ناونیشانی بابەت: بە سیاسیی کردنی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی
ئامادەکردن: #فرسەت سەید شکور#
دوا بەدوای ڕووخانی ڕژێمی #بەعس# لە 9ی نیسانی 2003، کورد وەکوو کارەکتەرێکی سەرەکی، ڕۆڵی ئەرێنییان لە دووبارە بنیاتنانەوەی ئێراقی فیدراڵ و لە یەکخستنەوەی نێوماڵی عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننەدا گێڕاوە، بە شێوەیەک، وەک ھاوکار و ھاوبەشێکی سەرەکیی ئەمریکا و سەرکردە ئێراقییەکان دەرکەوتن و ئەو دەوڵەتە لەتبووەیان لە بناغەوە بووژاندەوە و خستیانەوە سەر ڕاستەڕێی تا ڕادەیەک جێگیر، بە بەراورد بەو دۆخەی تێپەڕیبوو.
لەدوای دوو ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لە ساڵی 2005 کورد دووبارە ڕۆڵی سەرەکیی گێڕا لە دووبارە نووسینەوەی دەستووری نوێی ئێراق، بە شێوازێک کە زامنی مافەکانی سەرجەم نەتەوەکانی ئێراق بکات، لەنێوانیشیاندا کورد، کە تێیدا مافی خۆبەڕێوبردن و مافی بەڕێوبردنی سامانی سرووشتیی لە کوردستانی پێ دەدات، هەروەک لە مادەی 111 ئاماژە بەوە دەکات کە نەوت و غاز سامانی هەموو خەڵکی ئێراقە، لە هەموو هەرێم و پارێزگاکان.
بۆیە کورد وەک بەشێکی سەرەکی لە ئێراقدا، مافی خۆیەتی کە بەپێی هەمان مادە و هەروەها ماددەی 112 بەندی دوو، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، حکوومەتی فیدراڵی، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان، پێکەوە سیاسەتی ستراتیژی پێویست بۆ پەرەپێدانی نەوت و غاز دابڕێژرێ، بە شێوەیەک، کە زۆرترین سوودی لێ وەربگرێت، پاشان تەکنیکە پێشکەوتووەکانی بنەماکانی بازاڕ و هاندانی وەبەرهێنان.
=KTML_Bold=لەبارەی نەوت و غازەوە:=KTML_End=
لەو سۆنگەیەوە، حکوومەتی هەرێمی کورستان لەژێر ڕۆشنایی ئەو ماددانە، یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی دەرکردووە، کە ڕەنگدانەوەی دەستووری ئێراقی فیدراڵ بێت و لە ساڵی 2007، پەڕڵەمانی هەرێم دەنگی لەسەر داوە کە توانیویەتی سەرنجی کۆمپانیا بیانییەکان ڕابکێشێت، ئەوەش سەرەڕای جیاوازیی جوگرافی و جیۆفیزیکیی هەرێمی کورستان، بۆ وەبەرهێنانی نەوت و غاز.
لە کاتێکدا حکوومەتی ئێراق نەیتوانیوە وەک پێویست مامەڵە لەگەڵ وەبەرهێنان و گەشەپێکردنی کێڵگە نەوتییەکانی ئێراق بکات، بەپێچەوانەی حکوومەتی هەرێم. هەر بۆیەش، بەردەوام بووە لە هەوڵدان بۆ لەناوبردن، یاخود شکستپێهێنانی ئەو گەشە ئابووری و ساقامگیرییەی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە چەند ڕێگەی جیاواز، ھەر لە بڕینی بودجە و مووچەوە، تا ھێرشی سەربازی. ئێستاش دوایین کارتی فشاری ئێراق؛ بابەتی بەدەستووری نەکردنی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانە.
حکوومەتی ئێراق باش دەزانێت، تا نەوتی کوردستان لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بازاڕەکانی جیهان ساغ بکرێتەوە، ئەستەمە بتوانێت ھیچ مەترسییەک لەسەر ئەو قەوارە دەستوورییە درووست بکات کارت لە دژی هەرێم بەکار هێناوە، بەهەرحاڵ سەڕەرای فشارە نادەستووریی و نایاساییەکانی ئەم بە ناو دادگەیە، هێشتا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو و سازان و گفتوگۆدا لە هەندێک بابەتدا کە سیاسیین نەرمی نوواندووە، کەچی هێشتا ئەوان پەل دەهاون بۆ هەنگاوی ناڕێک و پڕ لە تەعەسووب دژی هەرێمی کوردستان.
