەیە.
وەک چۆن ئەوە ڕاستە ئەگەر لە سەرەتاوە دەوڵەتەکانی (سەفەوی و عوسمانی) دیموکراسیی بووان، داگیرکاریی ڕووی نەدەدا. ئەوەش هەر ڕاستە دوای ئەم پڕۆسەی داگیرکارییانە، تورکیا و ئێران و ئێراق و سووریا تا پرسی کورد لە وڵاتەکانیان بمێنێ ناتوانن ببن بە وڵاتی دیموکراسی، چونکە لە بنەڕەتدا دیموکراسی لەناو قەوارەی یەک دەوڵەتدا چارەسەری کێشەی نەتەوەیی ناکات. تەنانەت ئەگەر ببنە سیستمی فیدراڵیش. ئەوانە چارەسەرن بۆ جۆرێک لە بەڕێوەبردن و دابەشکردنی دەسەڵات، نەک چارەسەری ڕیشەیی کێشەی نەتەوەیی.
ئەمە نەک تەنیا هەر بۆ ئێمەی کورد و وڵاتانی داگیرکەری کوردستان وایە، بۆ پرسی هەموو ئەو میللەتانە ڕاستە کە خاوەن خاک و جیۆگرافیای خۆیانن و لەلایەن دەوڵەتی نەتەوەیەکی دیکەی سەردەستەوە خاک و نیشتمانەکەیان داگیرکراوە. لە هیچ کیشوەرێکی دونیادا دیموکراسی نەیتوانیوە ببێتە چارەسەر ئەگەر دابەشکاری لە وڵاتەکانیان نەیێتە ئاراوە. گشتپرسییەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا کە هاوکات بوو لەگەڵ گشتپرسیی هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی لە دوو سیستمی بەڕێوەبردنی جیاوازی نێو دنیای دیموکراسیی ڕۆژاوا و دیکتاتۆریەتی ڕۆژهەڵات بوون، یەک چارەنووسمان هەبوو. ئیسپانیای ناو سیستمی یەکێتیی ئەوروپا و دونیای دیموکراسی ڕەفتاری باشتر نەبوو لە ئێراقی ناو کۆمەڵگەی خێڵەکی عەرەبی و جیهانی ئیسلامی.
لێرەدا ئەوەی بۆ هەلومەرجی ئەمڕۆی کورد جێی هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە کە ئەگەر دیموکراسی ڕاستەقینە نەتوانێت ببێتە ڕێگەچارەیەکی لۆژیکی بۆ چارەسەری پرسی کورد لەو وڵاتانەی کوردستانیان داگیرکردووە، چۆن دیموکراسییەکی خەڵەتێنەری ڕووکەشانەی وەک ئەوەی لە تورکیا و ئێراق لە ئارادایە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەر؟ بەپێچەوانەوە دەتوانرێت ئەوە بسەلمێندرێت کە ئەم جۆرە دیموکراسییە ژەهرێکی مەترسیدارە دەکرێتە ناخی کوردەوە، ڕەنگە کورد لەوەدا شانسی هەبووبێت کە لە سەرەتای پڕۆسەی درووستبوونی دەوڵەتەکانی تورکیای نوێ و ئێراقی عەرەبی ئەم شێوازە لە دیموکراسیی ڕووکەشانە پەیڕەونەکراوە؛ ئەو زووڵم و ستەمکارییانەی بەرانبەر بە کورد گیراونەتەبەر، یارمەیتدەر بوون لە درووستکردنی گیانی بەرگریی و مانەوەی کورد، ئەگەرچی هەموو ڕێگەیەک بۆ سڕینەوەی گیراوەتەبەر.