=KTML_Underline=جیاوازی ئێراق و هەرێمی کوردستان=KTML_End=
لە #هەولێر# هەزاران ھاوڵاتی باشوور و ناوەڕاست خانوو و شوققە دەکڕن، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ سەقامگیری و بەرەوپێشچوونی هەرێم لە هەموو ئاستێکدا. ئەگەر بەسادەییش بەراورد بکەین، ئەو گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانەی لە ئێراقدا دەکرێت، زۆر زیاترە لە هەرێمی کوردستان، بەڵگەش، بەراوردکردنی شارەکانی هەرێمی کوردستانە بە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری ئێراق، کە جیاوازییەکی ڕوونە بۆ هەموو لایەک.
=KTML_Bold=ئێراقی نوقومی گەندەڵی بووە، دادگەی فیدڕاڵی لە کوێیە؟=KTML_End=
سەروەت و سامانی نەوتی ئێراق و ئابوورییەکەی، وایکردووە ئێراق تووشی گەندەڵی و کەڵەکەبوونی سامانی بێ ڕاددە بێت.
لە ساڵی 2004 تا 2009 (وەزارەتی نەوت) نزیکەی یەک ملیار و نیو دۆلاری لەدەستدا بەهۆی زیادبوونی نرخ و کەمی دابینکردن
ھەروەھا “بڕی پارەی ئەو زیانانەی کە وەزارەتی کارەبا لەنێوان ساڵانی 2003 بۆ 2011 لە ئەنجامی دزینی نەوت لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتەکە بە 200 ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا مەزەندە دەکرێت” بە هەمان شێوە، گەندەڵی لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبادا مەزەندە دەکرێت کە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە بڕی 4-6 ملیار دۆلار لەنێوان ساڵانی 2003 و 2020، بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی گرێبەستی پادکراو و کڕینی ئامێری گرانبەهای نەگونجاو ئایا دادگەی فیدراڵی لە هیچ یەک لەم کەیسانەی کۆڵیووەتەوە؟
=KTML_Bold=ھەنگاو و ئامانجەکانی بەغدا دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان=KTML_End=
لە ماوە چەند ساڵی ڕابردوودا بە ئاشکرا و ڕوون دەردەکەوێت کە حکوومەتی فیدراڵی چەندین هەنگاوی ئاشکرای ناوە، بۆ نموونە، لە ساڵی 2014 بێ ویژدانانە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، بۆ ئەوەی خەڵک لە دژی حکوومەتی ھەرێم ھان بدات و ئەم قەوارەیە لەنێو بچێت. هەروەها لە شەڕی تیرۆریستانی #داعش#، حکوومەتەکەی حەیدەر عەبادی، نەیهێشت چەک و تەقەمەنی و یارمەتیی سەربازی و دارایی بگاتە هەرێمی کوردستان. عەبادی مەبەستی بوو لەم ڕێگەیەوە توانا سەربازییەکانی ھەرێم لاواز بکات، تاوەکوو بەئاسانی بکەوێتە دەست داعش، کەچی دەرەنجامەکان پێچەوانە بوونەوە، پێشمەرگە توانییان ئەفسانەی داعش تێکبشکێنن هەروەها لە 16 ئۆکتۆبەری 2017 لە ڕێگەی داگیرکاریی ئاشکراوە، ھەوڵیان دا ئەم قەوارەیە لەنێو ببەن و بە یەکجاری بیسڕنەوە، بەڵام پێشمەرگە لە داستانی پردێ و سحێلا، بەرانبەر پیلانی ئەوان و وڵاتانی (ئیقیلمی) وەستایەوە و ئەم ھەوڵەی لەنێو برد.
ئێستاش بەناوی دادگەی فیدڕاڵییەوە هەڕەشە و مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان درووست دەکەن، بۆ ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕادەستی ئیرادەی ئەوان بێت، بێگومان ھەرێمی کوردستان ئەزموونی لەگەڵ فێڵ و پیلانی نەیارانیدا ھەیە و لەمەشدا سەرناکەون.
=KTML_Bold=دەرەنجام:=KTML_End=
قەوارە هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی یاسایی و دەستووریی دانپێندانراوی نێودەوڵەتییە، وڵاتانی جیهان و ناوچەکەش بەشێوەیەکی گشتیی خوێندنەوەیان بۆ پێگە و کاریگەریی هەرێم هەیە، جیاوازییەکانیش دەبینن، لە ڕاستیدا دادگەی فیدڕاڵی کە خۆی بە بڕیارێک درووست بووە و شەرعیەتی یاسایی ئەوتۆی نییە، لەبری بڕیاری ڕک ئاسایانە بەرانبەر هەرێمی کوردستان، گرنگە لەو سەدان هەزار کەیسە گەندەڵییانە بکۆڵێتەوە کە لە ئێراقدا هەن، یاخود مامەڵەی گرووپە میلیشییانەی کە بە یاسا ڕێکخراون و مەبەستیان تێکدانی هەر تەوافق و ڕێککەوتنێک بێت لەنێوان حکوومەتی ئێراق و حکوومەتی هەرێمدا هەنگاوی بۆ دەنێن. [1]