مەبەستمە بڵێم زەبروزەنگ و ستەمکاری داگیرکەرانی کوردستان، لێکەوتە و کاردانەوەکانی، ئەو بزووتنەوە کوردییانەی بەرهەمهێناوە کە لە ڕابردوودا بەرگرییان لە بوون و ناسنامەی نەتەوەیی کورد کردووە لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان. سەرباری بەخشینی قوربانیی بێشوومار، ئازار و مەینەتیی چەندین نەوەی یەک لەدوای یەکی میللەتەکەمان، کۆمەڵکوژیی و دەربەدەری و ئاوارەبوون، بەڵام نەتوانراوە کورد و ناسنامەی نیشتمانەکەی بسڕنەوە. ئەگەر ئەوەی ئێستا وەک تاکتیک و سیاسەتێکی نوێی دەوڵەتانی داگیرکەر لە تورکیا و ئێراق بەڕێوەدەبرێت بەناو ڕێگەخۆشکردن بۆ بەشداریی کورد لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لە 100 ساڵی ڕابردوو پەیڕەوی لێبکرایە، کاریگەریی زۆر خراپی دەبوو لەسەر خۆوابەستەکردن بە نەتەوەی سەردەستەوە، چونکە ئەگەر ستەمکاری ڕووحی بەرگریی چاندبێت، وابەستەبوون کورد بە قەدەری توانەوە دەسپێرێت.
تەماشا بکەن لە ڕابردوودا لەبەرئەوەی پەیڕەوی ئەو سیاسەتە نەکراوە، هەر کوردێک نەک لەڕووی کردارییەوە ئەگەر بە بیرکردنەوەش باوەڕی بەوە هەبووبێت دەکرێت لەگەڵ نەتەوەی سەردەستە و دەسەڵاتی ناوەندگەرایی دەوڵەتەکان مامەڵە بکرێت، وەک نەنگییەک بۆیان تۆمارکراوە. ئەوەی ئێستا هەندێک لە سیاسی و نوخبەی خوێندەواری کورد بانگەشەی بۆ دەکەن بەتایبەت لە باشووری کوردستان بۆ ڕووکردنە ناوەندی دەوڵەتی نەتەوەی سەردەستەی عەرەب لە بەغدا، ئەگەر پێش پەیڕەوکردنی ئەم ستراتیجە نوێیەی نەتەوە سەردەستەکان، هەر سیاسی و خوێندەوارێ لە هەزاردا یەکی ئەمەی بگوتبایە، شەرمەزار دەکرا، بەڵام ئێستا بە ئاشکرا وەک شانازی بانگەشەی بۆ دەکرێت.
بۆ میللەتێکی چەوساوە و خاک داگیرکراوی وەک کورد، تا دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەستە ستەمکارتربن، لێکەوتەکانی بۆ درووستکردنی گیانی بەرگریکردن لای کورد باشترە لە دیموکراسییەکی ڕووکەشی خەڵەتێنەرانەی وەک ئێستا کە ئاڕاستەیەکی بەرهەمهێناوە کورد بەرەو شوێنێکی زۆر خراپ دەبات.
چارەسەری ڕیشەیی پرسی کورد لە ناوچەکە، پێدانەوەی ئەو مافەیە کە لێی زەوتکراوە، ئەویش دەستهەڵگرتنیانە لە داگیرکاریی خاکەکەی. هەر ڕێگەیەکی دیکە وەک دەروازەی چارەسەر بگیرێتەبەر، سەرئەنجام ئاو دەکاتە ئاشی نەتەوە سەردەستەکانی ئەو دەوڵەتانەوە کە کوردستانیان داگیرکردووە. بۆیە لە هەر بەشێکی کوردستان هەر دەرفەتێک بەناوی ئاشتی، بەناوی بەشداریی کورد لە پڕۆسەی حوکمڕانی هاتەپێش، دەبێت کورد وەک وێستگەیەک بۆ گەیشتن بە چارەسەرە ڕیشەییەکە کەڵکی لێوەرگرێت، نەک وەک چارەسەر بیبینێت، چونکە ئەگەر ئامانجە ستراتیجییەکە سەربەخۆیی نەبێت، لە هەر وێستگەیەکی کاتیدا بەشێک لە خەسڵەتی کێشەکەی لەدەست دەدات و دواجار بەپێی تێپەڕبوونی کات شتێک نامێنێتەوە بەناوی کێشەی کورد. [1]